ئامانجى من دروستبوونى شانۆى کوردییە، نەوەک ناوبانگ دەربکەم و بڵێم من ڕابەرم
ئەو دارەى کە من چاندم، ئەمڕۆ دەبینم سیس دەبێتەوە و هیچیشم بۆى پێناکرێ
ئیمانم بە سەندیکا و رێکخرا و مێکخراوى هونەرمەندان نییە، پێشتر ئەوانە نەبوون، بەڵام هونەر هەبوو، ئێستا ئەوان هەن، کەچى هونەر نییە
زانا دڵشاد دزەیى: هونەرمەند تەڵعەت سامان یەکێک لە دیارترین شانۆکارەکانى کوردە و یەکەم هونەرمەندى هەولێرە، کە دەقى شانۆیى نووسیوە و توانى یەکەم شانۆگەرى کوردى لە تەلەفزیۆنى بەغدا بە ناوى (نەفرەت لێکراو) تۆمار بکات، ئەو خاوەنى 63 بەرهەمى شانۆیی و درامیە، بەرچاوترینیان دراماى (کەوەکانى قەرەچوغ) و (سێ کەللەپوچ) کە لەسیناریۆى دەرهێنانى تەڵعەت سامانن… سامان لەلایەن زۆر لە شانۆکارانەوە “ڕابەرى شانۆى هەولێر”ـى پێبەخشراوە، بەڵام بارودۆخى ئێستاى شانۆ لە کوردستان ئەوى تووشى نامورادى کردووە و ماوەیەکە دوورەپەرێز وەستاوە، تەنانەت چەندەها ساڵە چاوپێکەوتنى رۆژنامەوانیشى نەکردووە، چونکە ئەو دەڵێت “تاڕادەیەک تووشى نامورادى بووم، ئەو رواڵەتە شانۆییە پێشمەرگەیانەى کە هەبوو، ئەو عەشق و دڵسۆزى و حەماسەتەى بەر لە ڕاپەرین هەبوو، ئێستا واهەستدەکەم بەرەو پاش دەڕوات، منیش وەک باوکێک زۆرم پێناخۆشە و دڵتەنگم، کە کۆرپەکەم نەخۆشە و ئەو دارەى کە من چاندم، ئەمڕۆ بە زەقى چاوەکانم دەبینم هێدى هێدى سیس دەبێتەوە و هیچیشم بۆى پێناکرێ”. لەو دیمانە تایبەتەى لەگەڵ (سڤیل) هونەرمەند تەڵعەت سامان وەڵامى چەندین پرسیار دەداتەوە و هۆکارى دوورەپەرێزى خۆیشى لەشانۆ ئاشکرا دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: وەک دەزانین دوانزە ساڵە چاوپێکەوتنى رۆژنامەوانیت نەکردووە، لەبەرچى رازى بووى ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئێمە بکەى؟
تەڵعەت سامان: ئاخر تۆ وازت لێ نەهێنام، ڕاستى هەستیشم کرد کارەکەى خۆت خۆشدەوێ، زۆر بە حەماسەتەوە کارەکەى خۆت وەرگرتووە، گەنجێکى حەروکى، لەبەرئەوە رازى بووم.
زانا دڵشاد دزەیى: ناوى سامان لە چییەوە هاتووە، ئایا باوکت ناوى سامانە؟
تەڵعەت سامان: نەخێر باوکم ناوى (مامەکەریم)ـە، بەڵام کاتى خۆى باپیرم و مامەکانم لە لادێ ژیاون، زوو زوو سەردانم دەکردن و ئیدى لە سەرجەلەى خۆمانم پێچییەوە، پیرەپیاوێکى بە تەمەن پێیگوتم: شەشەم و حەوتەم باپیرمان ناوى سامان بووە، ئیدى من لەوەوە ئەو سامانەم وەرگرت، کە من وەرمگرت، ئیدى براکانم و خزمەکانیشم وەریانگرت و بووە نازناویان.
زانا دڵشاد دزەیى: لە ساڵى چەند و لە کوێ لە دایکبووى؟
تەڵعەت سامان: لە ساڵى 1946 لە گەڕەکى سەعدوناوە لە دایکبووم، گۆڕەپانى منداڵێتیم سەعدوناوە و تەعجیل بوو، ئەو دوو گەڕەکەش گەڕەکى کورەچیان بوو، ئەوکاتەش نەخوێندەوارى باوبوو و کەم کەس دەچووە قوتابخانە، زۆربەى منداڵەکان ئیشیان دەکرد، هەتا ئەوانەشى کە دەچوونە قوتابخانە لە کاتى پشوو کاریان دەکرد، یەکێک لەوانە من، لە پشووى خوێندن دەچووم کارم دەکرد.
زانا دزەیى: چ ئیشێکت دەکرد؟
تەڵعەت سامان: ئەوەى لە بیرم بێ شاگردى خەیاتى و شاگردى ئاسنگەرى بوومە.
زانا دڵشاد دزەیى: قۆناخى منداڵێتیت چۆن بەڕێکرد؟
تەڵعەت سامان: بەڕاستى منداڵى خۆم زۆر خۆش تێپەڕاند، چونکە کوڕە گەورەى باوکم بووم. دوو دایکیشم هەبوو، دایکم غوربەت خواى لێخۆش بێ، دایکم پەروین، من کوڕى دایە غوربەت بووم، بەڵام زڕدایکەکەشم بەقەت دایکم منى خۆشدەویست، باوکم و هەردوو دایکەکەم حیسابێکى تایبەتیان بۆ دەکردم، هەرچەندە پێم ناخۆش بوو، ئیمتیازێکم هەبوو لەسەر براکانى ترم، بەڵام واقیعەکە ئەوهابوو.
زانا دڵشاد دزەیى: ئێوە لە دوو دایکان، چەند بران و پەیوەندیت لەگەڵ براکانت چۆنە؟
تەڵعەت سامان: 12 براین و لە دوو دایکیش یەک خوشکمان هەیە، چەندەها خوشک و براى دیکەم مردوون، من وەک تەڵعەت سامان براگەورەى هەموانم و بە گشتی هەمویان من بە براگەورەى خۆیان دەزانن و هەمویانم خۆشدەوێ، هەندێجار عاجزبوون دەبێ، بەڵام کێشەمان نەبووە و باوەڕیش ناکەم کەس لەگەڵ من کێشەى هەبێ.
زانا دڵشاد دزەیى: بارودۆخى مادیتیان چۆن بوو؟
تەڵعەت سامان: بارودۆخمان باش نەبوو، بەڵام لەچاو براکانى ترم، من زیاتر پشتگیرى دەکرام لە رووى مادییەوە، بەڵام ئەوەشم هەبوو، هاوینان ئیشم دەکرد و پارەکەش بۆ خۆم بوو، هەڵمدەگرت بۆ کاتى قوتابخانە.
زانا دڵشاد دزەیى: لە منداڵێتیتدا حەزت لەچ شتێک بوو؟
تەڵعەت سامان: هەموو جۆڕە وەزرشەکانم دەکرد، لە گەڕەکەکەى خۆمان هەموو جۆرە یارییەکم کردووە، هەتا مەلەوانیش، وەختى زستانان کە باران دەبارى، لە گەڕەکى (کوران) قۆرت هەبوون و پڕدەبوون لەئاو، ئێمە دەچووین لەوێ مەلەوانیمان دەکرد، من هەر لەوێدا فێرى مەلەوانى بووم. کە تەمەنم گەیشتە قۆناخى هەرزەکارى بە حوکمى ئەوەى سینەماى (حەمرا) و (سەڵاحەدین) لە ماڵى ئێمە زۆر نزیکبوون، زۆر دەچووم بۆ سینەما، هەتا مومەسیلەکانى ئەو سەردەمە، کە ئەستێرەکانى هۆڵیوود بوون، هەمویانم دەناسى و زۆر چێژم لە سینەما وەردەگرت، هەروەها زۆر گوێم لەئێزگەى بەغدا و ئێزگەى کرماشان ڕادەگرت، ئەو وەختە شەوانە تەمسیلاتیان پێشکەش دەکرد. ئیدى دواى ئەوە هێدى هێدى روومکردە خوێندنەوە و بایەخدان بەبوارى رۆشنبیرى و هونەرى، ئەگەر هەڵەنەبم، لە ساڵى 1961 دەستم بە شیعر نووسین کرد، پاشان هەر لەژێر کاریگەرى ئەو فیلمانە و تەمسیلاتەکانى ئیزاعە، یەک دوو چیرۆک و تەمسیلى ئیزاعیم نووسى.
زانا دڵشاد دزەیى: تێگەیشتنى بنەماڵەکەتان لەسەر هونەر چۆن بوو؟
تەڵعەت سامان: باپێتبڵێم، دایکم لەگەڵ باوکم، هەروەها باوکى بابم و دایکى داکیشم ئەوانە زۆر حەکایەتى فۆلکلۆرى و پەندى پێشینان و شیعریان لەبەربوو، بیرم دێت کە من دەچووم بۆ لایان حەکایەت و شیعریان بۆ دەگوتم، هەتا باپیرم بەشیعر لەسەردەمى عەبدولحەمید هەتا ئەو وەختەى کە تێیدا ژیا، هەمووى ئاگاداربوو و بە شیعر بۆى باس دەکردم. راستە لە ماڵى ئێمە رۆشنبیرییەکى هونەرى نەبوو، بەڵام زارەکى زۆر موتابەعەیان هەبوو، راستى باوکم کاریگەرى زۆرى بەسەرمەوە هەبوو، هەتا لە رووى سیاسیش، کابرایەکى زۆر نەتەوەپەرست و دڵسۆز بوو، بەڕادەیەک لە ساڵى 1974 ماڵ و منداڵى خۆى جێهێشت و چووە شاخ و بووە پێشمەرگە.
زانا دڵشاد دزەیى: باوکت حەزى دەکرد ببیت بە هونەرمەند، یاخود کە بڕیارتدا لەئەکادیمیاى هونەرە جوانەکان بخوێنى، لەماڵەوە کێشەت بۆ دروست نەبوو؟
تەڵعەت سامان: بەڵێ کێشە دروست بوو، راستى باوکم عەشایەر بوو، راستە مفەوەزی شوڕتە بوو، چاوکراوەش بوو، بەڵام کەلتوورێکى عەشایەرى هەبوو، لە ساڵى 1965- 1966 کە من چوومە ئەکادیمیاى هونەرەجوانەکان بە باوکمیان گوتبوو: ئەوە کوڕت دەبێتە چاوەش و ئەو کولیەى ئەو هەڵیبژاردوە کولیەى دمبکچى و شایەر و ئەو شتانەیە، ئیدى باوکم توڕەبوو، گوتى: ئەگەر نەگەڕێیەوە کوردستان و واز لەو کولیەى دمبکچى نەهێنى من چیتر پارەت نادەمێ.. من ئەمجارە بە قسەى باوکم نەکرد، فیعلەن باوکم چیدى پارەى نەدامێ، بەڵام هەردوو دایکەکەم بەدزى باوکم پارەیان بۆ دەناردم تا کولیەکەم تەواو کرد، پاشان کە تەخەروجم کرد، دەستم بە کارى شانۆگەرى کرد، ئەو وەختە لافیتاتى شانۆگەرى دەنوسرا، ئەو شانۆگەرییە لە نووسینى فلان کەسە و دەرهێنانى فلان کەسە، دیاربوو برادەرێک چووبووە لاى باوکم پێیگوت: مامەکەریم دیارە کوڕەکەت شەرمى بەخۆیە ناوى تۆ بنوسێت؟ باوکیشم پێیگوتبوو: کوڕەکەم منى خۆشدەوێت، چۆن ئەو قسەیە دەکەى؟ کابراکە گوتى: نائەگەر تۆى خۆش بوێت، نانووسی تەڵعەت سامان، دەنووسى تەڵعەت مامەسامان.. ئەو قسەیە لە دڵى باوکم مابووەوە، کە هاتمەوە ماڵ بینینم عاجزە، هەر قسەیەکم کرد و توڕەبوو، گوتى: ئەوە تۆ ئیحترامى من ناگرى، من بە باوکى خۆت نازانى؟ منیش گوتم: باوکە تۆ گەورەى منى قوربانت بم.. گوتى: ئەگەر من بە باوکى خۆت بزانى، دەنووسى تەڵعەت مامەسامان.. گوتم: بەخوا ئیتر لەمەودوا دەنوسم تەڵعەت مامەسامان، دواى باسکردنى رۆڵى شانۆ لەپێشکەوتنى کۆمەڵگا، لەوەزعەکە تێگەیشت و خۆى بەمن هەڵدەکێشا.
زانا دڵشاد دزەیى: یەکەم شانۆگەریت (نەفرەتلێکراو) بوو؟
تەڵعەت سامان: بەڵێ یەکەم شانۆگەریم کە نووسیم و نمایشم کرد (نەفرەتلێکراو) بوو، ئەویش بۆ وەرگرتنى بڕوانامە بوو، کە تائێستاش باوە دەبێ قوتابیانى قۆناخى چوار شانۆگەرى پێشکەش بکەن، دەبێ شانۆگەریەکەش جیهانى بێ، نەک خۆماڵى، چوومە لاى مامۆستا ئیبراهیم جەلال و سامى عەبدولحەمید و پێمگوتن: من کوردم و دەقێکم نووسیوە پێشکەشى بکەم، گوتیان بەکوردى؟ گوتم: بەڵێ، گوتیان بە کوردى نابێ و ئەسلەن دەقى خۆماڵى نابێ نمایش بکرێ، بەڵام تۆ مادام حەزت لێیە و گەنجى و ئێمەش دەمانەوێت هانت بدەین، تەرجومەى عەرەبى بکە، ئەگەر ڕامان لەسەر بوو نمایشى بکە.. دەقەکەم لەلایەن خوالێخۆش بوو سەیفەدین ئیسماعیل تەرجەمەى عەرەبى کرا و نمایشم کرد، ڕاستى سەرەتا کە شانۆگەریەکە دەستیپێکرد زۆر ترسام، کە سەرکەوتوو نەبم، چونکە ئەوانى تر هەموو شانۆگەرى جیهانییان پێشکەش دەکرد، ئەوانیش دەترسان، چونکە ئەوە ئیمتیحانە، بەڵام من دووجار دەترسام، کە نمایشەکە تەواو بوو، سەیرى مامۆستاکانى خۆم دەکرد و هەستمکرد بێزار نەبوونە، زوو خۆم گەیاندە مامۆستا ئیبراهیم و گوتم، ئوستاز رەئیەکم بدێ؟ گوتى: کوڕم بەردەوامبە.. کە ئەوەم بیست خەنى بووم.
زانا دڵشاد دزەیى: قۆناخى خوێندنت لەبەغدا چۆن بەسەربرد؟
تەڵعەت سامان: وەڵڵا خۆشمان بەسەر برد، ئەو وەختەى من لەبەغدا بووم، بەغدا زۆر خۆش بوو، نیمچە دیموکراتییەک هەبوو، ئێمە گروپێک بووین، ئەوەى کە دێتە بیرم من و مامۆستا مەحمود زامدار و فەرهاد شەریف و عەبدوڵڵا حەداد و ئەحمەد تاقانە و کۆمەڵێک کەسى تریش، پاش ئەوەى کە دەوام تەواو دەبوو، دەچووینە (متعەم ئەربیل)، ئیدى یان دەچووینە مەسرەحییەک یاخود دەچووینە پێشانگایەک، هەروەها دەچووینە سینەما، دائیمەن کە بڕیارى ئەبو نوئاس و سینەمامان دەدا، ئەو وەختە لەڕێگا جۆرەها کتێب دادەنرا و بە نرخێکى زۆر هەرزان، جارى واهەبوو ئەو پارەى کە بۆ سینەما دامنابوو، کتێبێکم پێ دەکڕى و دەگەڕامەوە، پێیان دەگوتم: مەگەڕێوە ئێمە پارەت بۆ دەدەین، دەمگوت: نەخێر دەچم کتێبەکە دەخوێنمەوە، هەر بەمجۆرە کتێبخانەیەکى باشم دانا.
زانا دڵشاد دزەیى: لەگەڵ خۆشەویستى چۆن بووى، دەڵێن مامۆستا تەڵعەت لەخۆشەویستیدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە راستە؟
تەڵعەت سامان: وەڵڵا خۆشەویستیم کردووە، بەڵام کە جیاش بووینەوە، من جیابوومەوە، بارودۆخەکە واڕێکەوت کە بکشێمەوە، بەڵام لەقۆناخى دڵداریم هیچ فکرم لەسەر زەواج نەبووە، وەک کوڕ و کچێک قسەى خۆشمان دەکرد و نامەمان دەگۆڕیەوە و شیعرم بۆى دەنووسى، بەڵام کە من لەساڵى 1974 ژنم هێنا، شۆڕشى کورد دەستى پێکردبۆوە، باب و زۆربەى براکانم رۆیشتن بۆ شاخ، وەزعى کورد زۆر خراپ بوو، ئەو وەختە تووشى رەشبینییەکى زۆر ببووم، نەمدەزانى چى بکەم، پێم وابوو ئیلا ئەگەر ژن بێنم، تۆزێک بارودۆخى دەروونیم باش دەبێ.
زانا دڵشاد دزەیى: هیچ نامەیەکى دڵداری ئەو وەختەت ماوە؟
تەڵعەت سامان: لەوانەیە مابێ، چونکە یەک فەردە ئەوراق و مەوراقى کۆنم هەیە، بەڵام ئێستاش دەفتەرێکم ماوە کە پڕى شیعرى سەردەمى دڵداریمە.
زانا دڵشاد دزەیى: یەکەم دەقى شانۆییت چى بوو؟
تەڵعەت سامان: پێشتر شانۆی بچووک بچووکم زۆر نووسیوە، نەماون، بەڵام لە ساڵى 1968 دەستم بە(مەم و زین) کرد، ئەدیب و نووسەرەکانى هەولێر دەیانگوت: باسى (مەم و زین) و (خەج و سیامەند) بکە، توراسى کوردى پڕى (مەم و زین) و (ڕۆستەمى زاڵە)، ئیدى من (مەم و زین)ـم نووسى، هەتا ساڵى 1974 پێنج شەش جار دەستکاریم کرد، هەتا ئاخیر سیغە لەشارى هەولێر پێشکەشم کرد، بەڵام یەکەم شانۆگەریم کە نووسیبم و نمایشکرابێ (نەفرەتلێکراو) بوو، یەکەم شانۆگەرى کوردییە لە تەلەفزیۆنى بەغدا تۆمارکرا.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆ یەکەم هونەرمەندى شارى هەولێرى، کە دەقى شانۆت نووسیوە، بەڵام بۆچى ساڵانێکى زۆرە بەرهەمت نییە؟
تەڵعەت سامان: هەتا ساڵى 2000 بەسەرەوە بەردەوام بووم و ناوناوە ئیشێکم کردووە، جگە لەوە زۆر پڕۆژەى تەتویرى ئیدارەى هونەرى، بۆ نەهێشتنى ئەو کێشانەى کە دێنە بەردەم هونەر و هونەرمەندان، پێشکەشى وەزارەتى رۆشنبیریم کردووە، بەڵام بەداخەوە هیچم بۆ نەکرا، چونکە زۆربەى زۆرى ئەو پڕۆژانە، وەزیر پێى باش بوو، بەڵام ئەوانەى خوارووى وەزیر بزریان دەکرد، هەر پڕۆژەیەک کە لەپێناو سیستەمکردنى ئیدارەى هونەرى بوو، هەموویان بزر دەکرد، کەسیش لێپرسینەوەى لەگەڵ نەدەکردن، بەڕادەیەک تووشى نامورادى بووم، لەم ساڵانەى دوایدا هەستمکرد هەر دەزگایەکى هونەرى ببووە دوکانێکى ئەو هونەرمەندەى کە خۆى مودیریەتى، واتا ناحیەى هونەرەکە رۆیشت، بەرهەمى هونەرى بەقۆنتەرات دەدرا، دوو سێ کەس ڕێکدەکەوتن بەهەر جۆرێک بێ، رەزامەندیان لەوەزارەت وەردەگرت، هەبوو ئەو بەرهەمەى دەفرۆشتەوە کەسێکى دیکە، پارەکەش نیوە بەنیوە، ڕاستى ئەو جۆرە کارانە بەمن ناکرێ و تووشى ئەو پەڕى نامورادى بووم، پێم وابوو دوورەپەرێز بوەستم باشترە، من تەبیعەتێکم هەیە وەختى خۆیشى ئەگەر لەمەسەلەیەکدا هەڵەیەک هاتبا ئاراوە، من بەشداریم لەهەڵەکەدا نەدەکرد و خۆم ڕادەگرت، بۆیە کەى بوار رەخسا و بوارەکە پاک و بێگەرد بوو، لەوانەیە ئیش بکەمەوە.
زانا دڵشاد دزەیى: گەشبینى بەوەى کە بارودۆخەکە باشتر بێت، لەوەى کە هەیە؟
تەڵعەت سامان: ئومێدەوارم، هەندێ گەنج پەیدابووینە و یاخینە، ئومێدەوارم ئەو یاخیبوونەیان هەر لەپێناو یاخیبوون نەبێ، بەڵکو لەپێناو بینا بێ و روحێکى نوێ بدەنەوە بەشانۆى کوردى.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەى بۆچى ئێستا دەقى شانۆیى نانووسى؟
تەڵعەت سامان: ئێستا ئەگەر بنوسم زۆر توڕەم، ئینسان کە توڕە بوو باش نییە شت بنووسێ، بەڵام نامەوێ لەکاتێک بنووسم کە لەرووى سایکۆلۆژییەوە ئامادە نەبم، ئەوەندە سلبیات زۆرە ئینسان نازانێ باسى چى بکات، دەترسم زۆر باس لەو سلبیاتانە بکەم و کاریگەرى لەسەرتاپاى قەزیەى کوردى بکات، ڕاستى ئەوەشم پێخۆش نییە، چونکە شانۆ بەشێکە لەبینائى کۆمەڵگە و دەوڵەت.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڵام ئەگەر ئێستا دەقێکى شانۆیى بۆ رۆژگارى ئەمڕۆ بنووسى، باسى چى دەکەى؟
تەڵعەت سامان: باسى گەندەڵى و مەحسوبیەت و خزمایەتى و، کوڕە! بازرگانى بەهونەریش دەکەم، بەڵام بەداخەوە زۆرکەس هەیە ئێستا لەسەر گەندەڵى دەنووسى، تەنیا بۆ ئەوەى میللەتى کورد و دەزگاکانى حکومەت ریسوا بکات، من لەکاتێکدا ئەگەر لەسەر گەندەڵى بنوسم لەرووى بیناوە دەنوسم، کێ گەندەڵە دەستنیشانى دەکەم، نەک هەموو دەزگایەک بەگەندەڵ وەسفبکەم.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى لەکارەکانت زۆرتر ئیشت لەسەر دەقى خۆماڵی کردووە؟
تەڵعەت سامان: من کە هاتمە ناو دنیاى شانۆ ویستم شتێکى باش بۆ کورد دروستبکەم، چونکە پێشئەوەى بێینەوە کوردستان شتێکى وا بەهێزى شانۆیى نەبوو، راستە هونەرمەند هەبووینە دڵسۆزانە کاریان کردووە، بەڵام وەک پڕۆگرام نەبووە، زیاتر شانۆگەرییەکان لەیادى نەورۆز و بۆنەکانى قوتابخانە، شانۆگەرى پێشکەش دەکرا، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک هونەرمەندبووین، کە لەبەغدا تەخەروجمان کرد، بڕیارى ئەوەماندا شتێک بۆ کورد دروست بکەین، ئیدى من بەهرەشم هەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا دەچووم بۆ سینەما، زۆریش کتێبى مێژووییم لەسەر کورد دەخوێندەوە، ئیدى هەموو ژیانى خۆم تەرخانکرد بۆ ئەوەى بتوانم لەڕێگەى هونەرى شانۆ خزمەت بەمیللەتى خۆم بگەیەنم و هونەرێک بهێنمە ناو ئەدەب و هونەرى کوردى کە نوێ بێ. سەرەتا زۆر بەترس و لەرزەوە دەمنووسى، هەر شانۆگەرییەکم نووسى بێ، پێنج ساڵ لەمێشکمدا جەنجاڵى کردووە.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى رۆڵت نەبوو لەدروستبوونى سەندیکا و رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان؟
تەڵعەت سامان: لەبەر ئەوەى ئیمانم بەسەندیکا و رێکخراو و مکێخراوى هونەرمەندان نەماوە، سەردەم سەردەمى عەولەمە و ئینسانى فەردە، وەختى خۆى هیچ سەندیکا و رێکخراوێک نەبوو، بەڵام هونەر هەبوو، ئێستا دەیان رێکخراو و تیپ و کۆمەڵە و بەزم و هەرا هەیە، کەچى هونەرێک لەئارادا نییە.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەى ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ دامودەزگا هونەری و رۆشنبیرییەکان چۆنە؟
تەڵعەت سامان: خراپە، ئەوانیش لەگەڵ من خراپن، ئەوان بەجۆرێک بیردەکەنەوە، من بەشێوەیەکى دیکە بیر دەکەمەوە، من هیچ گلەییەکم لەوەزیرى رۆشنبیرى نەبووە، دەڵێن وەزیر بەرپرسیارە و دەبێ وابکات و وابڕیار بدات، بەڵام من دەڵێم نەخێر، هەر بینایەک بناغەى پتەو نەبوو، فشەیە. لەساڵى 1992 کە حکومەت دامەزرا، یەکێک لەئارەزووەکانى من ئەوە بوو، خەڵکى نوێ لەدامودەزگاکان دابنێنن، ئەو کەسانە دانەنێن کە شارەزایان هەیە لەکاروبارى ئیدارى، ئەوانەى کۆن ئیشراف بکەن، بەڵام خەڵکى نوێ دابنێنن بافێربن، چونکە ئەوانەى کۆن فێرى شتى سلبیات بووینە، بۆ ئەوە لەدائیرەن تاکو ئیسفادە بکەن، نەک ئیستیفادە بگەیەنن، جا بەداخەوە ئەو جۆرە کەسانە تائێستا ماون، ئەوەندەى بۆیان بکرێ، رێگە نادەن هیچ پڕۆژەیەکى زانستى و سیستەمى بەڕێوەبچێ.
زانا دڵشاد دزەیى: بەپێى زانیارى ئێمە، دراماى کەوەکانى قەرەچوغ 17 ئەڵقە بوو، کە لەلایەن تۆوە سیناریۆ و دەرهێنانى بۆ جێبەجێ کرا، بۆچى تەنیا 8 ئەڵقەى لێ بەرهەمهات، بۆچى نەتانتوانى تەواوى بکەن؟
تەڵعەت سامان: یەک لەو هۆیانەى کە تووشى نامورادى و دوورەپەرێزى کردم، تەواو نەکردنى دراماى (کەوەکانى قەرەچوغ) بوو، ئەو درامایە ڕانەگیرا، بەڵکو خۆم ڕامگرت، چونکە سەرکردەیەکى عەسکەرى کە دەچێتە جەبهە دەبێ سەربازى باش و لێهاتوو لەگەڵ خۆى ببات، بەداخەوە هەندێ لە هونەرمەندەکان ئەو سەربازە نەبوون من لەگەڵیان بچمە شەڕ و هەموو ئەڵقەکان تۆمار بکەین، زۆر ئیزعاجیان دەکردم و راپۆرت لەسەر راپۆرت دەدرایە ئەو دەزگایەى، کە بەرهەمهێنانى دراماکەى گرتبووە ئەستۆ، ڕۆژێک راپۆرت دەنوسرا “ئەو درامایە دژى ئاغایە”، جارێکى دى دەیانگوت “ئەوە دژى مەلایە”، هەر دەمتوانى وەڵام بدەمەوە کاکە وانییە، ئێمە بەشەو لەگوندى (پیرڕەش و بەحرکە) دەماینەوە، جارى واهەبوو دە ڕۆژ لەو گوندە دەماینەوە، هەندێ هونەرمەندمان لەگەڵ بوو دەیانگوت: جگە لەنانخواردن دەمانەوێ بخۆینەوە، لەکاتێکدا کۆى گشتى بودجەى دراماکەش بڕى 35 هەزار دینارى سویسرى بوو، ئەو وەختەتەش گرانى بوو، ئەو پارەیە نەیدەکرد هیچ، سەدان کێشەم بۆ دروست بوو، بەڵام من توانیم بەو پارە کەمە ئیشەکە بکەم، هەتا حەوت ئەڵقەم کرد، هیچ تاقەتم نەما و وازم هێنا، بەڵام لەسەر داواى برادەران و فشارى ئەولا و ئەملا، هەشتەم ئەڵقەم رێکخست و نیمچە کۆتایەکیم دایێ و دراماکەم تەسلیم کرد.
سیناریۆى (کەوەکانى قەرەچوغ) هى ئەمڕۆ نییە، لەساڵى (1973)ـەوە نووسیومە، چەندینجار پڕۆڤە کراوە، کەچى رەفزمان بۆ دەهاتەوە، بەڵام ئەمجارە رەفزمان بۆ نەهاتەوە، هونەرمەندەکان خۆیان بارودۆخەکەیان تێکدا.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆ باسى مەلات کرد، دەڵێن گوایە ئەو وەختە مەلایەکى گوندى پیرڕەش خوتبەیەکى رۆژى هەینى لەسەر ئێوە خوێندۆتەوە و داواى کردووە گوندەکە جێبهێلن، ئەوە تاچەند راستە؟
تەڵعەت سامان: ئەوە راستە، دڵپاک خانمان لەگەڵدا بوو، کە لەدراماکە رۆڵى دایکى کاکلى وەرگرتبوو، ڕاستى ئەو ئافرەتە زۆر خزمەتى کردین، رووى سپى بێ، وێڕاى ئەوەى لەدەورى خۆى ئیبداعى کرد، چێشت و خواردنیشى بۆ ئامادە دەکردین و لەگەڵمان زۆر ماندووبوو، ئەوجا لەوێ جۆگەیەکى ئاو هەبوو، دڵپاک خان چووبووە سەر ئەو جۆگەیە قاچى خۆى بشوات، دیارە کەمێک قاچى دیاربووە، وایان لەمەلاى گوندی گەیاندبوو، ئەوانە هاتوونە بەرووتى مەلەوانى دەکەن، مەلاکەش لەخوتبەى ڕۆژى هەینى قسەى کردبوو، ئێمەش چووینە لاى مەلا و گوتمان: کاکە ئەو ئافرەتە هاتووە قاچى خۆى بشوات، یەعنى کچەکانى خۆتان قاچیان ناشۆن؟ پاشان جلى شارى لەگەڵ جلى لادێ جیاوازە، ئەوە ماناى ئەوە نییە، کە ئێوە لێى تێگەیشتوون، پاشان لەگەڵ ڕیش سپیانى گوندیش قسەمان کرد، ئینجا هاتنە قەناعەت.
زانا دڵشاد دزەیى: لە (کەوەکانى قەرەچوغ) کام ئەکتەر لەهەموویان زیاتر، توانى سەرنجى تۆ راکێشێ؟
تەڵعەت سامان: ڕاستى لەزۆربەیان رازى بووم، شوکوروڵڵا لەدەورى قادر ئاغا ئیبداعى کرد، زاهیر عەبدوڵڵا لەدەورى جەوهەر ئیبداعى کرد، ئیبراهیم حەکیم و نەوزاد رەمەزان و غازى غەفوور و دڵپاک خان توانیان ئیبداع بکەن، هەرچەندە گلەییان لەسەر دەورى نەوزاد رەمەزان هەبوو، کە دەورى کاکلى وەرگرت، دەیانگوت: تەمەنى گەورەیە و زۆر رووتە و موتەیە.. منیش گوتم: ئەوە درامایەکى عاتفى نییە گەنجێکى قۆز و رێکوپێک هەڵبژێرم و حەز لەکچى ئاغا بکات، یەکەم شت خۆشەویستى بەروخسار نییە، بەڵکو بەدڵە، دووەم کابرایەکى فەلاحى قوڕبەسەرى تاق و تەنیا دەبێ چۆن بێت؟ بێگومان دەبێ جلەکانى زۆر خراپ بێ و دەموچاوى ماندووبێ، بۆیە دەورى کاکلم دایە نەوزاد. ئەگەرنا دەمتوانى ئەکتەرێکى گەنج بێنم و پرجى ئاخیر مۆدەبێ، بەڵام ئەوە هەدەفى من نەبوو.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەو دوو بەرەکییە سیاسییەى لەکوردستاندا هەبووە و هەیە، چ کاریگەرییەکى بەسەر کارە هونەرییەکانت هەبووە؟ ئەى لەسەر شەخسى خۆت چ کاریگەرییەکى هەبووە؟
تەڵعەت سامان: بەڵێ رەنگى داوەتەوە، لەشانۆگەرى (سێدارە) و (پێکەنین و توڕەیى) باسم کردووە، لەزووەوە هەستم بەو کێشەیە کردووە، لەڕاستیدا کێشەى دووبەرەکى حیزبایەتى لەشانۆگەرى (نەفرەتلێکراو)ـەوە دەستم پێکردووە، سیراعى حیزبى ئەگەر لەسەر ئەساسێکى عیلمانى نەبێ، غەتەرە لەسەر قەومى کوردى، بەڵام من واهەست دەکەم ئەو سیراعە حیزبییە رەنگیداوەتەوە سەرتاپاى کارى هونەرى و سەرتاپاى کومەڵگەى کوردى، خەڵکى کرد بەدوو بەش، بەداخەوە زۆر ئینسانى نابودەلە و نامەعقول لەپێناو ئەوەى خۆى بدۆزێتەوە، ئەگەر لەم حیزبە جێگاى نەبووبایەوە حیزبەکەى دیکە دەیقۆستەوە، ئیدى لەو مەسەلەیە مرۆڤە ئینتیهازى و خۆپەرستەکان ئیسفادەیان لێکرد، بەڵام پێم وایە ئێستا سیاسەتمەدارنى کورد و ئەحزابەکانى کورد، هێدى هێدى دەگەنە ئەو واقیعەى نەهێلن، کە ئەو خیلافەى لەنێوانیاندایە کاربکاتە سەر جەماوەر. سەبارەت بەخۆشم، من بەئەنواع شکل ئیهتیام کراوم، یەک دەیگوت پارتییە، یەک دەیگوت یەکێتییە، یەکێکى دیکە دەیگوت شیوعییە، جارى واهەیە بەمنیان گوتووە بەعسییە، ئیحترامم بۆ زۆربەى حیزبە کوردییەکان هەیە، حیزبایەتى رێبازێکە بۆ گەیشتن بەئاواتى میللەتى کورد، بەس ئەگەر لەسەر ئەساسێکى عیلمى بڕوات.
زانا دڵشاد دزەیى: پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندان سەباح عەبدولڕەحمان و سەعدون یونس، چۆنە؟
تەڵعەت سامان: دائیمەن پەیوەندیمان باش بووە، خیلافمان هەبووە، خیلافى سیاسى و هونەریمان هەبووە، هەروەها خیلافى کۆمەڵایەتیشمان هەبووە، بەڵام پەیوەندیمان نەپچڕاوە و دائیمەن پەنجەرەیەکمان هێشتۆتەوە بۆئەوەى ڕۆژێک لەڕۆژان پێکەوە ئیشێک بکەین، خۆشم لەگەڵ هەردووکیان ئیشم کردووە.
زانا دڵشاد دزەیى: لەناو ئەکتەرەکانى هەولێر، موعجیب بەکام ئەکتەرى؟
تەڵعەت سامان: لەئەکتەرەکانى هەولێر موعجیبم بە (غازى غەفوور، نەوزاد رەمەزان، ئیبراهیم حەکیم، شوکروڵڵا شێخانى، سەلام کۆیى، شێرزاد پۆلیس)، کۆمەڵێ ئەکتەرى دیکەى زۆر باش هەن، بەڵام زیاتر ئەوانەى کە باسم کرد، دائیمەن کە ئیشم کردووە، ئەو ئەکتەرانەم هەڵبژاردووە، جگە لەوانەش کۆمەڵە گەنجێکیشیان لەگەڵ تێهەڵکێش دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى جگە لەکارى دەرهێنەرى وەکو ئەکتەریش دەرنەکەوتى؟
تەڵعەت سامان: سەردەم سەردەمى ئیختیساسە، لەئەوروپا دکتۆر هەیە تەنیا لەیەک کونەلوت پسپۆرە و تەداخولى کونەلوتەکەى دیکە ناکات، من دەمدیت لەکوردستان هونەرمەند هەبوو دەرهێنان و تەمسیل و دیکۆر و هەموو شتێک خۆى دەیکرد، باشە ئەگەر وابێ ئەدى هونەرمەندانى دیکە چۆن بواریان بۆ دەرەخسێ تەمسیل بکەن؟ من مادام بوارى نووسین و دەرهێنانم بۆ رەخسا، خۆم لەمەجالى ئەکتەرى دوورخستەوە، پاشان دەرهێنەر ئەگەر خۆیشى تەمسیل بکات، لەوانەیە هەم وەک دەرهێنان، هەمیش وەک تەمسیل فەشەل بهێنێ، بەڵام ئەگەر دەهێنەر خۆى یەکلابکاتەوە بۆ دەرهێنان، ئەکتەریش بۆ تەمسیلکردن، مەجالى ئیبداعەکە زیاتر دەبێ، هەروەها هەدەفى من ئەوە نەبووە ناوبانگ دەربکەم و بڵێم من رابەرم و من ئەوەم، هەدەفى سەرەکى من ئەوەبووە کە خزمەت بکەم، کارێک بکرێ بۆ دروستبوونى شانۆیى کوردى.
زانا دڵشاد دزەیى: لەو شانۆگەریانەى لەهەولێر نمایش دەکرێن، بۆچى وەک بینەرێک ئامادە نابی؟
تەڵعەت سامان: ئەو پرسیارە وەڵامەکەى تۆزێک قورسە، پێشتر ئامادە دەبووم و زۆر پشتگیرى گەنجەکانیشم دەکرد، بەڵام گەیشتمە ئەو باوەڕەى بچم و نەچم هەریەکە، شانۆگەرییەکان کاوێشکردنەوەیە و جاروبار نەبێ هیچ کارێکى نوێ نابینم. ئینجا نەک هەرمن، بەڵکو بینەر و رۆشنبیرەکان و ئەدیب و شاعیرەکانیش بەبیتاقە و نامەى مۆبایل داوەت دەکرێن و ناچن، شانۆگەرییەک 15 تا 20 ملیۆن دینارى تێدا سەرف دەکرێ و پەنجا کەس ناچێتە هۆڵەکە، یەک رۆژ نمایش دەکرێ، وەختى خۆى کە شانۆگەرییەکمان دەکرد، هەتا حکومەت نەیدەگوت بەسە، ئێمە هەر نمایشمان دەکرد و بەردەوام دەبووین.
زانا دڵشاد دزەیى: تائێستا سەفەرى هیچ وڵاتت کردووە؟
تەڵعەت سامان: تەنیا چوویمە وڵاتى سوریا و میسر، لەڕاپەڕینیش گەیشتینە ئێران، ئەویش هەر هەتا شارۆچکەى خانێ.
زانا دڵشاد دزەیى: لەحالى حازردا، چ ئارەزوویەکت هەیە؟
تەڵعەت سامان: لەرووى هونەرییەوە ئەو ڕۆژەى ساڵانى حەفتاکان و هەشتاکان و سەرەتایى نەوەدەکانیش سەرلەنوێ بگەشێتەوە. لەرووى ژیانى خۆشمەوە، وا منداڵەکانم پەروەردە کردووە، هیوادارم بتوانم کتێبەکانى خۆم بەشێوەیەکى رێکوپێک چاپ بکەم، هەروەها سەفەرێکى خاریج بکەم و ئەوروپا ببینم، مەسرەحى شکسپیر ببینم، بۆیەش حەزم لەوڵاتى بەریتانیایە، چونکە هەم منداڵەکانم لەوێن و هەمیش وڵاتى شکسپیرە، هەروەها شوێنە گەشتیارەکانى وڵاتانیش ببینم.