بورھان شێخ ڕەئوف
یەکەم جارو دواجاریش نابێت دەنگی ناسازی دەھۆڵی جەنگ و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە گشتی و عێراق و ئێران بە تایبەت ھەراسان بکات , ساڵانێکی درێژ(١٩٨٨_١٩٨٠) عێراق و ئێران مەتەرێزیان لە یەک گرتبوو تا پەلاماری سەربازی و ئاسمانی و شەڕی شارەکان و شەڕی کەشتی یەکان لە کەنداوو کارەساتی گەورەو قوربانی گەورە و وێران بوونی لە ڕادەبەدەری بەدوای خۆیدا ھێنا بەجۆرێک ھەزاران گوندو سەدان شارو شارۆچکە و مەزرالەگەڵ خاکدا یەکسان بوون , جگە لە کوژرانی سەدان ھەزار کەسی سڤیل و بێ دیفاع .
لە کۆتاییشدا جەنگ وەستا بێ ئەوەی سەرکەوتوو ژێرکەوتوو دیار بێت ئەوەی زیانی کرد گەلانی ھەردوو وڵات بوون ھەر دوای دووساڵ لە کۆتایی ھاتنی ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرە سەدام حوسەین دەوڵەتی کوەیتی دراوسێ ی داگیرکردلە ٢ ئابی ١٩٩٠ ئیتر لاپەڕەیەکی تر ی جەنگ دەستی پێکرد و کە دواتر ئابڵووقەی نێودەوڵەتی خرایە سەر عێراق کە لە شەڕنالەبارتر بوو ئەگەر جاران خەڵکی عێراق ھەر کوڕەکانیان لە جەنگ بوون و دەبوونە قوربانی ئەمجارە ھەموو گەلی عێراق سزادرا بەھۆی کردەوەکانی دکتاتۆرەوە.
بە ھەرحاڵ مێژووی شەڕەکانی ئەم وڵاتە بەقەد تەمەنی درێژە و ناکرێت لە وتارێکی کورتدا من ھەمووی بەیانکەم چونکە دوای ئەمەش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و ململانێکانی ناوخۆ و شەڕی تائیفی و ناوخۆ سەرھەڵدانی داعش کە پێشتر من زۆرم لە سەری وتووە تا لە ناوبردنی بیرەوەری گەلێکی خۆش نین ھیوادارم بڕۆن و نەیانبینینەوە .
ئەوەی دیسان بەگەرمی دەھۆڵ و تەپڵی شەڕی بۆ لێدەدرێ ململانێکانی ئەمریکا و ئێرانە کەلەم ڕۆژانەدا ڕووبەرێکی زۆری میدیاکانی بیسراو بینراوی جیھان بە گەرمی باسی لێوەدەکەن و پێدەچێت ئەمجارە ھەموو لێدوان و ململانێکانیان کە دوور لە سەر خاکی ئەو دوو وڵاتە لە شوێن وکاتی جیاوازدابەڕێوە دەچوون لەلایەن لایەنی سێ یەم و بریکارەکانیانەوە , ئەمجارە خۆیان ڕاستەوخۆ بەریەک بکەون کە کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.
بۆیە لە ئێستا ئاماژەکانی ئەو بەریەک کەوتنە لە ئاسۆەوە بە ڕوونی دیارە ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە داخستنی گەرووی ھورمز و جوڵاندنی ئەمریکا کەشتیگەلی جەنگی گەورەو بەرەو کەنداو و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ھەمانکاتدا دواڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی لە مەڕپابەند نەبوون ڕێککەوتننامەی (٥+١) بێگومان ململانێکان دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارتر .
ئەگەر چل ساڵی ڕابردووی پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لە ڕووبەرێکی خۆڵەمێشیدا ھەڵبەزودابەزی کردبێت وادیارە ئەمجارە ئەو ڕووبەرە کەم دەبێتەوە و بواری ھیچ مانۆڕو خۆلادانێک نابێت ئەو کات جارێکی تر دەردەکەوێت جەنگ چ ماَڵوێرانی یەکە و دەردەکەوێت کێ زەرەر مەندی گەورە دەبێت لەم جەنگەدا ؟
ھەر بۆیە گەلانی ئەم ناوچە گەرم و گرنگ و دەوڵەمەندو ستراتیجیە دەبێت ھەمیشە دەستیان لە سەر دڵیان بێت کەی شەڕ دەست پێدەکات و کەی کۆتایی دێت ؟
بۆ یە ئێستا ئەم ناوچە بە ھەستیارترین چرکەکانی تەمەنیدا دەڕوات لە دۆخێکدا ھەموو ڵ و ئۆردوو وسوپای ئەمریکا بە پێشکەوتووترین چەک و تەکنۆلۆجیا و ھێزەچەکدارەکانی ئێرانیش خاوەنی ئیدیۆلۆجیا و ئامادە بۆ مەرگ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان ڕوودانی ھەر ھەڵەیەک یان لێک تێ نەگەیشتنێک دەکرێت ئاگرێکی لێ بکەوێتەوە کە تەڕو وشک بە یەکەوە بسووتێنێت و گەلانی ناوچەکە بە تایبەتی ئێران بۆ سەردەمەی بەردین بگەڕێنێتەوە.
ماوەتەوە بڵێین ھەرچەندە ئەمریکا لە ئەزموونەکانی جەنگ لە ئەفغانستان و عێراق لە ئاکامدا ھەرچەندە ئەو وڵاتانەی داگیرکرد بەڵام دەستی سوور بوو بە خوێنی گەلانی ئەو وڵاتانەو ئابڕوو ھەیبەتی لە جیھاندا لەکەداربوو بۆیە ھەوڵ دەدات لە ڕێگای فشارو سزاو ئابڵووقەکانەوە ئێران ناچار بکات پابەند و ملکەچی مەرجەکانی بێت .