حەیدەر عەبدولڕەحمان : لە نێوەندی شانۆی کوردی دا ھەمیشە ئەو پرسیارە دووبارە دەبێتەوە , کە ئایا شانۆی گەنجان ئەمڕۆکە توانییوویەتی ببێتە ئەلتەر ناتیفی شانۆی نەوەی پێش خۆی, یا شانۆیەک ھەیە ناوی شانۆی نوێ بێت ویەکێکی تر شانۆی تەقلیدی ؟ بە شێوەیەک کە ھەردوکیان لە گۆڕەپانەکەدا بوونییان ھەبێت ؟
ئەگەر ئەو پرسیارانە بخەیتە سەر ئەرزی واقیع و لە گەڵ ھەلو مەرجی ئەمڕۆکەی شانۆی کوردی بەراوردییان پێ بکەیت , رەنگە لە دەرەنجامدا ھاوکێشەیەکت دەست کەوێت کە جێگەی نیگەرانی و تێرامان بیت , چونکە تەواو بە پێچەوانەی تەوژمی زەمەن و گۆرانکارییە خیراکان و دەرھاوێشتەکانی بێت ..
ئێستا ئەوەی پێی دەڵین نەوەی کۆنی شانۆیی بە تێکڕایی لە گۆڕەپانەکەدا بزرەو وای بۆ دەچێ کە ناتوانێت بەو توانست و دەسەڵاتەی ھەیەتی ئاوێتەی زەمەنی ئێستاکە بێت وبەو ئامرازە تەقلیدیانەی ھەیەتی بینەر لە خۆی رازی بکات , لە ھەمان کاتیشدا ساڵانی رابووردووی بێدەنگ بوونی دووچاری جۆرێک لە ئیفلیج بوونی کردووە کە نەتوانێت بەو ئیفلیجیە روو بە رووی بینەر و بەرەنگاری زەمەن بێتەوە ..
نەوەی کۆنی شانۆیی لە زەمەنی خۆیاندا و لەو قۆناغە پڕ لە تەنگژانەی بە سەریاندا رابوورد , توانییان شانۆ بۆ سەردەمانێکی دوورو درێژ بە زیندوویی رابگرن و بیکەن بە پەیامێکی ھونەریی و نەتەوەیی و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی , کە رەنگە شوێنەواری ئەو کاریگەر بوونەی بە سەر سەردەمی پیشوودا بە جێی ھێشت , وا بە ئاسانی لە ھزرو خەیاڵی بینەر دا کاڵ نەبێتەوە ..
بەڵام ھیچ کات تێپەڕ بوونی زەمەن مەرج نیە بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێشڤە چوون , چونکە ھەموو دیاردەکان بە یەک ئاراستەو بە یەک ئاستدا ناڕۆن , ئەوەتا لە سەردەمی عەولەمەو تەکنەلۆژیادا دەسەڵاتە ھزری و ھونەری و مرۆییەکان بە پێچەوانەی ئاراستەی عەولەمەدا روو لە پاشەکشە کردن دا دەبن و ئامێرەکان جێگەی داھێنانی مرۆیی دەگرنەوە , کە شانۆش یەکێکە لە وان , بۆیە بە گشتی عەولەمە نەک ھەر تەنھا کاریگەری نەگەتیفانەی خۆی بە سەر داھینانە مرۆییەکانی سەردەمی رابووردوودا بە جێ ھێشت , بەڵکو ئەو تەوژمە پارچەیەک لە داھێنانەکانی سەردەمی نوێشی لە گەل خۆیدا راماڵی .. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە داھێنان لە ھەموو جیھاندا لە گەڵ شەپۆلەکانی عەولەمەدا دووچاری جۆرێک لە قەیران ھاتبێت , یا خود داھێنانی سەردەمە کۆنەکانی سڕی بێتەوە , نەخێر تا ئێستاکەش شوێنەوارەکانی رابووردوو و سەرچاوەکانی داھێنانی لە زۆر شوێنی دنیادا رێچکەی خۆی بەر نەداوە و بە ھەمان ریتم و رۆحی جارانی مرۆیی داھێنان دەبیندرێت , زۆرێکیش لە ھەوادارانی ھونەری کلاسیکی داوای بەردەوام بوون و سەرھەڵدانەوەی نوێ دەکەن ,ئەوەتا لە بەریتانیا تا ئێستاکەش شانۆی شکسپیری بەرداوامەو خاوەنی زۆرترین بینەرە , تا ئێستاکەش لە روسیا چیخۆف و مایرھۆلد لە سەر شانۆکان زرمەیان دێت , لە فرەنسا لە گەلڕ شانۆگەرییەکانی مۆلێر خەڵکی ساتە بەختەوەرەکانی خۆی بە سەر دەبات , ھەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە نوێ بوونەوە بە مانای سڕینەوەی کۆن نیە , عەولەمەش وێڕای ھەموو تەوژمەکانی بە مانای لە گۆڕ نانی داھێنانی مرۆیی نیە ..
کەواتە بۆ دەبێ نەوەی کۆنی شانۆیی ئێمە درک بە کۆتایی ھاتن بکات ؟ ئایا ئەو تێگەیشتنە لە سۆنگەی نەگونجانی ئامرازە ھونەرییەکانیانە لە گەڵ سەردەم , یاخود لە ئەنجامی چک کردنی دەسەڵاتە ھونەرییەکانی خۆیانە ؟
ئەگەر نەوەی کۆنی شانۆیی پاساوی خۆی ھەبێت بۆ دابڕان و دوور کەوتنەوە لە گۆڕەپانی شانۆیی , ئەدی دەبێت ھۆکارو پاساوەکانی سستی بزاڤی شانۆیی لای گەنجەکان لە کوێ دابێت ؟ رەنگە ئەو پرسیارەو دەیان پرسیاری دیکە نەتگەیین بە وەڵامێکی دروست بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکانی ئەمڕۆی شانۆی کوردی , کە ئەمڕۆکە کەوتۆتە ژێر تەمو مژێک و بینەری دووچاری جۆرێک لە رەشبینی کردووە ..
ئەوەتا لە نێوەندی شانۆی گەنجەکاندا و لە شارەکانی کوردستاندا بە تێکڕایی ناوە ناوە چەند تیپێکی شانۆیی لەو گەنجانە دروست دەبێت , چەند بەرھەمێک پێشکەش دەکەن کەچی ھێندە نابا ھەم بەرھەمەکان ون دەبن و سەدایان نامێنێ ھەم ئەو تیپە خنجیلانانەش ھەڵدەوەشێنەوە , بۆ ماوەیەک چەند کەسایەتیەکی شانۆیی لەو شارانەدا ھەوڵ دەدەن تەکان بە ھەلو مەرجە سست و خاوەکە بدەن و ئومێدێک دەرەخسێنن , کەچی ئەوانیش ھێندە نابا ون دەبن .. ماوەیەک بوو لە کەرکووک نیھاد جامی لەو شارە تینووەی کەرکوکدا بە ھاوکاری لە گەڵ چەند گەنجێکی شانۆکاری ئەو شارە چەندین بەرھەمی نایابیان پێشکەش کرد , ھەستت دەکرد ئەو ئەشقەی ئەوان بۆ شانۆ ھەیان بوو جۆرێک لە رکابەری شانۆیی لە نێو گەنجە شانۆکارەکانی دیکەی شارەکانی تریشدا دروست کردبوو , کەچی دوای ماوەیەک بە ھۆی ئەو گیرو گرفتانەی لە تیپەکەدا دروست بوون تیپەکە لە خالێکدا وەستا ..
کارۆخ ئیبراھیم لە چوارچیوەی ئەو تیپە خنجیلانەیەی ھەیەتی گروپی گەنج بۆ شانۆ ناوە ناوە دەردەکەوێت , بەڵام بەو بەرھەمە وەرزییانە و بەو دەسەتە سنوو دارانەی ھەیانە ناتوانن تینوویەتی شارێک بۆ شانۆی گەنجان بشکێنن ..
گۆران عەلی کەریم یەکێک لەو گەنجە داھێنەرانەی بواری شانۆ لە شاری سلێمانی کە تێگەیشتنێکی پوختی بۆ ھەلو مەرجی شانۆی کوردی بە گشتی , دەسەڵاتێکی بەرفرەوانیشی بۆ داھێنانی شانۆیی ھەیە بەڵام تا چەند ئەو دەسەڵاتەی بۆ رەخساوە کە بتوانێت تەوژمێک دروست بکات ..
سدیق حوسێن کە ناوێکی دیاری بواری شانۆیە لە ھەولێر و لە چەندین بەرھەمدا تەکانێکی گەورەی بە شانۆدا لە شاری ھەولێر , دوای ماوەیەک لە پێشکەش کردنی چەندین بەرھەمی بە پێز , ئەویش ماوەیەکی دوورو درێژە لە گۆڕەپانەکەدا ون بووەو دەستی لە پرۆژە جوانە شانۆییەکانی ھەڵگرتووە …
دیار عومەر کە بۆتە دیاردەیەکی شانۆی لاوانی کورد لە دەرەوەی ھەرێم تا ئێستا چەندین بەرھەمی شانۆیی لە ئەوروپا پێشکەش کردووە و لە تیپەکەی خۆیدا رۆڵێکی کارای بینییووە لە دروست کردن و راھێنانی ئەکتەرو دەرھێنەر بەڵام لێرە لە کوردستاندا نەمان توانییووە وەک پێویست سوود لە ئەزموونەکانی ببینینین .
شانۆی گەنجان ھەر ئەو چەند ناوانە نین کە من بە نموونە ھێنامەوە , بەڵکو تواناو دەسەڵاتی زۆر باش ھەن لە تیپە شانۆییەکان و لە کولێژو پەیمانگا ھونەرییەکان , کە تا ئێستا نەتواندراوە ئەو توانستەی ھەیانە قۆخ بکرێت و بخرێنە سەر تەختەی شانۆ ..
ئەگەر بشمانەوێت بە دوای ھۆکارو فاکتەرەکانی ئەو کێشەو ئاریشانەدا بگەڕێین کە بوار بۆ رەخساندن و بەرەو پێشڤە چوونی شانۆی گەنجان ناڕەخسێنن , ئەوە دەبێت خۆمان لەو راستییانە گێل نەکەین کە بوونەتە رێگر لە بەردەم شانۆی گەنج و دروست بوونی شانۆی نوێ ی کوردی ..
لەو پێو دانگەوە دەپرسم لە نێوان ھەموو ئەو فیستیڤاڵە بە ناو شانۆییانەی ساز دەکرێن پێگەی ئەو گەنجانە لەو فیستیڤاڵە شانۆییانە لە کوێ یە ؟ تا چەند توانییوومانە رێ خۆشکەر بین بۆ رەخساندنی ھەلی کار کردن بۆ ئەو گەنجانە و تا چەند پشتیوانیمان لە مانەوەی تیپەکانییان کردووە ؟ کەی ئێمە دەتوانین دان بەوەدا بنێین و قەناعەت بە خۆمان بێنین کە ئایندەی شانۆی کوردی بە دەست گەنجەکانە ؟
ئەرکی شانۆکارە خاوەن ئەزموونەکان و دەسەڵات دارەکانی بواری شانۆ بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە خۆیان لە تەپوتۆزی خۆ پەرستییەتی داتەکێنن و ئەگەر خەمخۆری راستەقینەی شانۆن با دەرگا بۆ گەنجەکان واڵا کەن , پەرە بە توانستی قوتابیانی شانۆ بدەن , ئەکتەری نوێ لەو گەنجانە دروست بکەن , وەک ئەوەی گەزیزە خان لە تیپی شانۆیی ھاوڕێیانی گەزیزە دەیکات و تیپەکەی کردۆتە کارگەیەک بۆ دروست کردنی ئەکتەری ئافرەت .. ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان بەرینەوە کە ھەر رەھەندو شێوازێکی شانۆیی رووەکێکی خورسکی نیە تا لە بیابان شین بێت , بەڵکو دروست بوون و سەر ھەڵدانی ھەر تەوژم و شێوازو داھێنانێک کۆمەڵێ فاکتەری گرنگی لە پاڵدا ھەیە , کەم پێم وایە سەرچاوەی یەکەمییان خوێندنی ئەکادیمی کولێژو پەیمانگاکان یا خود تیپە شانۆییەکانن , کە دەبن بە سەرچاوە بۆ دروست بوون و داھێنان .ھەر بۆ نموونەش ئەوبزاڤە شانۆییەی کە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بوو لە شانۆی کوردی دا لە ساڵانی ھەشتاکاندا سەرچاوەکەی ئەکادیمیای شانۆیی بەغدا بوو کە کۆمەڵێ قوتابی کوردی لە ئامێز گرتبوو لە چەشنی شەماڵ عومەرو نیگار حەسیب قەرەداغی و میدیا رەئووف , کە دواتر فرمێسک مستەفاو دانا رەئووف و چەند ئەکتەرێکی تریان ھاتە پاڵ بۆ ئەوەی ئەو بزاڤە شانۆییە دروست بکەن کە بە یەکەم بزاڤی نوێ خوازی لە شانۆی کوردی دا ھەژمار دەکرێت و لە سەر دەستی ئەو کۆمەڵە گەنجە دروست بوو کە لەو ئەکادیمییە ھونەرییەدا لە لایەن چەندین شانۆکاری ناوداری ئێراقی وەک سەلاح قەسەب و د. عەقیل مەھدی و بەدری حەسون فەرید پەروەردە دەبوون . ..
ھەروا تیپە ھونەرییەکانیش ئەگەرچی تیپی ئەکادیمی نەبوون بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی بە توانا بوونە لە شیوەی گروپ گروپ توانییوویانە دیاردەی شانۆیی باش دروست بکەن .ئێمە بۆ دروست بوونی شانۆی گەنج پێویستیمان بە کەسانی پسپۆری شانۆیی ھەیە کە توانای دروست بوونی ئەکتەرییان ھەبێت لە بواری دەرھینان و لە بواری نواندندا , لە چەشنی د. فازڵ جاف و ئەزموونی شانۆگەری زریان لە گەڵ قوتابیانی کولێژی ھونەرە جوانەکان , ھونەرمەندان شەمال عومەرو نیگار قەرەداغی لە تیپی لالش و گەزیزە لە تیپی ھاوڕیانی گەزیزە , نیھاد جامی لە تیپی شانۆیی کەرکووک و چەندین نموونەی تر , بۆ ئەوەی بتوانین ئەکتەر و دەرھێنەری گەنج دروست بکەین , لە ھەمان کاتیشدا پێویستیمان بە کردنەوەی وۆرک شۆپ ھەیە بۆ گەنجەکان , تا بتوانن لە رووی توانستی جەستەییەوە ئەکتەرێکی لێھاتوویان لێ دەر بچێت .
پێویستیمان بەوە ھەیە کە ئەو گەنجە شانۆکارانە ئاگایان لە شانۆی جیھانی ھەبێت و ناوە ناوە شانۆی بیانی ببینن و ئاشنا بە شێوازە نوێکانی شانۆ بن , دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێ چۆن گەشتی زانستی بۆ قوتابیانی کولێژو پەیمانگاکان لە دەرەوە ساز دەکرێت , بە ھەمان شێوە گەشتی ھونەری بۆ ئەو قوتابیان ئەنجام بدرێت , ھەروەھا گرنگە ئەگەر ئەو گەنجانە بخرێنە نێو ئەو شاندە شانۆییانەی لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلاتی شانۆیی لە گەڵ دەرەوەی ھەرێم ساز دەکرێن ئەو گەنجانە فەرامۆش نەکرێن.
وەزارەتی رۆشنبیری ھەوڵی ئەوە بدات ھانی تیپی شانۆیی لاوان بدات و بۆ پێشکەش کردنی بەرھەمەکانیان دەستییان بگرێت ..