وا بڕیارە کاتژمێر 4ى ئێوارەى رۆژی دووشەممە 18/1/2010 لە هۆڵی کۆلیژی هونەرەجوانەکانى هەولێر بەشی شانۆى کۆلیژی هونەرەجوانەکانى هەولێر شانۆگەرى تەون لە نووسینى ئەدوارد ئەلب وەک کارنامەى دەرچوونى کرمانج مستەفا نمایش بکا.
دەربارەى کارەکەى کرمانج مستەفاى دەرهێنەر گوتى: “بڕیارە شانۆگەرى تەون کە لە نووسینى ئەدوارد ئەلبەو لە دەقی سندوقی خۆڵ وەرگیراوە وەکو کارنامەى دەرچوونى خۆم نمایشی بکەم، هەریەک لە “ئاری محەمەد، شەماڵ عەبدال، بارزان سنجاوى، هاوار حەمید، پشکۆ عەلى” وەکو ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و شانۆگەرییەکەش لە ئامادەکردن و دەرهێنانى خۆمەو کارى دیکۆر لەلایەن یوسف عوسمان و رووناکیش لەلایەن مەهدی حەسەنەوە ئەنجامدراوە، هەریەک لە بەهمەن حاجى و رەزا عوسمان و زاهیر ئیبراهیم و یونس عوسمان و تاڤگە حوسێنیش وەکو هاوکار لەکارەکەم بەشدارن.
دەربارەى ناوەرۆکى کارەکەى کرمانج گوتى: ئەو شانۆگەرییە باس لە نووسەرێک دەکات کە بە چیرۆک یان رۆمانێک دەیەوێ کەسایەتییەکان دروست بکات، نەوەیەکى تازە دەیانەوێ نەوەى کۆن لەناوببەن بەهۆی کتێبەوە، بەهەمان کتێب گۆڕ بۆ نەوەى کۆن دروست دەکەن”.
جێی ئاماژەیە کرمانج مستەفا ماوەیەکى زۆرە خەریکى کارى هونەرییەو لەو دواییانەشدا وەکو ئەکتەر بەشداری کرد لە شانۆگەرى کۆتایی گەمە لە دەرهێنانى ژیلوان تاهیر.