كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژ (تەمەن سەید ئەحمەد) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە سەرقاڵی دوو بەرهەمی تازەیە كە بەرهەمێكیان بە كۆتا هاتووە و ئێستایش كار بۆ بەرهەمی دووەمی دەكات.
(تەمەن) گوتی: “هەوڵم دا بۆ وەرزی بەهاری ئەمساڵ بە چڕینی دوو گۆرانی، پیرۆزبایی لە هۆگرانی دەنگم بكەم و زیاتر توانای دەنگ و دڵسۆزی خۆمیان پێشكەش بكەم و لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەو گۆرانیانەیش بڵاو دەبنەوە.”
ڕوونیشی كردەوە: “كاری یەكەمم بریتییە لە گۆرانییەكی “سینگڵ” و كاری كلیپیشم بۆ ئەنجام داوە و دوای جەژنی نەورۆز لە لایەن كەناڵە كوردییەكانەوە پەخش دەكرێت كە ئەو گۆانییەم بە زاراوەی بادینی چڕیوە و ئاواز و تێكستەكی پێشتر گوتراوە، بەڵام من بەشێوازێكی دیكە و كواڵێتێكی بەرز بەرهەمم هێناوە.”
زیاتر لەسەر كلیپەكە قسەی كرد ڕایگەیاند: “سینارێۆ و ڕووناكی و كامێرا و دەرهێنان (سامی سەباح) ئەنجامی داوە، مونتاژ (كاروان زامدار)، (ئالان نەجات) بەڕێوەبەریی بەرهەمهێنان و ڕێكخەری پۆشینی جلوبەرگ و مكیاژی كردووە، وەلێ (گۆران ساڵح) و (محەممەد حەسەن) هاوكاری كلیپەكەیان كردووە، هەرەوەها خۆم ئەركی بەرهەمهێنانیم لە ئەستۆ گرتووە.”
گوتیشی: “لە ئاییندەیەكی نزیكدا گۆرانییەكی دیكەیشم لە هەگبەدایە كە لە ئاواز و تێكستی خۆم دەبێت، بەو هیوایەم بتوانم لەو ڕێگەیەوە خزمەتێكی بچووك بە هونەری كوردی بكەم.”