تۆ ئەبێ لێرە بی ،
ئێرە ، ئەبێ تۆی لێ بی…
بۆئەوەی لە ئاوەدانیی بچێ
—-
ئەوساتەی هەموو خۆمم نووسییەوە
شەوەزەنگ چراکانی خۆی….
لەسەر تاقەکانی ژوورەکەم پێئەکا و
ئیتر ئەزانم سپێدەی خۆکوشتنە
—-
بۆنی خوێن لە بۆنی شەراب خۆشترە
بۆنی سەرەنوێلک لە عەتری یار خۆشترە،…..
کە دڵێ ، شوێنێ شک نەبا…..
بە دەنگی بەرز تیا بگری
—-
وەرە لام ،
تۆ ناڵێم ،…
ئەو، با بێ ،
ئەوێک ،کە بە دزییەوە نەبێ ، ناوێرم گازی کەم
—-
با ، بڕوات ،
تۆ ئەڵێم،….
تۆیەک ، بە ئاشکرا ئەتوانین ڕقمان لە یەک بێ
—-
بە پێی پەتی….
بەسەر وردەشووشەی ئەو ڕۆژگارانەدا ڕائەکەم
کە تێناگەم چۆن لە پشتمەوە هاڕەیان کرد ،
کە ئاوڕیش ئەدەمەوە
خۆم ئەبینم،…
یەک پارچە مەوج ئەدەمەوە لە خوێنا
—-
دوو شت زراوم ئەبەن ،…
ئەوەی ، شیعر بە زۆریش نەیەتە ماڵم ؛
ئەوەی ، شیعر بە زۆریش ماڵم چۆڵ نەکا
—-
كەسێك هەیە هەمیشە غیرەی لێ ئەکەم
کەسێکە ،…
سەخیفە ئەوەندە نازدارە ،
بە ئەنقەست خۆشی ئەوێم….
بۆ ئەوەی هەمیشە دوودڵ بم !!
—-
پێش ئەوەی ماچم کات
هەموو گیرفانەکانی دڵم ئەپشکنێ!
—-
گومانی چیم لێ ئەکەی ،
لە مەمکەکانی تۆ ڕووتترم !
—-
وا بیر ئەکەمەوە ،
لە خودا بپاڕێمەوە، دۆزەخم پێ ببەخشێ،….
بیکەمە باخی وەنەوشە ؛
بزانم ئەهلی ئیمان چی ئەڵێن !!!
—-
بیری کەس نەکەم و
کەس بیرم نەکات
ئەمەیە کۆتایی شەڕە گەرمەکانی ژیان ؛
ئەمەیە سەرەتای دۆڕانە ناشرینەکان
—-
نێوانی دێڕەکانم ئەگەڕێی…..
بۆ ئەدرێسی کۆنەخەمێکی خۆت ؛
ئەی من کوێ ؟
—-
ئەچمەوە سەر سیلەی…..
یەکەم کۆڵانی منداڵییم ؛
لە دایکم زیاتر ، کەسێکی لێ نەماوە
—-
لە دەرگا بدە و بڕۆ ،
کە کردمەوە….
بە بۆنی جێپەنجەکانتا ئەتناسمەوە
—-
کە پاییز دێ ،زەرد ئەچمەوە لە شەرمی…..
کەوتنە خوارەوەی گەڵاکان ،
فریای چەند پرسە بکەوم !؟
دڵی چەند درەخت بەمەوە!؟
—-
خوێن ، هەموو حیکایەتە ناخۆشەکانم بیردێنێتەوە
ئەو حیکایەتانەی دەرفەت نادەن…
لە ڕەنگی سووردا ،
بیر لە کەوتنە خوارەوەی کۆرپەیەک بکەمەوە….
لە ڕەحمی دایکی
—-
منداڵیی ،
شەقاو بە شەقاو شوێن پێم هەڵئەگرێ و
پیرییش ،
کونجێکم پێ ئەبەخشێ بۆ بیرەوەرییەکانم ؛
لەم نێوانەدا…..
منداڵێکی بێ پا و
پیرێکی کەفتەکار ماوم
—-
تەقە لە سێبەرەکەم ئەکەم و
زریکە لە خۆم هەڵئەستێ !
—-
بە شەو ،
هەتا سەر لێواری گۆڕەکەم ئەڕۆم ،
بە ڕۆژ ،
ئەچمەوە باخچەی گشتیی و
پەپوولەیەک دەستم ئەگرێ و
هەتا بەردەرگای ژیان ناوەستینەوە
—-
کارەساتە، چاڵ بۆ خەیاڵەکانم هەڵکەنم،….
بۆ ئەوەی ئەوان…
نەمخەنە خەرەندێکەوە !!
—-
لە دەمی بیرەکەوە ،….
بەسمە هێندەی ئاسمان ببینم ؛
بڕوا ناکەم لەوە زیاتری ساماڵ بێ !!
—-
خۆڵەمێش ، خوێنی مەییوی پشکۆکانە و
بە دیار “ئەو”یشەوە….
ئێسک و پروسکی ڕزیوی من
—-
خۆشمویست و
نەیئەزانی ، کەی ئەبمە پاییز،
خۆشیویستم و
ئاگام لێ نەبوو، کەی سەوز دائەگەڕێ ؛
کەواتە هەردووکمان ، شێت و وێت !!
—-
بەم تاریکییە ،
گزنگ داگیری کردووم ، گزنگ
بەم خۆرەتاوە ،
تەم لە ڕووخسارم ئاڵاوە ، تەم
بەرزان هەستیار
ئۆکتۆبەرو نۆڤێمبەری 2010
کۆلن- ئەڵمانیا