ڕاپۆرت: مامەیارە ئەحمەد : بڕازیل ملیۆنان میل لە کوردستانەوە دوورە، وەلێ نزیک لە ملیۆنێک هاندەری لە کوردستان هەیە، ئەوان دوور و نزیک پێوەندییان لە هیچ ڕوویەکەوە بە کوردەوە نییە، بەڵام کە تیپی تۆپی پێیان بدۆڕێت، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی کوردستان خەمبار دەبن .
زۆربەی هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، کاسبکاران، ئەندازیاران و تەواوی چینوتوێژەکانی کورد، هاندەری هەڵبژاردەی بڕازیلن و ئەوە گومانی بۆ نییە، ئاخر هونەر و تەکنیکی یاریکردنیان کە چێژبەخشە، وای کردووە خەڵک خۆشی بووێن.
دوای دۆڕاندنە قورسەکەی بڕازیل بە نێزەرلاند و و دەرچوونی لە قۆناغی 8، بارزان سپۆرت ڕێپۆرتێکی بەرهەڤ کردووە. ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی وەرزشی کە نێوی خۆی ئاشکرا نەکرد، لە بارەی دۆڕاندنی بڕازیلەوە بە داخێکی زۆرەوە وتی: “دۆڕاندنی بڕازیل، بۆ کورد کارەساتێکی جەرگبڕە، من لە دڵەوە پێم باش بوو کە حکوومەت بە شێوەیەکی فەرمی پرسەی گشتی ڕاگەیاندبا، چونکە ژمارەی هاندەرانی ئەو وڵاتە لە ڕاددە بەدەرن و کورد بە شێوەیەکی گشتی سۆزی بۆیان هەیە”. هەرێم عەبدولڕەحمانیش قسەی خۆی هەبوو: “لەخۆباییبوونی یاریزانان و نەزانیی دۆنگا، هۆی دۆڕاندنی بڕٍازیل بوون، یاریزانانیان هیچ حسابیان بۆ تیپەکانی بەرانبەریان نەدەکرد”. کیژە وەرزشدۆست (ئامینە عەبدوڵڵا) لە بارەی دۆڕاندنی بڕازیلەوە ئاخاوت: “من دوای یارییەکەی بڕازیل دەستم بە گریان کرد و تەواوی ئەو ڕایەخەی لەسەری بووم، بە فرمێسکی چاوانم ئاوم دا، دواتر دایکم هات و هەڵی ستاندمەوە کە نەگریم، بەڵام خەم لەسەر دڵم لا نەچوو و ئەو ئێوارەیە نانم پێ نەخورا (بارزان سپۆرت پێی وت ئێ سەموون بخۆ!). ڕۆژنامەنووس (نالی عەبدوڵڵا) کە ڕۆژنامەنووسێکی لاوی هونەرییە، لە بارەی هەمان پرسەوە بە قسان هات: “جێی داخە کە بڕازیل دۆڕا، بەڵام لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا شێوا بوون، تەنانەت لە نیوەی یەکەمیشدا دۆنگای ڕاهێنەر بە ئاستی یاریزانانی نیگەران بوو و پێی ناخۆش بوو کە بە توندییەوە دەجووڵانەوە، بۆیە پێم وایە ڕاهێنەر لەو دۆڕاندنەدا گوناهی نییە”. هەڵۆ عەبدولڕەحمان، کە هاندەرێکی سەرسەختی بڕازیلە، وتی: “هیچ ئاگام لە خۆم نییە، بە ڕێگەدا دەڕۆم و دەترسێم ئۆتۆمبێلێک لێم بدات، من زۆر زۆرم پێ ناخۆش بوو، لە لایەکیشەوە قیروسیا با بدۆڕێ بەڵکوو ڕاهێنەر دۆنگا بە شەق دەردەکەن، هیواداریشم کە مادام جامەکە بۆ بڕازیل نەبوو، غانا ببێتە پاڵەوان. هەڵۆ وتی ئەم قسانە ڕای من و هاوڕێکانمە. خاتوو سەعدییە، کە هاندەری بڕازیل بوو، زۆر بە دڵێکی خەماوییەوە بۆ بارزان سپۆرت وە گۆ هات: “ناتوانم باسی دۆڕاندنی بڕازیل بکەم، ساڵی 2010 بۆ من ناخۆشترین ساڵم بوو، چونکە بڕازیل دۆڕا، ئێستایش بڕوا ناکەم بڕازیل بە ڕاستی دۆڕابێت”. سەرچاوەیەکی نزیک لە هونەرمەندانەوە، ئەوەی بە گوێدا چرپاندین کە زۆربەی هونەرمەندە بەرناسەکانی کورد بە هۆی دۆڕاندنی بڕازیل، خەم باڵی بەسەردا کێشابوون، ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ کرد کە هونەمەندان (سامان عومەر، سەعدوون یوونس (ڕەجەب)، دیاری قەرەداغی، ئەیاد حسێن و ئەژدەر وەهبی) و زۆربەی هونەرمەندەکانی دیکە، هاندەری بڕازیلن و خەمی زۆریان بۆ دۆڕاندنەکەیان بەرانبەر هۆڵەندا خواردووە. هاوکات هەریەک لە بێژەرە ناسراوەکانی کورد (سالار جەلال و جەلال پەرێشان) هاندەری هەڵبژاردەی بڕازیلن و پەرێشان یەکێکە لە هۆگرە بێهاوتاکانی بڕازیل، بۆیە هەر لە ستۆدیۆی یارییەکەدا ڕەنگی ڕەش هەڵگیرسابوو.
بە پێی سەرژمێرییەکی لەمەوپێش، بەشێکی هەرەزۆری کورد هاندەری هەڵبژاردەی بڕازیلن. بەڵام لە هەولێر، هاندەرێکی زۆر ناسراوی هۆڵەندایە، ئەویش یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر (عەبدولسەمەد جەوهەر)ـە، ئەو وتی: “من زۆر دڵخۆش بووم بە سەرکەوتنى هۆڵەندا، لە ماڵی دایکم سەیری یارییەکەم کرد، دایکیشم لەبەر من حەزی لە بردنەوەی هۆڵەندا بوو، پێش یارییەکەیش و تەنانەت پێش مۆندیال، دەموت ئەگەر ڕۆبن یاری بکات، هۆڵەندا یەکێکە لە تیپە سەرسەختەکان بۆ بردنەوەی مۆندیال، هاوکات لە یاریی بڕازیلیشدا ئاستی لە تیپی بەرانبەری نزیک بوو، هۆڵەندا تیپێکی هەیە کە یاریزانی وەهایە دەتوانن لە هەر کاتێکدا ئەنجام بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە”.
لە رۆژنامەی بارزان سپۆرتەوە