تەلار ھیرانی:
١- بیرۆکەی پێشکەش کردنی (ژنەکەی ئەو ماڵە) چۆن لاتان گەڵاڵە بوو؟
ژنەکەی ئەو ماڵە تەنھا بیرۆکە نەبوو، شتێک بێت لە چەند ساتێکدا دروست بووبێت، یاخود زادەی رامانێکی کورت یان بیرۆکەی یەکێکی تر بووبێت. شانۆ لە ژیان دەدوێت، لە خاڵە لاوازو بەھێزەکان ورد دەبێتەوە و لە ھەوڵی بەدەرخستنی ئەو شتانەدایە کە دیارنین یان دەشاردرێنەوە.
ژنەکەی ئەو ماڵە دیاردەیەکی رۆژانەی کۆمەڵگای ئێمەیە، خیانەتی ھاوسەرێتی، پیاو سالاری و کوشتن .. لەدوای راپەرینەوە تا ئێستا قەد لە مێژووی دیاری خۆماندا ئەوەندە ژن نەکوژراون! ژنەکەی ئەو ماڵە تە نھا ھەوڵدانێکە بۆ پەردە لەسەر لادان لەسەر ئەو دیارەدەیە، شانۆ لێرەدا زۆر راستەوخۆ تر لەگەڵ خەڵکیدا دەدوێت و پەیامەکە دەگەیەنێت، زۆر لەسەر ئەمە نووسراوە و کتێبیش لەبارەی ئەم دیارەدەیەوە ھەن، بەس شانۆ زۆر بە زەق تر راستەوخۆ تر ئەم دیاردەیە دەردەخات.
٢- لە رێگای (ژنەکەی ئەو ماڵە)ەوە دەتانەوێ چ پەیامێک بگەیەنن؟
لە راستیدا پەیامەکە، جەختکردنە لەسەر بوونی ئەم دیارەدەیە، چونکە زۆری خەڵکی لەگەڵیدا نین، بەڵام کەسیش بە ئازایەتیەوە لێی نادوێت، چونکە بۆ زۆران ئەمە بڤەیە، ھەموو دەزانن کە دیاردەکە ھەیە، بەڵام ھەمووانیش خۆی لێ گێل دەکەن، زۆر جار وتار و باس لەسەر ئەم مەسەلەیە دەنووسرێت، بەڵام ھەردەم ڤێرشنی ژنان ونە، واتا خۆیان ژنان باس لەمە ناکەن، یان کە دەیکەن دەبیت زۆر شارراوە و نادیار باسی بکەن، ئەمەش وا دەکات کە مسداقیەتی نووسینەکانیش بکەوێتە ژیر پرسیارەوە. ھەموو باس لە خیانەتی ھاوسەرێتی دەکەن، بەڵام ھەردەم ژن تاوانبارە، چونکە کۆمەلگاکەمان ھەردەم شەرعیەت دەدات بە خیانەتی پیاوان، من دەمەوێت بڵێم خیانەتی ھاوسەرێتی ھەیە، دیاردەیەکی دزێوە و دەیەھا ھۆکاریش ھەن بۆ روودانیان.
٣- ئایا سەرکەوتوو بوون لە گەیاندنی ئەو پەیامە یاخود ئایا ئامانجەکەتان پێکا؟
ئەوە بۆ من نیە بیڵێم داخۆ سەرکەوتوو بووم یان نا، ئەمە رای بینەرو رەخنەگرانە، تۆ باس لە دیاردەیەکی بڤە دەکەیت، زۆر بە بەجەرگیەوە لێی دەدوێت، زۆر لەوانەی قسەم لەگەڵ کردوون دەڵێن لەمەدا سەرکەوتوو بووم، ئەوەی تر بۆ بینەران بە جێدێڵم.
٤- لێرە و لەوێ ھەندێک رەخنەت لێگیرا، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە؟
زۆر باشە کە رەخنەگرتن ھەبێت، دیارە من مەبەستم رەخنەی شانۆیی جیددیە، دەنا ئەوەی دێت و بەسەر قەڵەمێک و بە کەیفی خۆی خەتی چەپ و راست دەکێشێت بەسەر کارێکدا کە زۆری ماندووبوون و جورئەت پێوە دیارە و بە ناھەقیەوە باس لە وروژاندن بۆ وروژاندن دەکات، بە راستی ناھەقی دەکات، بەڵام ھەمووان ئازادن چۆن بیر دەکەنەوە و چی دەڵێن، من ئەمەشم لەبەر چاو بوو کاتێک ویستم ئەم کارە ئەنجامدەم.
٥- چی بەوانە دەڵێی کە پێیانوایە تۆ تەنیا وەک لیبۆکێک دەھاتیە پێش چاو نەک وەک ئەکتەرێک؟
ئەرکی ئەکتەر و نووسەر زۆر لە ئەرکی ئەوانە قورسترە، کە لە سێبەرداو دوای خواردنەوەی چەند چایەک و جگەرە کێشانێک بە ھەوەسی خۆیان دەکەونە وێزەی ھەموو شتێک. باشە تۆ شانۆ پێشکەش دەکەیت، ئاخر تۆ بێیت واقیع وەک خۆی بگوازیتەوە ئەی وەزیفەی درامی چی لێدێت؟
تۆ لێبووکێکی منیش ھەروا، ھەمووان ھەرواین، ھەمووان ئەکتەرو لێبووکیشین. ئەمەش خۆی ژیانە و ئاواش پێم وابووە کە پەیامەکەم دەگات. ھیوام وایە ئەوان خۆیان ھەوڵدەن باشتر لەوەی من ئەنجامم دا بیکەن. مەیدانەکە کراوەیە، منیش دەستخۆشی لەوانە دەکەم کە نوێتر و بوێرانە تر ئەمە دەکەن.
٦- ئایا ئەو وروژاندنەی لە شانۆگەرییەکە ھەستی پێدەکرا مەبەست لێی چی بوو؟
لەم پرسیارە بە روونی تێناگەم، وروژاندن لێرەدا ئەگەر مەبەستی وروژاندنی خودی باسێکە کە بڤەیە و من وروژاندوومە ئەوە پرسیارەکە وەڵام دەداتەوە، چونکە تۆ ھاتووی پرسێک، دیاردەیەکی بەدیار دەخەی کە پێشتر باسی لێنەکراوەو بەگویێ خەڵکیدا دەدەیت.
ئەگەر مەبەستیشت وروژاندنی ترە، ئەوا من بە راستی بەزەییم بەوانەدا دێتەوە کە ئاوا سادەو تەنکی لە مەسەلەکان دەگەن.
٧- ئایا تا چەند سەرکەوتوو بوون ( لەرووی دەرھێنانەوە) لە باس کردنی کێشەیەکی وەک خیانەتی ھاوسەری؟
تۆ لە ھەوڵدان دایت، لە ئەزمووندایت، ھەوڵیش دەدەیت، دەکرێت سەرکەوتوو بیت یان نا، دەکرێت لە لایەنێک سەرکەوتوو تربێت لە یەکێکی تردا نا.
من رەخنەگر نیم تا بزانم داخۆ ھەموو رەگەزەکانی شانۆگەرییەکە سەرکەوتوو یان ناسەرکەوتوو بوون. بەڵام ئەوە دەزانم کە من ھەوڵ و ماندووبونم لەم کارەدا بۆتە مایەی دەستخۆشی زۆران، بێگومان ھەندێکی تریش بە پێچەوانەوە، ئەمەش زۆر ئاساییە.
٨- پێتوایە ئێستا کۆمەڵگەی کوردەواری ئەم جۆرە کارانە قبوڵ دەکات؟
پێت وانیە ئەم پرسیارە زۆر سەیرە؟ تۆ کۆمەڵگایەکت ھەیە، دیاردەیەکی بەر چاوی خیانەتی ھاوسەرێتی تێدایە، رۆژانە ژن دەکوژرێن، لەرێگای ئینتەرنێت و مۆبایلەوە ئەتکی ئابرووی ژنان دەکرێت، پیاوە باڵادەست و پارەدارەکان لە قوڵبوونەوەی دیاردەکەدا بەشدارن، شەرعیەت دەدرێت بە خیانەتی ھاوسەرێتی بە پیاوان، پیاوانی ژندار بە فەخرەوە باس لە موغامەراتە عاتیفیەکانیان دەکەن، باس لە ژنان وەک ئۆبجێکتیکی رەگەزی دەکرێت.. ھتد.. پێت وایە ئەمانە ھەموویان قبوڵ دەکرێن، بەڵام کاتێک یەکێک دێت و باس لە دیارەدەکە بکات بە ئاشکرایی قبوڵ نەکرێت؟ قبوڵ کردن چیە جگە دەست لە پشتدانی ئەوانەی بریار دروستدەکەن؟ لای زۆران ھەر ھەڵاتنە لە واقیع، چونکە دەستیان دەردەکەوێت و چیتر باسکردنی بڤەکان بڤە مێنێت.
٩- ھەندێک کەس پێیانوایە دەرھێنەر وەک پێویست نەیتوانیوە سوود لە تەلار ھیرانی وەبگرێت ئایا ئەمە تا چەند راستە؟
ئەمەش لێدەگەرێم بۆ رەخنەگرانی جیددی، تۆ خانوویەک دروستدەکەیت، لەوانەیە ھەموو بەشەکانی خانووەکە وەک یەک پتەوو دیار نەبن، شانۆش، دراما و زۆری تری شتەکانیش وان، لە ھەندێک لایەندا بە ھێز و لە ھەندێکی تردا کەمتر بە ھێزن. زۆرم پێخۆشە کە رەخنەکان بە زانستی بنووسرێن، دەنا زۆر ئاسانە ھەرئاوا بە قسە ھەرچی شاکاری شانۆییش ھەیە(مەبەستم لەوەی خۆم نیە) بخەیتە بەر نەشتەرو توێکاریەوە.
١٠- یینەری کورد چۆن دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ؟
شانۆ لە کوردستاندادەیەیەکی زێرینی خۆی لە ھەشتاکاندا بەڕێکردووە. بەڵام داخۆ ئەو دەیەیە دەیەی شانۆ بووە، یان ھۆکاری تر لەدواوەی بوون. من پێم وا یە کە ئەوەی ھەبووە زیاتر مەسەلەی ھەلوێستی سیاسی و کۆمەلایەتی بووە کە جەماوەر ژان و خەونەکانی خۆی لەم بوارەدە دەبینیەوە.
شانۆ بە بۆچوونی من ھەرگیز وەک شانۆ، واتا وەک ھونەرێکی ئیستاتیکی برەوی نەبووە لە کوردستاندا، بەڵکو ئامرازی سیاسی بوو بۆ ئەوەی کە خەڵک بتوانن بارگەی ڕق و خەونەکانیان لەگەڵ یەکدا و بەھۆی شانۆوە خاڵیکەنەوە.
بەڵام ئەو پەیامە سیاسیەی شانۆ لە دوای ڕاپەڕیندا نامێنێت و شانۆش ناتوانێ پەیامێکی ئەلتەرناتیڤ ببینێتەوە، بۆیە دەبینین کە شانۆ سست دەنوێنێت، کاری شانۆیی کەمن و جەماوەریش کەمتر لە جاران شانۆ بە ھەند وەردەگرن.
بەلام من پێم وایە لێرەوە سەرەتایەکی باشتر و تەندروستتر بۆ شانۆ لە کوردستان پەیدا دەبیت.
١١- ئایا ئەوی پێی دەڵێن قەیرانی شانۆ تەنیا لە کوردستان ھەیە یان لە جیھانی بە گشتی ئەم قەیرانە ھەیە (قەیرانی شانۆ)؟
بۆ من زۆر ئاسان نیە ئەمە وەڵام دەمەوە، بەڵام ئەمە دەزانم کە شانۆکان لە وڵاتی سوێددا ھەردەم بینەریان ھەیە و زۆر جاریش بە ساڵ و مانگ بەردەوام دەبن. تا چەند ئەمە دەکرێت لە گەڵ کوردستاندا بەراورد بکرێت؟ کۆمەڵگای ئێمە یەک دنیا ھەنگاوی ماوە تا لە زۆر ئاستەکاندا بچێتە پێش، دەکرێت شانۆش یەکێک بێت لەمانە، نازانم داخۆ شانۆ لە قەیراندایە، یاخود قەیران لەو رەگەزانەدان کە شانۆ دەکەنە بەشێکی دانەبراو و گرنگی کۆمەڵگاکان.