نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
لە کاتێکدا ڕۆژی ١٠/١٠ / ٢٠١٥ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن بوون بۆئەنجامدانی چالاکیەک لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دژ بە توندو تیژی لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا ھەروەھا بۆ پشتیوانی لە ئاشتی ودایەلۆگ لەو کاتەدا لە دەمژمێر١٠ی بەیانی تەقینەوەیەکی دووانە ڕوویدا لە یەکێک لە وێستگەکانی میترۆ دا کە ٩٧ کەس گیانیان لە دەستداو زیاتر لە ٢٠٠ کەس برینداربوون .
ھەر دوای کەمێک لە ڕووداوەکە ئەحمەد داود ئۆغلوی سەرۆک وەزیرانی کار بەڕێکەری تورکیا وێڕای پرۆتستۆکردنی ڕووداوەکە پەنجەی تۆمەتبارکردنی بۆ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) و پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی ڕزگاری شۆڕشگێڕی گەلی تورکیا درێژکرد .
تائێرە ئاساییە بەڵام کات و شوێن و تۆمەتبارکردنی ئەو لایەنانە لە لایەن داود ئۆغلوەوە جێگەی پرسیارو تێڕامانە دەبێت کێ سوودمەندی یەکەم بێت لەو ڕووداوە؟
یەکێ لە سوودمەندەکان لەو ڕووداوە دەکرێت ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بێت چونکە دەبێتە ھۆی گەورەبوونی بۆشایی و دوورکەوتنەوە لە نێوان داعش و حکومەتی ئاکەپە لە تورکیا کە دەکرێت تورکیاوزیاتر ڕابکێشرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە گەل داعشدا و تێکەڵکردنی ئەوراقەکانی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیا و سوریا .
لە لایەکی ترەوە دەکرێت بپرسین بۆ پەنجەی تۆمەتبارکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان درێژ بکرێت لە کاتێکدا ئەوان زۆر لە گەڵ پارتی دیموکراتی گەلان نزیک و ھاوسۆز و تەبان بە پێچەوانەی تەقینەوەکەی شارۆچکەی سروژی کوردنیشین کەلە حوزەیرانی ڕابردوو ئەنجامدارا کە ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتبارکردن بۆ داعش درێژدەکرا لە بەر ئەوەی کەشو ھەوای سیاسی کاریگەری لە سەر لێدوانەکان ھەیە چونکە تە قینەوەکەی ئەنقەرە کاردانەوەی نیگەتیفی لە سەر ھەڵبژاردنە پێش وەختەکەی تورکیا دەبێت کە لە یەکی تشرینی دووەمی داھاتوودا ئەنجام دەدرێت .
کە ئاکەپە دەیەوێت ڕێژەی دەنگەکانی بەرزبکاتەوەو بە تەنیا حکومەت پێکبھێنێت لە کاتێکدا ئەم تەقینەوە وا نیشان دەدات کە پارتی دیموکراتی گەلان قوربانیەو سۆزی خەڵکی زیاتر دەکات بۆی و لەکاتێکدا ڕاپرسیەکان پێمان دەڵێن کە ئاکەپە کێرڤی جەماوەری بە ھیچ شێوەیەک بڵند نەبووەتەوە .
ھەر لەبەر ئەو ھۆیەشە ئاماژە بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و کورد کراوە وەکو تۆمەتبارو گومانلێکراو لەو تاوانەدا لە لایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیاوە داود ئۆغلو .
تۆمەتباری دووەم ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشە کە ئەگەر ئەو بێت دەیەوێت بە حکومەتی تورکیا بڵێت کەوا ھەرکات بمانەوێت دەتوانین سزاتان بدەین لە ناو پایتەختەکەتاندا لە سەر ئەو ھەڵوێستانەتان بەرامبەر بە ڕێکخراوەکەیان لەم دواییەدا چ لە سوریا و چ لە تورکیا لە ھەمان کاتیشدا بە کوردیش دەڵێن ھەر کۆبوونەوە کۆڕێکتان لە ھەرکوێ بێت دەتوانین بیکەین بە ئامانج لە ھەرکات و شوێنێکدا بێت لە سوریاو تورکیاو کوردستانی باشووریش .
لە لایەکی دیشەوە نامەیەکە بە حکومەتی تورکیا دەڵێت ھەرکات بمانەوێت لە ناو ماڵی خۆتاندا سزاتان دەدەین و جگە لە کاردانەوە خراپەکانی ئەم کردەوە تیرۆرستیە بۆ سەر گەشەی ئابوری و دۆخی سیاسی و داھاتی گەشتیاری ئەو وڵاتە .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە تەقینەوەی کەی سروژ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پێچەوانەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیە لە ١٠/١٠ ئەمساڵدا , چونکە ئەو ەی سرۆژ جێگەی خۆشحاڵی ئاکەپە بوو چونکە ئەوان واتە کوردی بە ھۆی شکستەکانی خۆی دەزانی لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران کە دەنگیان پێ نەداو نەیانتوانی بە تەنیا کابینەی حکومەت پێکبھێنێت .بەڵام تەقینەوەکەی ئەنقەرە ئەو تەنگژەیە کە ئاکەپە کەوتە ناویەوە لە کاتێکدایە کە ئاکەپە لە دۆخێکی زۆر قورسدایە و ئیرەیی پێ نابرێت و پێویستی بە بەرزکردنەوەی کێرڤی دەنگدەرانیەتی نەک بەرزبوونەوەی کێرڤی جەماوەری پارتی دیموکراتی گەلان .
دەکرێت بڵێین ئەکەپە تەنھا سوودێک لەو ڕووداوە ببینێت ئەوەیە بە وەستاندنی ھەڵبژاردنە پێش وەختەکە بە بیانووی تێکچوونی باری ئاسایشی وڵات وەکو ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی دۆخەکە بۆی دەچن و ھەندێک کەسایەتی ئۆپۆزەسیۆنیش ھۆشداری دەدەن لە وەھا ڕەفتارێک .