سەدیق سەعید ڕواندزی
پڕۆگرامەکانی خوێندن، وەک نێوەندێکی بنەڕەتی فێرکاری، ڕۆڵێکی ھەرە گرنگ و کاریگەریان ھەیە لە ڕێکخستنی زمان و بە ستانداربوونی، چونکە ئامرازیی فێرکردنی نەوەکانن. لەو سۆنگەیەوە پڕۆگرامەکان لە ڕووی زمان و ڕێنووسەوە، دەبێ یەک شێوە بن و بە وردی پەیڕەو لە خاڵبەندی و لایەنی ڕێنووسی زمانەوە بکەن و زمانێکی ڕاست و دروست و بێ ھەڵەیان تێدا بێت، کەچی بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستاندا، پڕۆگرامەکانی خوێندن لە بری ئەوەی ڕۆڵی بە ستانداربوونی زمان ببینن، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییە نا فەرھەنگی و نا دەستووریانەی زمان کە ساڵانە بە ناوی نوێکردنەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوەندەی تر زمانی کوردی دەشێوێنن و پەرتەوازەتری دەکەن. بۆ ئەمساڵی خوێندن، لە پڕۆگرامەکاندا پیتی (وو ) بزوێنی درێژیان لاداوە. بێگومان ئەم پیتە، پیتێکی سەربەخۆیە و لە ڕێزبەندی ھەفت پیتە بزوێنەکەیە و ئەو وشانەی ئەم پیتەیان تێدایە، بۆ نموونە: وەک (بوون، چوون، ھەمووان، سەرکەوتوو، شاتوو، دووربین، مووچە، ڕوون، ڕوو، ڕووگە، ھاتووچۆ ) و گەلێک وشەی دیکەش، خۆیان لە بنچینەدا ھەڵگڕی ئەو پیتەن و پیتەکە بەشێکە لە سرووشتی بوونی زمانییانەی وشەکە، نەک ئەوەی پیتێکی زیادکراو بێت، تاکو بتوانرێت لاببردرێت یان گۆڕانکاری تێدا بکرێت. گەر ھەمان ئەم وشانە بە شێوەی (بو ، چو، ڕو، شاتو ھەموان) بە نموونە بنووسین، دەبینین لەلایەکەوە لە ڕووی فۆڕمی نووسینەوە چەندە ناڕێزمانی و نا ئستاتیکی دەردەکەون، لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕووی دەربڕینیشەوە چەند لەنگییان پێوە دیارە، چونکە کە دەڵێین (ڕوو) ئەوا ( وو) دەردەبڕین نەک (و) . یاخود گەر لە بری (ڕوون) کە بە مانای ساف دێت بنووسین (ڕون) ئەوا دەبینین ئاسمان و ڕێسمان لە ڕووی ماناوە جیاواز دەکەونەوە، چونکە ئەوەی دوایان، پێداویستییەکی ئامادەکردنی خواردنە. ئەوانەی ئەو گۆڕانکاریەیان لەو پیتەدا کردووە، لە ڕاستیدا بای ئەوەندە ئاگایان لە زمانی کوردی نەبووە، کە زمانی کوردی نووسین و گۆکردنی وەک یەکە و جیاوازە لە زمانەکانی دیکەی وەک عەرەبی و ئینگلیزی و ھەموو زمانەکانی دیکەی دنیا ، کە زۆرجار وشەیەک لە ڕووی نووسینەوە ھەڵگری پیتێکە، بەڵام خوێندنەوەی جیاوازە، ئەمە لە زمانی کوردی نییە. کاتێ دەڵێین (ھاوڕێ) ئەوا دەبێ بنووسرێت (ھاوڕێ) کاتێ دەڵێین (گورگ) ئەوا دەبێ بنووسین (گورگ). ھەموو وشەیەک لە زمانی کوردیدا دەبێ وەکو خۆی بنووسرێت، چونکە تاکە زمانە نووسین و گۆکردنی ھاوشێوەن. دواجار دەڵێم گۆڕانکاریی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ڕووی زمانەوە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەک و چەند لیژنەیەک و زمانزانێک نییە، کە ڕەنگە تیایان دابێت ساڵانە دە کتێب لە سەر زمان نەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەمە دەبێ بە ڕاوێژکردنی زانستییانە و فەرھەنگییانە و پلانی پەروەردەیی و میتۆدی بێت، بە مەرجێک گەر پێویست بوو گۆڕانکارییەکە بکرێت، نەک ئەوەی کەسانێک وا بزانن (و) و (وو) ھەریەکن وەک ئەوەی تێی گەیشتوون !
ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٣٩٣) ڕۆژی ٢٣/١٠/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.

































































سەدیق سەعید ڕواندزی









Discussion about this post