سەدیق سەعید ڕواندزی
گەلێک جار، لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردیدا، ڕٍووبەرووی دەستەواژەی نووسینی ئەکادیمی و نائەکادیمی دەبینەوە و بە بڕوای بەشێکی زۆر لە ئەکادیمییەکانی ئێمە، ھەر نووسینێک لە دەرەوەی ئەو بازنە و نێوەندەکانی زانکۆ بنووسرێت، ناشێ وەک نووسینێکی بابەتی و گرنگ، تەماشای بکەین و پشتی پێ ببەستین. ئەم جۆرە ھەڵسانگەندنە بۆ گوتار و نووسینی نووسەران، لە دوای گەشەکردن و بەرە و پێشەوەچوونی خوێندنی باڵا لە کوردستان و کردنەوەی چەندین زانکۆ، برەوی سەندوو بووە مۆدێل. بنەماڵەی ڕووناکبیری مەلا کەریمی مودەڕیس و کوڕەکانی، دەرچووی خانەقا و تەکییەی بیارە و تەوێڵەن، کەچی نووسینەکانییان لە بارەی شاعیرە کلاسیکەکانی کورد، ئەوەندە ورد و بابەتی و شڕۆڤەیین، ھیچ مامۆستایەکی زانکۆ نەیتوانیوە وەک ئەوان ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەرھەمانە بکات و ئێستاش بە سەدان ئەکادیمی بۆ ڕاڤەکردنی شیعری کلاسیکی، دەگەڕێنەوە سەر بۆچوون و لێکدانەوەکانی ئەوان. ئەوەی لە نووسیندا گرنگە، واتاو مانایە. ئەگەر نووسینێک ھەڵگڕی ئاماژەیەکی واتایی و بابەتی و مەعریفی بوو، ئیدی جۆری بڕوانامە و پێگەی زانست و پیشەیی، زۆر بایەخی نییە. لە نێو ئێمەدا، ھێندێک نووسینی ئەکادیمی ھەن، ژمارەی پەراوێَز و سەرچاوەکانییان لەو پەڕەگرافانە زیاترە کە نووسەر نووسیونی. نازانم نووسەرێک، ئەگەر سەدان پەراوێز و سەدان سەرچاوەی، لە کتێبێکی سەد ڵاپەڕەییدا بە کار ھێنا، ئیدی بۆچوون و تێگەیشتنەکانی ئەو لە کوێدا بوونییان دەبێت و جێگەیان دەبێتەوە؟ زۆرن لەو نووسەرانەی لە دەرەوەی بازنەی ئەکادیمیەوەن، کەچی نووسینەکانییان لە ئاستێکی بەرزی فیکری و مەعریفیدایە. بۆیە نابێ بنەمای نووسینێک بە پێوەری زانکۆیی و ئەکادیمی ھەڵبسەنگێندرێت. ئێستا بایەخێکی زۆر بە نامە ئەکادیمییەکان و ئەو تێزانە دەدرێت کە وەک نامەی ماستەرو دکتۆرا لە بارەی بابەتێکەوە دەنووسرێن و ئامادە دەکرێن. ئەم نامانە، ھێندەی لە پێناو وەرگرتنی بڕوانامە و بەرزکردنەوەی پێگەی کارگێڕین لە پێناو دەسکەوتی ماددی زیاتر، بە بڕوای من زۆر کەمیان لە پێناو ساغکردنەوەی مێژوویی و ئەدەبی و نووسینی داھێنەرانەن. تەنانەت زۆرینەیان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، ھیچ جیاوازییەکییان نییە لەگەڵ نووسینی کەسانی دیکەی دەرەوەی بازنە ئەکادیمییەکە. ئەمە وێرای ئەوەی ھەندێکییان ھەر تەنھا ئامادەکردنن نەک نووسین. ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کردبێت ئەو نامانەی کە چاپ دەکرێن، لە گەلێک ڕووەوە کەموکورتییان ھەیە وەک:_
یەکەم:_ زۆرینەیان جگە لە پەراوێزی بابەتی نووسەرانی دیکە و تێکھەڵکێشکردنی پەڕەگرافی نووسەران لە نامەکەدا، توێژەر خاوەنی ھیچ ڕاو سەرنج و ئیزافەیەکی خۆی نییە. بۆ نموونە: نامەیەکم خوێندەوە، تەنھا دوو سەدوو ھەشتا لاپەڕە بوو، کەچی نووسەرەکەی دوو سەدوو ھەژدە سەرچاوەی بەکار ھێنابوو، واتا بە نزیکی ئەوەی ھەر لاپەڕە و بۆچوونی کەسێکی دیکەی تێدا بوو. من نازانم لە کتێبێکی لەو شێوەیەدا، نووسەر خاوەنی چ جۆرە نووسین و ڕایەکی خۆیەتی، ئەگەر زانستییانەش نەبێت؟
دووەم:_ گەلێک جار، ڕەچاوی ھیچ بنەمایەکی ڕێزمانی ناکەن، وشە ھەیە بە چەندین ڕێنووسی جیاواز نووسراوە و ھەمانە وشەشە. وەک:_( میللەت_میلەت، تێگەیشتن_ تێ گەیشتن، جێبەجێکردن_ جێ بە جێ کردن) دەیان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش. ئەمە لەکاتێکدا ھەندێک لە ئەکادیمییەکانی ئێمە ڕەخنە لە زمانی نووسینی نووسەرانی تر دەگرن و تەنانەت بە نەخوێندەواریشیان دەزانن!
سێیەم:_ لەو نامانەدا، زۆرجار یەک زانیاریی مێژوویی و ئەدەبی، بە دوو شێوەی جیاواز نووسراوە. بۆ نموونە: لە نامەیەکییان شاعیرە تەلیعییەکانی ھەولێر ( نەوزاد ڕەفعەت، عەباس عەبدوڵا، دڵشاد عەبدوڵا) نووسراوە، کەچی لە یەکێکی دیکەیان (جەلال بەرزنجی، سەباح ڕەنجدەر، ئەنوەر مەسیفی، ھاشم سەراج، عەباس عەبدوڵا، دڵشاد عەبدوڵا ) نووسراوە. بە پێی زانیارییەکانی من، نەوزاد ڕفعەت لەو گرووپە نەبووە. ئەوەی بەلامەوە جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو، کە ھەردوو نامەکە، لە بارەی شیعرەوەن و تێزی ماستەرن. ھەردووکیشیان لەلایەن یەک مامۆستاوە سەرپەرشتی کراون، کە ئەکادیمییەکی دیارە و دکتۆرای لە ئەدەبی کوردیدا ھەیە. تۆ بڵێی ئەو دکتۆرە بەڕێزە، تێبینی ئەوەی نەکردبێت کە ناکرێت ئەو جیاوازییە لە ناوی شاعیران ھەبێت؟ یان ئەوەتانێ نامەکانی نەخوێندۆتەوە، یان بە ھەڵەی نەزانیوە! کە ھەردووکییان لە یەکتری خەوشدارترن.
چوارەم: درێژدادڕیەکی زۆر لەو نامانە، لە ڕووی نووسینەوە دەبینرێت، کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بەو بابەتەوە نییە کە وەک ناونیشان بۆ تێزەکە دەست نیشان کراوە. بۆ نموونە: کاتێ توێژەرێک باس لە وێنەی پیاو لە شیعری ژنە شاعیرێکی کورد دەکات، دەبێت زۆرینەی ھەرە زۆری تێزەکەی بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکات، چونکە ئەمە ناونیشانە سەرەکییەکەیە. بەڵام زۆرجار پێچەوانەی ئەوە دەبینین و تەنھا بە چەند لاپەڕەکی کەم باس لە بابەتە سەرەکییەکە دەکرێت و ئەوەی تریان تەنھا درێژکردنەوەیە و پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە بابەتەکەوە نییە.
پێنجەم:_ ناونیشان و ناوەڕۆکی ئەو نامانە، زۆرجار ھاوشێوە و نزیک و کۆپی یەکترین، تەنھا جیاوازییەکی کەمی ڕووکەشی و ناواخنی دەبینرێت. تەنانەت ناونیشان ھەیە، چەندین جار، کراوەتە تێزی نووسینی نامەیەکی ئەکادیمی لە شێوەی ماستەر یان دکتۆرا. من نازانم بابەتێک کە پێشتر نووسراو و قسەی لە بارەوە کرا، چ ھونەرێکی تێدایە کەسانێکی تر ھەمان بابەت دووبارە بکەنەوە؟
شەشەم:_ زۆرجار، لایەنە تیۆریی و پراکتییەکانی ئەو نامانە، یەکتری ناگرنەوە و پارادۆکسی گەورەیان تێدایە. بۆ نموونە: یەکێک لەو نامانە، باسی شیعری ئۆتۆماتیکی دەکات و ئەو شێوازە لە شیعر نووسین دەبەستێتەوە بە ناگایی ولایەنی نەستی مرۆڤ کە لۆژیک و ئەقڵ ھیچ ڕۆڵێکی تێدا نابینن، کەچی ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو ئەوە بوو، ھەموو ئەو شیعرانەی وەک نموونەی ئەو باسە لە کتێبەکە ھێنراونەتەوە، بەو پەڕی ئاگایی و لۆژیکی و دیدی ھزریانەوە لەلایەن شاعیرەکانەوە نووسراون. ئەمەش دەریدەخات کە زۆر بە دەگمەن لە سەر ناوەڕۆکی ئەو نامانە دەوەستن و تەنھا مەبەست وەرگرتنی بڕوانامە و بەرزکردنەوەی پلە ئەکادیمییەکەیە لە پێناو دەسکەوتی ماددی زیاتر و ھیچی تر نا.
دواجار دەڵێین، ئەگەرچی ئەکادیمییەکانی ئێمە، ھەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھەر لێکۆلینەوەیەک و نووسینێک، کەسێکی ئەکادیمی نەینووسیبێت، یان سەدان سەرچاوەی تیادا بە کار نەھاتبێت، ئەوا ناشێ وەک نووسینێکی مەعریفی ببینرێت و پشتی پێ ببەسترێت. لە کاتێکدا نووسین نووسینە، ئەکادیمییەک بینووسێت، یان کەسێکی ئاسایی ، ئەوەی گرنگە ناوەڕۆکی نووسینەکەیە نەک شوناسی پیشەییانەی. مەگەر ئەوەی ھەژار موکریانی بۆ نەتەوەکەیی و زمانی کوردی کردوویەتی، بە ھەزاران لە ئەکادیمیییەکانی ئێمە ئەوەیان کردووە؟ وەڵامەکەی بۆ خوێنەران جێدێڵین.
سەرنج: لە بەر ناو و ناوبانگی نووسەرەکان، ناوی نووسەری نامەکان و سەرپەرشتی تێزەکانم نەھێناوە، دەنا دەتوانم بە بەڵگە ناوی ھەموویان بنووسم.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) ژمارە(١٢٧٣) ی ڕۆژی ١٤/١٢/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.