سەرەتا وەک رۆژنامەوان و پاشان وەک رێزێک بۆ ئەو رۆژانەی لە سەتەلایتی گەلی کوردستان بووم ، پێم خۆش بووە و ئێستاش دەمەوێت لە ھەرکات و شوێنێکدا بم، پێشکەوتوویی و راستگۆیی و سەرکەوتنی ئەو کەناڵە ببیستم. بەلام بەداخەوە وەک دەڵێن ڕەنگە ئەوە (خۆزگەی ژێر گڵ) بێت.
پێم وایە کە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لەو کاتەی لە ئەزمڕ بوو لە ڕووی متمانە و بینەر و پەیام و مەھامی راگەیاندنەوە، لە سەتەلایت و کەناڵە ناوخۆییەکەی ئێستا زؤر پێشکەوتوتر بوو، تەنھا لە ڕووی دارایی و تەکنیک و ڕوکەشەوە نةبيَت. ڕەنگە ئەو پرسیارە لە کارمەند و ستافی بەشەکانی ئەوکەناڵە بکرێت (بەبێ سانسۆر) ھاوڕام بن.
ئێستا سەتەلایتێک بەو ناوە گەورەیه (سەتەلایتی گەلی کوردستان) بەو ھەمووە دەستەی کارگێڕ و ستاف و کارمەند و بەشەی کە ھەیەتی ڕۆڵی بەرنامەی (رەنگاڵە و کەشکۆڵ)ی جاران ئەبینێت، وەک ئەوانیش مەبەست ناپێکێت.
زمانێک بەکار دەھێنێت کە تایبەتە و راگەیاندنی کۆمیدییە، کۆمیدییایەک کە بینەر ناخاتە پێکەنین بەڵکو توڕە و بێزاری ئەکات. بە ناو کەناڵێکی ھەواڵییە بەڵام جگە لە وەڵام و پەرچە کردار بەرامبەر بە ھەواڵ و ڕای نەیارەکانی شتێکی ئەوتۆی تیا نابینرێ!
دووا بەرھەمیششیان ڕاپۆرتێکە لەسەر درامای کۆری (دۆنگی) کە باسی لە ھەوڵ و شێواز و چۆنیەتی بەدەست ھێنانی دەسەڵات و دووایش خراپ بەکارھێنانی دەکرد، وانەیەکی باش بۆ بۆ ئەوەی ھەموو بەرپرس و دەسەڵاتدارو چاودێر و خەڵکە ئاساییەکان بزانن گرفتەکان لە کوێیە! بزانن سیاسەت بۆگەن نییە ئەگەر نیەتێکی بۆگەنی لەپشتەوە نەبێت! ببینن کە راستی دەیان ساڵ ڕێگری بکرێت ھەر سەرئەکەوێت.
دڵنیام ھەمووتان تێبینی ئەوەتان کرد کە لە سەرەتاوە (خاتوو جانگ و دەستەکەی) بەر لە (دۆنگی و ھاوڕێکانی) دەستیان ئەوەشاند و دواییش دەرئەنجامەکان بە زیانی نەیارەکانی ئەشکاندەوە، تا لە کۆتاییدا فێڵ و تەڵەکەبازی و جادوو.. لەبەرامبەر نیەتی پاک و راستیدا شکستی ھێنا.
لەوەشدا سەتەلایتی گەلی کوردستان پەلەی کرد، لە جیاتی ئەوەی جوانی و گەورەیی ئەو بەرھەمە دۆبلاژەی کۆمپانیای خاوێ فلم و کەناڵی کوردسات بەرز بنرخێنن و کار بۆ چەسپاندنی وانەکانی بکەن، پەیامنێرێکی ڕووخۆش ئەھێنن (کە لەوانەیە حەزی لە شوھرەت بێت) ئەیکەن بە خاتوو جانگ، لە راپۆرتێکدا پێش ھەڵسەنگاندن و لێکچواندنی بارودۆخەکان ئةکەوێت و بە ویست و سیاسەتی کەناڵەکە (کە رەنگە ویستی ھەموو حزبەکەشی نەبێت) ھەموو بکوژ و پلان گێڕەکان ئەکات بە (ھەڵسوڕاوی گۆڕان). نازانێت بینەر بێ ئاگا نییە و ئەزانێت نیەتی پشت ئەو راپۆرتە چۆن لێک بداتەوە!
دووريش نییە رۆژێک بێت، ئەو پەیامنێرە وەک (نوسەرەکانی شەڕی براکوژی) پەنجەی پەشیمانی بگەزێت و ھەموو تەمەنی ببەخشێت بۆ سڕینەوەی ئەو رۆژەی وشەیەکی نوسیوە کە بۆنی شەڕانگێزی و فیتنەی لێ دێت. لە کاتێکدا ئەیتوانی ئاشتیخوازێکی باش یان رۆژنامەوانێکی راستگۆ بێت، یان ھەر ھیچ نەڵێت ھییيچ!
شنروێ