تیپی موزیکی (خانزاد)ی کچان تەمەنێکی کورت و خزمەتێکی زۆر
ن: کامەران حاجی ئەلیاس
ھونەری موزیک و گۆرانی ھونەرێکە لەزۆربەی شوێن و کاتدا بوونی ھەیە لەماڵ، لەکاتی کارکردن، لەناو ئۆتۆمبیل ..مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی گوێبستی موزیک یان گۆرانی بێت لەنێو کوردیش گرنگی زۆر بەم بوارە دراوەو دەردێت..چەندین موزیک ژەن و گۆرانیبێژو تیپی موزیکی کوردی ھەن، کەخزمەتێکی زۆریان کردوە ئەوەی مەبەستمە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین تیپی موزیکی(خانزادی کچان)ە لەھەولێر کە لەتەمەنێکی زۆر کورت خزمەتێکی زۆری ھونەری موزیک و گۆرانی کوردی کرد بەجۆرێک یەکەم تیپ بووە لەسەر ئاستی عێراق کە ھەموو ژنیارەکان و گۆرانی بێژەکانی ئەم تیپە تەنیا ئافرەت بن.
(تیپی موزیکی خانزادی کچان)، لەساڵی (١٩٨٠) لەسەردەستی ھونەرمەند گەورەی کورد مامۆستا (وریا ئەحەمەد) دامەزرا توانی لەماوەی (٣-٤) ساڵ دوای راھێنان و مەشقێکی زۆر تیپێکی خەنجیلانە دروست بکات، تیپێکی موزیک بەناوی (خانزاد) مەبەست لێی “خانزاد”ی میری سۆرانەکە یەکێکە لەئافرتە ناسراوەکانی مێژوی نەتەوەکەمان دوای ئەوەی ھاوسەرەکەی “میر سلێمان بەگ” لەلایەن دوژمنانی کوردەوە ژەھرخوارد کرا لەساڵی ١٥٩٧، لەشاری بەغدا کۆچی کرد، خانزاد جڵەوی دەسەڵاتی میرایەتیی میرنشینی سۆرانی گرتە دەست، نامەوێ باسەکە بگۆرم بەڵام لەم سەردەمەدا ناو نانی ئەو تیپە بەم ناوە ماناو مەدللولی زۆر ھەڵدەگرێت.
تیپەکە لەچەند ئامێر ژەنێک پێکھاتبون لەسەر ئامێرەکانی (کیبۆرد، گیتاری سۆڵۆ، گیتاری باس، کۆردگیتار، فلووت، کلارینێت، ئۆکۆردیۆن، درامز، تەپڵ، بۆنگۆز، کەمان،..ھتد) لەگەڵ چەندین موزیکژەن وەکو (شعائع تارق لەسەر ئامێری ئۆرگ، سۆزان فایقو رێزان حەمید لەسەر ئامێری کەمان، ڤیان قاسم لەسەر ئامێری کلارنێت، نادیە لەسەرئامێری ئۆکۆردیۆن، سۆزان حەمید لەسەر ئامێری ئیقاع، ڤیان فائق وکچێک بە ناوی سەراب، لەسەر ئامێری گیتار، کچێکی تر بەناوی وەردە دەڤ ژن بو لەگەڵ چەندین ئافرەتی تر… یەکێک لەگۆرانی بێژە دیاری ناو تیپ ئافرەتێک بوو بە ناوی (ڤیان فائق) کە لەزۆربەی چالاکی ھونەری ئەو کات بوونی ھەبو، یەکێک بووە لەو ئەندامانەی کە زۆر چالاک، لەنێو تیپ بونی ھەبووە، زۆر ھەوڵمدا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتۆگۆی لەسەر تیپو گۆرانییەکانی لەگەڵدا بکەین بەڵام ھەوڵەکان بێسوود بوو،تەنیا ئەو زانیاری ئەوەم دەست کەوت کەئێستا لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانە لەھەمانکاتدا دوورکەتوتەوە لە ھونەری گۆرانی وتن، بەڵام ئەو لەزۆربەی چالاکیو فیستیڤاڵەکان بەشدارییەکی کارای ھەبووە.
(تیپی موزیکی خانزادی کچان) تاکە تیپ بو کە ھەموو ژانیارەکانو گۆرانی بێژەکانی تەنیا ئافرەت بون کاتێ لەبەغدا فیستیڤاڵکی ھونەری گۆرانی لەسەر ئاستی عێراق ساز دەکرێت زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بەشدار دەبن تیپی موزیکی خانزاد بووە جێگای سەرسوڕمانی ئامادەبووانو سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە، ھەربۆیە دەست خۆشییەکی زۆر ئاراستەی سەرپەرشتیارو ئەندامانی تیپەکە کرا.
لەساڵی ١٩٨٢ تیپەکە بەشداری (فیستیڤاڵی دووەمی ھونەری کوردی ـ ھەولێر) کرد کۆمەڵێ گۆرانی لەو فیستیڤاڵە پێشکەش کرد، لەساڵی ١٩٨٣ ،کۆمەڵێک گۆرانیشی بۆ تەلەفزیۆنی ئەوسا تۆمارکرد، بەمەش تیپەکە دەنگ دانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، زیاتر کوردستانیان بەتیپەکە ئاشنا بوون دوای ئەوە تیپەکە لە چالاکی ھونەری بەردەوام بوو لەزۆر بەی فیستڤاڵی ھونەری گۆرانیو موزیک بەشداری کارای ھەبوو وە بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی کرد یەکێک لەو بەرنامانە بەرنامەی ھەرجارەی لەپارێزگایەک (سھرە ئەربیلییە) لەتەلەفزیۆنی عێراق بوو چەندین گۆرانی لەو بەرنامەیە پێشکەش کران وەکو (ھەی مینە عەمرم مینە ، ھۆپ زندانو ھۆپ زندان، دەک نەمینێم ئەلەززە، ئایشۆکی دەلالی دبلا وابی ھەروابی ،وەزتازەممە وەزتازەممە، خان ئەمیری) لەگەڵ گۆرانی پەشیمانی لە ھۆنراوەی شاعیرەی گەورەی کوردی گۆران ئاوازی ھونەرمەند وریا ئەحمەد ووتنی کۆرس.
ئەوەی راستی بێت من زۆر ھەوڵمدا ئەندامانی ئەو تیپە بدۆزمەوە بۆ ئەوەی گفتۆگۆیەکی ھونەرییان لەگەڵ ساز بدەم باس و خواسی تیپەکەیان لەگەڵ بکەم، بەداخەوە بەھۆکاری ئەوەی زۆبەیان لەھونەرەکە دوورکەوتونەتەوە ،یان لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ژیان دەگورزەێنن، ئەو دەرفەتەم بەنەگونجا، بەڵام لەرێگەی مامۆستای ھونەرمەند وریا ئەحمەد توانیم پەیوەندی بە خاتوو (ناسکە عزەدین مەحیەدین) بکەم کە ئێستا مامۆستایە لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ھەولێر تاکە ئەندامی ئەو تیپەیە تائێستا بەردەوامە کە جگە لە بواری موزیک و سروود لەبواری دیزاینش دەستێکی باڵای ھەیە.
ناسکەخان پێراگەیاندم، کە ئەو ھەر لەسەرەتای دامەزراندانی تیپ لەساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بەتیپی (خانزاد) کردوە ھەروەھا دەڵێت: بەسەرپەریشتی ھونەرمەند وریا ئەحمەد ئەم تیپە دامەزرا ئەو راھێنان و مەشقی پێکردین کۆمەڵێ ژەنیاری بەتوانا لەژێر دەستی ئەم کەڵە ھونەرمەندە پێگەیشت منیش وەکو ژنیاری فلوت بەشدار بووم خۆشم دەرچووی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی موسڵ بەشی موزیکم لەکۆتییدا وتی: شانازیش دەکەم کە ئەندامێکی کارای تیپی (خانزاد) بووم، بەشداری سەرجەم چالاکیەکانم کردوە.
لەو کاتەی لەساڵاکانی ھەشتاییەکان شەڕی نێوان عێراق و ئێران تا دەھات شەڕەکە زۆر گەرمو خوێناوی تر دەبوو بۆیە ھەموو شتێکی دەوڵەت لەخزمەت ئەو شەڕە بوو کاتیش داوا لەو تیپە دەکرێت سرودو گۆرانی بۆ بەعس و دکتاتۆرەکەی بڵێن مامۆستای ھونەرمەند وریا ئەحەمد واز لە تیپەکە دەھێنێت لە دوایی ئەو چەند ھونەرمەندێک لەو شوێنی ئەو دانرا وەکو ھونەرمەندی خوالێی خۆشبێت (شێرزاد عوزێری) بەڵام ھیچ بەرھەمێکی ئەوتۆیان نەبوو، بۆیە تیپەکەش دوای چالاکی وەک پێویست نابێت.
ئەو فاکتەرەی وای لەئێمەمانان کردوە بەو کورتە باسەئەم تیپە وەبیر ئێوە بھێنینەوە بۆ ئەو خزمەتە پڕشکۆییەی تیپی موزیکی خانزادی کچان بووە بە تایبەتی ھەوڵ و کۆششی مامۆستای ئازیزی ھونەرمەند (وریا ئەحمەد) کەلەو بارو دۆخەدا خزمەتێکی بەرچاوی ھونەری گۆرانی موزیکی کوردی بکات لێرە دەست خۆشی لێدەکەم لەھەمانکاتدا سوپاسی دەکەم بۆ پێیدانی زانیاری لەسەر ئەم تیپە پڕ بەخشندە لێرەشەوە سوپاسی خوشکی بەرێزم (ناسکە) خان بۆ ھاوکاریو پێدانی زانیاری بۆ نووسینی ئەم بابەتە.
Discussion about this post