دیــدار نانەکەلی : لە قۆناغی ئەمرۆیدا،کوردستان بەجۆرێک قەیران و داخلیسکانی ئەزمووندا تێدەپەڕێت کە دەبێتەھۆی لەناوچوونی زۆرینەی ھەرە زۆری ھەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئێستا بە سود و بەرژەوەندی باڵا و دەسکەوتی نەتەوەیی ھەژماریان دەکەین.
مەسەلەی ئاوێتەبوونی بازرگانی بەنێو ھەموو کار و پیشە و کایەکانی ژیانی ئێمە, مەترسیەک دروست دەکات کە دەرئەنجامێکی زۆر روونی ھەیە لە وێران بوون و نغرۆبوونی ھەموو نەریت و گوفتار و پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی، کە دواجار وێرانبوونی شیرازەی تەواوی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە.
چونکە ئێستا ئەوەندەی پیاوی سیاسەت و ئەندازیار و پزیشک و سەنعەتکار ئەزموون و شارەزاییان لە لە رێگای بازرگانی پێکردنی کارەکەیان ھەیە , ئەوەندە تایبەتمەندی کار و سەلیقەیان لە کارە راستەقینەکەیان نیە.
دیاردەی پڕکردنی گیرفان بە رێگای نادروست ئەمڕۆ پتر لەھەرمەسەلەیەکی دیکە زەق بۆتەوە, بە جۆرێک کە زۆرینەی گازاندەی ھاوڵاتیان لەخۆ دەگرێت.
تەنانەت ئەگەر ئەو بازرگانیکردن و قاچاندنەوەی کاربەدەست و نامەسئولەکانی ئەو ووڵاتە کەلەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانی خەڵک کاری بۆدەکەن رێگایەکی بۆ بدۆزرێتەوە, بەڵام بەھیچ شێوەیەک ناکرێ بێ دەنگ و دەستەوەستان بین لەھەمبەر ئەو مافیا ترسناکانەی بە ناوی پیشەی پڕ لە ئینسانیەت و خێرەومەندانەی پزیشکی کەوتوونەتە گیانی ھاوڵاتی بێ خاوەنی ئەو ووڵاتە, بەشێک لە بەناو دکتۆرەکانی کوردستان دوور لەھەموو بەھا پیرۆزەکانی ئەو ئامانجەی تەنھا بە شێوە لەکۆڵیان گرتووە, جۆرێًک بازرگانی بە پیشەکەیانەوە دەکەن کە ھیچ بزنسمانێکی ئەو ووڵاتە لەتوانایدا نیە بەو فراوانیە رێگای بۆ بدۆزێتەوە,
ئەوەتا بەشێک لەو دکتۆرە پول پەرستانە, لە شوێنی برین و ئازار و مەینەتی ھاونیشتیمانی داماوی خۆی، چاوی لەوەیە چۆن زۆرترین قازانجی مادی لەھەر نەخۆشێک بەدەست بێنێت.
ھەر لەو پەیوەندیە بێ بنەمایەی لەگەڵ دەرمانخانە و تاقیگە و نەخۆشخانە تایبەتیەکان ھەیەتی ، تاوەکو ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری قورس کە لە راستیدا نەخۆشەکە پێویستی نەبووە,
خۆ ئەگەر بھاتبایە ئەو گیرفان بەتاڵکردنەی ھاوڵاتیانیان حەڵال کردبایە بە پێشکەوتن لە ئەزموون و شارەزایی خۆیان و رۆیشتن لەگەڵ پێشکەوتنە بەردەوامەکانی کەرتی تەندروستی لەجیھان، ئەوا قسەیەکمان نەبوو.
وەلێ دڵساردیمان لێرە دەست پێدەکات، لەگەڵ ئەو خۆبەزلزانینەی بەشێکیان کەچی نەخۆشی کورد بۆ بچوکترین کێشە ناچارە رووبکاتە ھیندستان.
بۆ چارەسەری ئەو برینە قوڵە پێویستە حکومەتی ھەرێم چیتر بەو خەمساردیە چاو لەو تراژیدیایە نەکەن، چیتر نەھێڵدرێت دەرمانی زیان بەخش لەسەر ھاوڵاتیانی تاقیبکرێتەوە, چیتر رێگە نەدات ئەو بەشە لە دکتۆرە بازرگانانە بە ویستی خۆیان برینی نەخۆش قوڵتر بکەن. بۆیە دەکرێ دووبارە بەرپرسیارەتی راستەقینە پۆلین بکرێتەوە و رێگە نەدرێت ئەوانەی وەکو مافیا دەجولێنەوە و ناونیشانی فریشتەیان ھەڵگرتووە دەستیان واڵابکرێت لە کارەکانیان. پێویستە ھەرچی زووە بەشێوەیەکی مەسئولانە چاو بەنەخۆشخانە تایبەتیەکان بخشێندرێتەوە و مەرج و رێنمایی و چاودێری توندیان بخرێتە سەر, چونکە ناکرێ ووڵاتێک لەسەر ھەوەس و ویژدان ئیدارە بکرێت, ویژدانێک کە سەردەمێکە ژەنگی ھەڵھێناوە و جگە لە سەروەت و سامان ھیچی دیکە نایجولێنێت.