کارۆخ مەلائەسعەد:” گۆرانیبێژ (تیرێژ) لە مانگی ١٠ـی ساڵی ڕابردوو بە سپۆنسەری کۆمپانیایی (تیکۆ) بۆ کاروباری ھونەریی، ئەلبوومێکی بەرھەم ھێنا، ئێستا ھەمان کۆمپانیا دووبارە سپۆنسەری کلیپکیان بۆ کردووە.
(تیرێژ) بە “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند گۆرانیی (تۆ ڕۆژی) کە ئەو گۆرانییە یەکێک بوو لە تراکەکانی ناو ئەلبوومی لۆریجانی، لە وڵاتی تورکیا لە شاری ئیستانبووڵ کلیپی کردووە و، لە ئێستایشدا تەواوی وردە کارییەکانی ئەو کارەی بە کۆتا ھاتووە، بڕیاریشوایە لەو ھەفتەیەدا لە سەرجەم کەناڵەکانی ئاسمانی و لۆکاڵییەکان پەخش بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: “ئەو گۆرانییە تێکست و ئاواز و سینارێۆی کلیپەکە ھیی خۆمە.
ھەروەھا لە دەرھێنان و وێنەگرتنی (کاروان میسک)ـیە، مونتاج (ئارام محەممەد) بووە، سپۆنسەری سەرجەم کارەکانیش (شڤان بارزانی) بووە، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆیە، دەخوازم ئەو کارەم ببێتە ڕەزامەوندی ھەموو گوێگرانم.”
ئەوەیشی خستە ڕوو کە لە مانگی ڕابردوودا کۆنسێرتێکی ھەر لە شاری ئیستانبووڵ ئەنجامدا بوو، دەڵێت: “لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەند کۆنسێرتێکی دیکەم لە باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا بۆ ڕێک دەخرێت.”
لە کۆتاییدا گوتی: “دوو پڕۆژەی دیکەی ھونەریم لە ھەگبەدا ھەیە، ھەوڵ دەدەم زۆرێک لەو تراکانەیش کلیپ بکەم کە لە ئەلبوومی لۆریجانمدا ھەن، وەلێ بە ھیوام بەو کارانەم بتوانم زۆربەی لایەنگرانی خۆم دڵ خۆش بکەم.”