عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی: ژیان پڕۆژەیەکە کە خۆت دروستی ئەکەیت، تام و چێژێکی تایبەتیتری ئەبێت ئەگەر لەو گەشتەدا تۆ خۆت شۆفێربیت و خۆت بڕیار بدەیت کە بەرەو کوێ لێبخوری و کەی لابدەیت بۆ پشو. ئەمەش ئەوە ئەگرێتەوە کە تۆ خۆت بەرپرسی لەوەی کە لە ژیانتا ڕوو ئەدات.
کە بەرپرسبیت لە ژیانی خۆت و بڕیارت دابێت کە سەرئەنجامی هەر ڕووداوێك لە ژێر دەسەڵاتی خۆتدابێت. کە چیتر تۆ خەتا نەخەیتە سەر کەسێکیتر کاتیك کە شتەکان بەدڵی تۆ ناڕۆن لەبەر ئەوەی تۆ ناچار ئەبیت کە وابزانیت کە خۆشت بە بەشێك لەو ڕوداوە بزانیت. بەڵام کە بەرپرسیاربیت مانای وایە کە تۆ بوارێکی گەورەت لەبەردەمدایە بۆ گەشەکردن و هەڵبژاردنی کوالیتێکی باشتر بۆ ژیانت.
کاتیك کە ئەڵێم تۆ شۆفێری گەشتەکەی خۆتی مەبەستم لەوەیە کە تۆ بەئاگایانەتر هەڵبژاردن ئەکەیت و کار ئەکەیت لەگەڵ بیرکردنەوەکانتا بۆ ئەوەی داهاتووت ببینی. وەك شۆفێرێکی باش تۆ هەوڵ ئەدەیت کە پلانت هەبێ لە گەشتەکەتدا بۆ ئەوەی دووربیت لە هەرشتێکی ناپێویست کە ببێتە هۆی دڵتەگیت. تۆ هەوڵ ئەدەیت کە ئاگاداری خێراییەکەت بیت و خۆت لەگەڵ ڕێگاکاندا ئەگونجێنی، وە ئۆتۆمبیلەکەت بە باشی و پاکو خاوێنی ئەپارێزیت هەروەها لەهەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە تۆ وەك شۆفێرێکی باش ڕێز لە شێوەی لێخوڕینی شۆفێرەکانیتر ئەگریت.
کەواتە تۆ چی هەڵئەبژێریت؟ کاتیك کەتۆ هەستت کرد کە بەخۆت ئەڵێی (من ژیانی خۆم هەڵئەبژێرم) ئەو کاتە تۆ کۆنتڕۆڵت زیاتر ئەبێت بەسەر گەشتەکەتدا و زۆر خۆشتریش ئەبێت. کە ببیتە شۆفێری ژیانی خۆت کارێکی بەردەوام و هەمیشەییە بە شەو ڕۆژ. ئەتوانم بڵێم کە ئەمە ئەرکێکی ژیانیشە. شۆفێرێکی باشی ژیان بە ئاگایانە بەرپرسە لە ژیانی خۆی، بیرکردنەوەکانی و کاردانەوەکانی، تەندروستی و پەیوەندیەکانی وە هەوڵئەدات کە تێبگات کە چۆن هەموو ئەمانە کارئەکەنە سەر ئیستاو داهاتوو.
بەڵام ئەگەر تۆ وەك نەفەرێك لە ئۆتۆمبیلێکدابیت ئەم بەرپرسیەت لەدەست ئەدەیت. تۆ کۆنتڕۆڵت نابێت و ناشتوانی کاربکەیتە سەر ئەو شتەی کە لە ژیانتا ڕوو ئەدات. وە لەو بارەشدا هەمیشە کەسانیك ئەبن کە ژیانی تۆ خەتابار ئەکەن لەبەر ئەوەی کە وانەبووە وەك تۆ خۆت بیرت لێکردبوویەوە، ئەوانەش کەسانێکن کە تۆ خۆت سوکانی ئۆتۆمبیلەکت یاونەتێ. بەداخەوە کە کەسانێکی زۆر هەن لە سەر زەوی کە تەنها نەفەری ئەکەن لە باتی ئەوەی کە خۆیان شۆفێری ژیانی خۆیانبن. زۆرێك لەو کەسانە خۆیان بە ئاگایانە نەفەرییان هەڵبژاردووە، بەڵام زۆرێکیتریش ئەڵێن کە ئەوان هیچ جۆرە مۆڵەتنامەیەکی شۆفێریان وەرنەگرتووە و هەندێکیش وا ئەزانن کە ئەوە مەحاڵە کە بتوانی شۆفێری ژیانی خۆت بیت.
هەوڵبدە کە بەزووترین کات مۆڵەتنامەی شۆفێری و دەسەڵاتی ژیانی خۆت بەدەست بهێنی هەتا باشتر لە خۆت و ژیان تێبگەیت و بگەیتە لووتکەی کۆنترۆڵی خۆیی. باشترین شێواز بۆ بەدەستهێنانی ئەو شۆفێریە تۆ بەهۆی ڕاهینانە دەروونیەکانەوە سودیکی زۆر وەردەگریت و ڕۆژانە زیاتر درك بە خۆت و بەپرسیاریەتیت ئەکەیت لە ژیانی خۆتداو هەوڵ ئەدەیت کە بە ئاسانترین شێوە هاوکارێك بێت بۆ ژیانێکی باشتر بۆ دەوروبەر و تەواوی مرۆڤایەتی.
سەرکەوتوبن