ن/جەلال قادر : هەر لە مندالییەوە عاشقی تۆپی پێ بووم . ئیرەییم بە یاریزانە لێهاتوو زیرەکەکان دەبرد. دەمگوت بۆ منش ناتوانم وەک ئەوان ئهو كارامهييه و تهكتيكه ناوازهيه پيشانبدهم؟!.
چونكه خێرايى و لیاقەيهكی باشم هەبوو لە هێلی هێڕشبردن یاريم دەکرد، تا ئەو ڕۆژەی لە گۆشهی گۆلی یانهی بەرانبەر ڕاوەستابوم یاریزانێک پاسێکی بۆ تێگرتم . دەبوایە بە لێدانى سهرئاراستهى گۆڵى دژبهرهكهمى بكهم، كهچى بههۆى بێئهزموونيمهوه پێم بۆ هەڵبڕی و تۆپەکە بەبان سەرم ئاودیو بوو . گوێم لە هەراو هۆریای هاندەرەکان بوو گاڵتەیان پێکردم . لەو ڕۆژەوە لە هێلی هێڕشبردن کشامەوە بۆ هێلی بەرگری .
بۆ ماوەیەکی کورت لەگەل یانەکەم لە هێلی بەرگری یاریم کرد، کەچی یاریزانەکانی بەرانبەربە ئاسانی تۆپیان لێم ئاودیو دەکرد. منیش لێیان تووڕە دەبووم و پاشەقوولم لێیاندەدا. تا ڕۆژێکیان لێدانى مەقەستم لە یاریچیەکی لێهاتووی بەرانبەر وهشاند و قاچێكیم شکاند ، ئیتر لەو ڕۆژەوە بێزم لە خۆم دەکردەوە دەمگوت ڕەنگبێ من بۆ يارى تۆپى پێ دەستنەدەم، بۆ ماوەیەک وازم لەیاریکردن هێنا. لەو ماوەیەدا دڵم تەنگ دەبوو گریانم دەهات ..حەزم دەکرد بگەڕێمەوە ناو گۆڕەپانی یاری.
دایکم لێیپرسیم : ئەوە بۆ وازت لە تۆپى پێ هێناوە؟
منیش وتم : دایکە ، نازانم باش یاری بکەم ..هاوڕێکانم تانهوتهشهرم تێدهگرن.
دایکم وەلامیدامەوە : کوڕم پێویستت بە مەشقکردن هەیە!
بۆ سبەینێ دایکمم بینی چەرمێکی بەدەستەوەیە و بە سوژن و داو خەریکی دروستکردنی تۆپێکە . سەرم سووڕما و لێمپرسی : ئەوە چیدەکەیت؟ .و
وتی : کوڕم ، ئەمە تۆپی بەختی تۆ دەبێت.
وتم : دایکە دەبێت خۆم فێری یارکردن بکەم ئنجا شەق لە تۆپ بدەم .
دایکم وتی : خەمت نەبێت ئەم تۆپەت خۆشبوێ فێری یاریکردن دەبیت .
لە پاش چەند ڕۆژێک دایکم تۆپێکی جوانی بۆ دروستکردم ، وەلفێکشی تێکردبوو بۆ شوێنی هەوا تێکردن و بەتاڵ کردنی..تۆپەکە ڕەنگێکی سپی وقاوەیی هەبوو، ڕەنگە قاوەیەکە دەتگوت تۆپەلێ قوڕە پێوەی نوساوە، خەتێکی بازنەیی بە ناوەڕاستی تۆپەکەوە کێشابوو لاموابێ ئەوە جێگای دوورمانەکە بوو.
ستايشى دایکم کرد و لە حهوشى ماڵهكهى خۆماندا یاریم بە تۆپەکە کرد ، بینیم تۆپێکی نەرم و نیانە بە شەق لێدانی زۆر لە تۆپەکانیتر خۆشتر بوو. بردمە گەڕەک ، هەر لەسەر کۆلانەوە دەستم کرد بە یاری کردن بە تۆپەکە تا گۆڕەپانەکە. هاوڕێکانم لێم کۆبوونەوە وتیان : ئەم تۆپەت لە کوێ پەیدا کردووە .
وتم : دایکم بۆی دروست کردووم .
ئەو ئێوارەیە تا تاریکداهات لەگەل هاوڕێکانم یاریمان کرد. بۆ شەو لەگەل تۆپەکەم نوستم . ئەمە یەکەمین جاربوو تۆپێک هەبێت بەو جۆرە خۆشمویستبێت.
کاتێ چووم بۆ قوتابخانە تۆپەکەم لەناو جامخانەکەی ماڵەوە شاردەوە. هەردەم بیرم لەوەش دەکردەوە کە چۆن منیش بتوانم ببمە یاریزانێکی لێهاتوو. لە پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر بڕیارمدا ببمە گۆڵچى .
گۆڵپارێزێکی لێهاتوو بووم، هەرزوو ناوبانگم دەرکرد..گۆڵچیەکی چاونەترس و ئازا بووم گوێم لێنەبوو سەرم لە ستوونی گۆلەکە بدات یاخود دەستم بشکێ، زەرگم بۆ تۆپ هەلدەداو دەمگرتەوە ..ڕۆژانە وەک باڵندە دەفڕیم بەئاسمان . ئەوەندە دڵخۆش بووم بەوەی کە بۆ دواجار توانیم شوێنی خۆم بدۆزمەوە لە یاریکردن.
ئەو ڕۆژانەی بە تۆپی بەختەکەم یاریمان بکردایە هەرگیز گۆڵم لێنەدەکرا، ئەم تۆپی بەختەم زۆر سەیربوو دەتگوت من دەناسێ لە ئاسمانەوە دەسوڕایەوە دەکەوتە ناو باوەشم ،هەر چۆن شەقیان تێهەلدایە ڕوو لە گۆڵ منیش باوەشم بۆ دەکردەوە لە چرکەییدا بەیەک دەگەیشتین..ڕۆژ بەڕۆژ تۆپەکەم خۆشتردەویست هەموو شەوێکش بەتەنیشت جیگامەوە دامدەنا بەیانیان زوو کە لەخەو هەلدەستام دەمبینی وا لەژێر بەتانیەکەم خۆی شاردووەتەوە لە برى بەیانی باش بەنەرمی شەقێکم لێدەدا ئەویش خلۆر دەبووەوه بهرهو خوار ..بەم شێوە من و تۆپەکەم بووین بە دوو هاوڕێی ڕاستەقینە ، بێ ئەو بۆ هیچ شوێن نەدەچووم.
بە دایکم وت کە ئەم تۆپە بەختی منی کردووەتەوە. دایکشم دەیگوت : کوڕم منیش خۆشی دڵی تۆم دەوێت.
ڕۆژێکیان یانەی شار هاتن بۆلام و داوایان لێکردم ببم بە گۆڵچیان ..منیش تازە لاو بووم بەم پێشکەوتنەم یەکجار دلخۆش بووم. لە ماوەیەکی کورتدا بووم بەباشترین گۆڵچی شار. لە خولی یانەکان شار و ولات بە براوەیی دەگەڕاینەوە . یاریزانەکان دەستخۆشیان لێدەکردم دەیانگوت تۆ بوویته هۆی سەرکەوتنی یانەکەمان. نازناوم دەرکردبوو بۆ کوێ بچوومایە خەلکی داوایان لێدەکردم وێنەم لەگەل بگرن، بۆ هەر گەڕەکێک بچوومایە مندالانی گەڕەک لێم کۆدەبوونەوە ، دەنگ و باسی تۆپی پێیان لێدەپرسیم ، ئنجا هەموو یارییەکانی ڕابووردیان بۆ شی دەکردمەوە ..هەموو زەرگ و خۆهەلدانەکانی منیان ئەزبەر کردبوو، بە پێکەنینەوە لێیاندەپرسیم ئەوە چۆن دەتوانی وەک سوپەرمان خۆتبهاویت بۆ ئەو تۆپانە؟ منیش دەمگوت ئەوە خۆشەویستی منه بۆ تۆپێن.
ئینجا دەیانگوت : ڕاستە ئەو تۆپەی لەدەستتدایە تۆپی بەختتە .
دەمگوت : نا دیاری دایکمە..
باوەڕیان نهدهكرد ودەیانگوت ئەو تۆپە جادوویانە.
لەپاش ئەم قسەوباسانە چیتر یانەکانی بەرانبەر ڕازی نه دەبوون بە تۆپەکەی من یاری بکرێ . لەبەر ئەوەی من بەتهواوی عاشقى گۆلچیەتی چووبوە دڵمەوە سنووری دهڤەرەکەی خۆم دەپاراست، هەرکە هێڕشبەرێک بەرەو ڕووم بهاتایە لێی دەچوومە پێش و گۆڵەکەم لێبچووک دەکردەوە هێڕشبەرەکەم ناچار دەکرد پاسێکی نیوە پچڕی بدایە یان بەرەو دەرەوەی گۆل هەڵیدایە. یاريزان و ڕاهێنەرەکان شارەزای چۆنیەتی گٶلچييهتی من بوون.. بۆیە پێشوەخت پلانیان دادەنا و لە خاڵە بێهزەکانمدا دەگەڕان . لەم دواییە ڕاهێنەرێک بە یاريزانەکانی وتبوو کەس لە دوورەوە شووت بۆ ناو گٶڵ لێنەدات چونکە ئەم گٶلچیە دەفڕێ بە ئاسمان، باشترە لە هێلی پەنالتی نزیک بنەوە لهڕێگاى يهكو دووهوه دهتوانن نزيكى دهروازهكهى ببنهوه ئهوكات بەناچارى چۆك لهزهمىن دهنێت و ئێمهيش قوتارمان دهبێت لهفرينى ئهم باڵه فڕۆكهيه، ههركهنێزيكى گۆڵهكهى بوونهوه ههوڵبدهن لهڕێگاى تۆپى نزمهوه تۆڕهكهى بههژێنن.
هەندێک جار ئەگەر گۆليشم لێبكرايه لە کەم تەرخەمی ونەزانی ياريزانانى هێڵى بهرگرييهوه دهبوو, یەکێ لەبەرگريەكانم فره بهژن درێژ بوو کەچی بە ئاسانی تۆپیان بەناو ههردوو لاقيدا ئاودیو دەکرد ، یەکێكى ديكهیان وورد نەبوو لهچاودێريكردنى شاڵاوى هێرشهكانى تیپه نهيارهكهمان، پێشی هێرشبەرەکانى چۆل دەکرد تا بە ئاسانی ڕوو لەگۆل هێرش بەرن. جارش هەبوو بە هۆی نا دادپەروەری ناوبژیوان بە دۆڕاوی دەگەڕاینەوە.
لەبەر ئەوەی گۆڵپارێزێکی بێ هاوتا بووم ئامۆژگاری هەموو یاریچیەکانم دەکرد. بۆیە هەرزوو کردمیان بە کابتنی یانەکە .
وەرزش بەشێک بوو لە ژیانم … بەلا م بەشەکەیتر ئەگەر لە ولاتەکانی ڕۆژهەلات بژیت هەر ماوەی جارێک سەرۆکێکت لێ پەیدا دەبێت وولات وێران دەکات. منیش تەمەنی گەنجیم سەردەمی( سەددام ) بوو ئەم سەرۆکەش جگە لە شەڕوکوشتن و بڕین هیچیتری نەدەزانی…جەنگی (سەددام )مالوێرانی بوو بۆ وەرزشکاران بۆ هونەرمەند و کاسبکار و کرێکار و بۆرژواو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ .
لە نیشتیمانی من ژیان پارچە پارچە کراوە بۆ دەیان بەش . حەزوو ئارەزووەکانت دەخنکێنرێن . بۆیە ناچار بووم ووڵات جێبێلم . تۆپەکەم لە باوەش گرت و بەرەو هەندەران کۆچم کرد . هەوای تۆپەکەم فس کردبووەوە لەناو جانتای سەفەرەکەم نابوو . شەوانش لەگەل خۆم دەمخەواند و باسی یادگارییەکانم بۆ دەکرد . پێمدەگوت : دەبینی جەنگ چیپێکردین ..نە هێشتی من ببم بە گۆڵچی نە تۆش چیژ لە تۆپێن ببینی..ئای تۆپە ئازیزەکەم دەزانم تۆش حەزدەکەی ئێستا لەناو کۆمەلێک منداڵ بیت و یاريت پێبکەن .ئەی تۆپە جوانەکەم تۆ چەندە پیرۆزی . بەرگهی ئەم هەموو شەقە دەگریت تەنیا بۆ دڵخۆش کردن ئادەمیزاد ..ئادەمیزادەکانیش تەنیا بە شەق لێدانی تۆ تێر نابن..تۆپی ژەهراوی دروستدەکەن و بۆ یەکتری دەهاون. ئاى تۆپه بهدبهختهكهم ههركات دووربيت لێمان لهدووت دهگهڕێن ههركهنزيك دهبيتهوه لێمان يهكڕاست بێباكانه شهقێكت تێههڵدهدهين .
من و تۆپەکەم لە ولاتی غەریبی سەرمان نایەوە ..سەرەتا خۆشبوو پێکەوە لەسەر چیمەنی نەرم و شێدار یاریمان دەکرد . بە ئاسانی سەیری یارييهكانى جامی جیهانمان دەکرد.
من خۆشترین ئەفسانە و چیرۆک لەلام دووگۆڵييه ..چونکە لە یاری تۆپى پێ دا کەس نازانێت کێ براوە دەردەچیت ؟ ..دەیەها جار پێشبینەکانت بە هەڵە دەردەچن ..سەدەها موعجیزە روودەدات ..باشترین یاریزان لە پەنالتی گۆڵ ناکات . هەندێکجار دە یاریزان لە بە هێزترین یانە دەبەنەوە… سەیرکردن و تام و چێژی ئهم وازيه وەک مۆسیقا وایە بۆ زاخاوی مێشک .
من و تۆپەکەم چێژمان زۆر بینی لە سەیرکردنی تۆپى پێ لەو شاشە گەورانەی باڕەکان.. لێ زۆری پێنەچوو دڵمان تەنگبوو پرچمان سپی بوو، ئەو هێزوو توانایەی جارانمان نەما ..جەنگ و زەمەن پیری کردین بێهوودە لە پارکەکانی شاری غوربەت دەسووڕاینەوە. لەم غوربەتەش لەگەل تۆپەکەم دەنوستم.. دڵی یەکترمان دەدایەوە .لەلایەکیتر ئەم تۆپە دیاری دایکم بوو بۆیە وەک چاوم دەمپاراست.
لە پاش ڕوخانی(سەددام) من و تۆپەکەم هەست و سۆزمان بۆ نیشتیمان کوڵپەیدا. بە تایبەت تۆپەکەم ڕۆژانە خۆی فس دەکردەوە منیش دەمگوت دەزانم کوێت دێشێ . دەگەڕێنەوە خەمت نەبێت.
لەگەڵ تۆپەکەم گەڕاينهوه شارەکەم ..گۆڕەپان و شوێنی یارییەکان وێران ببوون ..وتمان ئەمەش پاشماوەی جەنگ..کاتێكش گەیشتمە نزیک ماڵ تۆپەکەم پڕ لە با کرد و جوانش شۆریم و لە ناو تۆڕێکم نا. لەدەرگای ماڵ چوومە ژوور..دایکم باوەشی پێما کرد ..دوای گریان و نووزەی دڵ و فرمێسک ڕژاندن ، دایکم تۆپەکەی بینی و ناسییەوە . ..تۆپەکەی لە باوەش گرت و تێر ماچیکرد ، ئنجا بە تۆپەکەی وت : زۆر سوپاس کە تا ئێستا کوڕەکەمت پاراستووە.
وتم : دایکە تۆ ڕاستت کرد ئەمە تۆپی بەختی من بوو..
لەم کاتە حەوشە پر بوو لەخزم و کەس و کار هاتبوون بۆ بەخێراهاتنم ..سەر دیوار و بانەکانش پڕ ببوون لە منداڵ . گوێم لە مندالەکان بوو دەیانگوت : کاتی خۆی باشترین گۆڵچی شاربووە .
مندالێکیتر وتی : ئێستا پیر بووە توانای جارانی نەماوە .
سەیرێکی سەربان و دیوارەکانم کرد تۆپەکەم گرتە دەست و بەرەو لای مندالەکان چووم ..بە کەڵە یاریم بە تۆپەکە کرد مندالەکان بهدهست كوتان پێشوازييان لێكردم. ئاوڕمدایەوە دایکم بینی لەو پەڕی دلخۆشیا بوو. منیش قوڕگم پڕبوو لە گریان ، کەچی دام لە قاقای پێکەنین و یاریم بە تۆپەکەی بەختم کردەوە تا دڵی مندالانی گەڕەک شاد کەم!.