دوای ئەوەی هەواڵی دەسترێژیی سێکسیی لەلایەن حەوت کەسەوە بۆ سەر ژنێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شارەدێی پردێ بڵاوکرایەوە، کە تۆمەتبارانی کەیسەکە چەکداری حەشدی تورکمانین، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی بواری ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە کەرکوک پەیوەندیی دەکەن بە بەڕێز یوسرا ڕەجەب، بەرپرسی کەیسی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی دەستدرێژییکاران، کە لە بارەگای حەشدی شەعبیی لە کەرکوک خۆیان حەشاردابوو.
لای خۆیەوە بەڕێز یوسرا ڕەجەب بە هەماهەنگیی لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، پەیوەندیی دەکەن بە فەرماندەیی گشتیی حەشدی شەعبییەوە و داوایان لێدەکەن ئەو تۆمەتبارانەی کە خۆیان حەشارداوە ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس بکرێن، لەسەر ئەو داوایەش فەرماندەیی حەشدی شەعبیی لە کەرکوک ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس دەکرێن و دەستگیردەکرێن.
تۆمەتبارەکان چەکداری حەشدی شەعبیی تورکمانین، سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای کەرکوکەوە دەستگیرکراون، ئێمەش لە لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایی دەدەین، کە لەسەر هێڵ دەبن لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگای کەرکوک بۆ بەسزاگەیاندنی سەرجەم تۆمەتبارەکان، بۆ ئەوەی ببنە پەند بۆ خەڵکی دیکەش.
ئەو ژنەی کە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەشێوەیەکی قێزەون دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتە سەری، دانیشتووی شارەدێی پردێیە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە و باری دەروونیی ناجێگیرە.
پێشمان وایە ئەم پرسە پرسێکی نەتەوەیی نییە و بابەتێکی مرۆییە، کەرکوک نمونەی عێراقێکی بچووکە و رەمزێکی پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانە، کە هەمووان پێکەوە پارێزگاریی لە بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان دەکەن، بۆیە ئومێدەوارین هیچ کەس و لایەنێک بابەتە بەلاڕێدا نەبات و پرسەکە نەکات بە پرسێکی نەتەوەیی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
یوسرا رجب کمر
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق