دەرکەوتایە ئاوات، ھیوا، خەوبینین
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین
گۆران
دوێنی ئێوارەکەی تەلەفۆنێکم بۆھات کە ھەڵم گرت گەنجێکی پێشمەرگە بوو لەیەکێک لە لیواکانی ئەم ھەرێمە دەوامی ئەکرد، ئەو دەی گوت “تا ئێستاش حزب، بڕی ٥٠٠٠ ھەزار دنیارمان لێوەردەگرێت وەکو ئابوونە، لەوە گەرێ کە ئەم بڕە پارەیەمان لێوەردەگرێت ئاخر ئەوان دانی پێدانانێن کە پارەشمان لێوەردەگیرێت، ئەم گەنجە دەی گووت “ئەوە منی بێ تاقەت کردووە، ئەگەر نا پێنج ھەزار دینارەکە شتێکی وەھا نییە، خۆم ٤٧١ ھەزار وەر دەگرم خێزاندرام و کرێچیم ٢٠٠ ھەزار دینارم بۆ کرێی خانووە، ١٠٠ ھەزار لەیەک مانگ لە کرێی ھاتوچۆمە، ٤٠ ھەزاریشم بۆ کارتی مۆبایلی خۆم خێزانەکەمە، ئەوەی تریش نازانم چی بەسەر دێت و مانگانە قەرزارم، چونکە چوار کەسین لەماڵەوە ئەمانەش جل و بەرگ و پێداویستییان گەرەکە.
ئەم پێشمەرگە پێی وابوو خەتا لە لایەنی پەوەندیدار نییە، بگرە ئێمە وەکو تاک لەم کۆمەڵگەیە زۆربواری ژیانمان پڕە لە ھەڵەو کێماسی و تا ئێستایش بیرلە چارەسەرکردینان ناکەینەوە، سادەترین شتیش دەنگ ھەڵنەبڕینی ئێمەیە لەھەمبەر ئەمە.؟
قسەکردن لەگەڵ ئەم پیشمەرگە گەنجە سەفەرێکی سەرنج راکیشە بەخەیاڵ و خولیای گەنجی وڵاتی ئێمە، ئەم پیشمەرگە رۆح سوکە لە توێژەرێکی خۆرسک ئەچوو. ئەو پرسیاری گرنگی سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی پێیە و بابەتی سەرسورھێنن لەم رووەوە دەورژێنێت. کە من قسەم لەگەڵ ئەم پێشمەرگەدا دەکرد، گەیشتم بەو بڕوایە کە دەبوو ئەو پێشمەرگە نەبووایە بگرە دەبوو ئەو ببێت بە یەکێک لەوانەی سەرپەرشتیاری جیھانی گەنجان دەکەن، ئاخر ئەو پرسیاری وەھای دەربارەی گەنجانی کورد دەورژاند، ناھەقم نییە ئەگەر بڵێم بەشێکی زۆریان ئێستا لەخەودان و خەونیش نابینن، ئەم پێشمەرگە گەنجە چاوێکی تیژی ھەبوو کە زۆر شتی ئەو کۆمەڵگەیە دەبینێت تا ئێستا بەشێکی زۆری قوتابیانی زانکۆ لە کوردستان بیریان بۆ نەچووە، پێشم وانییە ھەرگییز بەھزریان بچێت، تایبەتی رەوشی گەنجان، رەوشی پێشمەرگە، رەوشی موچە خۆرەکان، رەوشی ھەژارەکان، سەبارەت بە چاوی تیژ دڵنیام لەوەی خەیاڵێکی فراوانیشی ھەیە، ئەو کەرستە گرنگ و کاریگەرەی لە کن وی بوون، لەکن زۆربەی گەنجانی ئێمە نین.
دیارە بەتەنێ نیە رەوشی ئەم پێشمەرگە خاوەن موچەکەمە رەوشی ژیانی بەو شێوەیە بێت، ئەو دەی گووت “بۆم بلوێت یەک دەقیقە لەم نیشتمانە نامێنم ھەر ئەمرۆ کە تەلەفۆنت بۆدەکەم دای بخەمەوە جێی دەھێڵێم، چونکە ئەوەندە لەنیشتمان تۆراندویانم ھەرگیز بۆی ناگەڕێمەوە.
بەداخەوە ئەمە تەنیا رەوشی ئەم گەنجە نییە کە ژیانی ئەوەندە نالەبارە، بگرە ئەوە حاڵی گەنجە بەگشتی لە ئەمرۆی کۆمەڵگەی ئێمەدا، کۆمەڵگەیەک کە رەوشی گەنجانی ئەمڕۆی ئەوەندە ناھەمواربێت، دەبێ سبەینێیەکی چەندە گەشی ھەبێت؟ دیارە سبەینێیەکی گەش و داھاتوویەکی روون و گەش و داھاتووی شیاوی گەنجان، واتا سبەینێ گەش و داھاتووی شیاو بۆ ھەمووتاکەکانی کۆمەڵگە.
بە ھەزارن گەنج لەم کۆمەڵگەیەی ئێمە لە نیشتمان دەتۆرێن و دەڕۆن، ئێستاشی لەگەڵ بێت کەسێک قسەیەک ناکات و پرسیاری ئەوە ناکات بۆ چی گەنجی ئێمە پشت لە نیشمان دەکات و لە نیشتمان دەتۆرێت و دەڕوات؟
لەم ماوەکورتەی قسەکردن لەگەڵ ئەم پێشمەرگە گەنجە، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە گەنجی ئێمە ناھەقی نییە لە نیشتمان تۆراوە، ئاخر دەبێ نیشتیمان باوەشێکی گەرم بێ بۆ ھەمووگەنجان بەبێ جیاوازی، دەبێ باوەشێکی کراوەبێ بۆ داخوازییەکانی گەنج، کە زۆربەیان داخوازی رۆحین، زۆربەیان ھەست و ھەناوی مرۆڤ ئاوەدان دەکەنەوە. نیشتمانی ئێمە بەھۆی ھەندێک پیاوی کەمترخەم و پەرژەوەندی تاک لاینە دڵگیری خۆی لەدەست داوە، چونکە نیشتمانێک ئاوەدان و دڵگیرە کە ھەست و ھەناوی مرۆڤەکانی تێدا ئاوەدان و دڵگیربێت، کەچی لێرە ھەستی مرۆڤەکان ئاوەدان نییە.
لەم چەشنە تێارمانە بیرکردنەوەی قولی دەوێت، من رەنگە لەگەڵ ھەندێک لە بۆچوونی ئەم گەنجە نەبم، بەڵام لە ھۆشیاری و لە کوردایەتی و نیشتمان پەروەری ئەم پێشمەرگەی دڵنیام، بەڵام بۆ بەم بڕوایە گەیشتووە؟ دەبێ ئێمە لەم پرسیارنەو لە پرسیارەکانی دیکەی گەنجا رابمێنین، دەبێ بیر لە ژیانی گەنجان بکەینەوە، دەبێت دەست ھەڵبگرین لە قورمیشکردنیان و رووخاندنی ھەست و رۆحیان، دەبێت واز لەتێک شکاندنی گەنجەکانمان بێنین، دەبێت ئازادبن و قسەبکەن، چونکە تا ئێستا بیرمان لەوە نەکردۆتەوە کە لە چ دژواریەکدا دەژن، دەبێ سەکۆمان ھەبێت بۆ قسەکردن سەبارەت بە بابەتی لەم شێوەیە، دەبێ میدیای ئازادمان ھەبێت، کەچی ئێمە دەمانەوێت سەکۆ و میدیای ئازاد دەمکوت بکەین، دیارە بێ بوونی سەکۆی ئازادو میدیای ئازاد کارکردن لەسەر ھەزارەھا بابەتی لەو شێویە کارێکی نەکردەیە.
بۆم بلوێت یەک دەقیقە لەم نیشتمانە نامێنم ھەر ئەمرۆ کە تەلەفۆنت بۆدەکەم دای بخەمەوە جێی دەھێلێم، چونکە ئەوەندە لەنیشتمان تۆراندویانم ھەرگییز بۆی ناگەرێمەوە.