توێژینەوەی (یو-گۆڤ) لەسەر ژنان لە لەندەن ئاستی هەراسانکردن ئاشکرا دەکا –
بانگەوازەکانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی گشتیی بەرزکردەوە.
ئەلکساندرا تۆپینگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دارا ئەحمەد
هەراسانیی سێکسیی یەک گرفتی هەمیشەیی و مەترسیداری نێو شەقامەکانی بەریتانیایە، رێکخراوی خێرخوازیی ژنان هۆشداریی دا، وەک راپرسییەکە نیشانی دەدا لە ماوەی ساڵی بەری لە پایتەخت پتر لە ٤ لە ١٠ی ژنانی گەنج لە رووی سێکسییەوە هەراسان کراینە.
لە راپرسییەکی (یو-گۆڤ) لە نێوان ١٠٤٧ کەس لە لەندەن کە لە لایەن هاوپەیمانی کۆتاییهێنانی توندوتیژیی دژ بە ژنان (ئی ڤی ئەی دەبلیو) سەرپەرشتیی کرابوو دەریدەخا کە لە ساڵی رابردیی ٤٣٪ی ژنانی تەمەن نێوان ١٨ و ٣٤ لە جێیە گشتییەکان دووچاری هەراسانیی سێکسیی بوونە.
هۆڵی دۆستن (بەڕێوەبەری هاوپەیمانی کۆتاییهینانی توندوتیژیی دژ بە ژنان) گۆتی: سەرەڕای بەرزبوونەوەی دەمارگیریی لە سەرنجی سێکسیی نەخواستە، هێشتا هەراسانکردن فرە باوە و ژنان وا لێدەکا هەست بە ناپارێزرایی بکەن بە تایبەتییش لەو دەمانەی بە تەنێ هاتوچۆ دەکەن.
هەراسانکردنی سێکسیی ریشەکەی فرە قۆڵ رۆچووە کە ئەمە رووکەشانە سەرنجی دەدەین، وەلی کاتەک ژنان دەدوێنی زۆربەی زۆریان هەر یەکەو چیڕۆکەکی بێزەوری هەیە تا بگۆترێ: هەنووکە دەمی ئەوەیە کۆمەڵ رابپەڕی و ئاستەک لۆ ئەوە دابنێ”.زارۆکانی قوتابخانە وەک گەنجی ١٢ ساڵان ئامانجیانە، گۆتی: بە پێی (لێکۆڵینەوەی پێشان)ی ئەو دەستەیە دەردەکەوی کە سێیەکی کیژان لە قوتابخانەکانی بەریتانیا سەربوردەی پەیوەندیی سێکسیی نەخواستەیان هەیە.هەروا گۆتی: رەتکردنەوەی هەراسانکردنی سێکسیی – لە قسەی نەخواستەی نێو شەقام لە پێناو خۆنواندن بۆ دەستبازیی – وەک ”سەرگەرمییەکی بێ زیان” یان پەسنکاریی مەترسیدارە.گۆتی: ”هەراسانکردنی سێکسیی کارتێکردنێکی تەواوی لەسەر ژیانی ژنان هەیە، جا چ ئەوەی رەوشتیان دەگۆڕێ یان لە نێو شەقامەکان هەست بە پارێزرایی دەکەن”.
ئەوە ترسی دەستدرێژیی و توندوتیژیی سێکسیی پەروەردە دەکا، هەروا کارتێکردنەکی زیانبەخشی هەیە لەسەر فروانترین پرسەکانی یەکسانیی.
هەروا ئەو راپرسییە نیشانیدا ٣١٪ی ژنانی تەمەن ١٨ – ٢٤ ساڵ و ٢١٪ی ژنانی تەمەن ٢٥ – ٣٤ دووچاری سەرنجی سێکسیی نەخواستە بوونە لە نێو هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیی. بە شێوەیەکی گشتیی ٥٪ی ئەو ژنانەی توێژینەوەیان لەسەر کرا سەربوردەی پەیوەندیی سێکسیی نەخواستەیان هەیە لە نێو هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیی.
فیۆنا ئێلڤاینس لە (قەیرانی دەستدرێژیی باشووری لەندەن) گۆتی بە دەگمەن ژنەکت دەدیت بە هەراسانکردنی نێو شەقام ئازاری نەچەشتبی. گۆتی ”ژنان هەر رۆژ لە هەڵسوکەوتی رۆژانە و ئاسایی خۆیاندا ئەو هەراسانییە دەگوزەرێنن – وەلی ئەوە کارتێکردنی لەسەر شکۆمەندیی و ئاکاریان هەیە. ”ژنان دەبێژن ئەوە ئەنجامگەلەکی وەدوودادێ، هەروا کاتی ئەوەیە دەست بکرێ بەوەی گێیان لێبگیردرێ”.
لە (دوا پەروەندە)دا، (لیی رید)ی ٢٣ ساڵە پاش ئەوەی دەستی لۆ چار ژن و کیژەکی تەمەن ١١ ساڵە بردبوو لۆ ماوەی ٢٨ مانگ زیندانیی کرا. پێش ئەوەی پڕبداتە لنگی ژنەکان چاکەتەکەی بەسەر کۆشی خۆی دادا. لە سەرسەختترین هێرشیدا، لە نێو میترۆی لەندەن پڕی دا لنگی ژنەکی تەمەن سەرەتاکانی بیستەکان.. پێش ئەوەی بە تۆبزیی پڕ بداتە نێو لنگانی.
بە گۆتەی چالاکوانانی هەڵمەتەکان ژنان لەسەر ئاستی جیهانیی بەرانگژییان دژ بە سەرنجی سێکسیی نەخواستە پتر پەرە دەستینی.. بە بەکاربردنی میدیای کۆمەڵایەتی هەراسانکەران راپێچی لێپێچینەوە دەکەن. ڤیکی سیمستەر (بەڕێوەبەری دامەزرێنەری – ئەی ئێس ئێک – هەڵمەتی دژە هەراسانکردنی نێو شەقام لە بەریتانیا) گۆتی ئەو پرسە سنووردار نییە بە لەندەن هەروا بانگەوازی توێژینەوەیەکی نیشتیمانیی کرد. ئەوەشی خستەسەر کە دەسەڵاتداران دەتوانن هەنگاو لۆ دروستکردنی جوایەزییەکی پڕ بایەخ لۆ پاراستنی ژنان بنێن.
”پێویستە ئەنجوومەنە نێوخۆکان و پۆلیس پەیامەکی بەهێز ئاراستە بکەن کە ئەو رەفتارەی تاوانباران بەخشینی لۆ نییە. نموونە باشەکە ‘دەستبازیی/هەراسان بوو: پیاوی جوامێر جوایەزییەکە دەزانی’ هەڵمەتی پۆستەر لە لایەن ئەنجوومەنی لامبێس بە هاریکاریی پۆلیسی پایتەخت کە پەیامی نەبەخشینی ئاراستە کرد”.
هۆڵاباک – یەک ماڵپەڕە ئەو ژنانەی دووچاری سەرنجی سێکسیی نەخواستە بوونە یان هەراسانکرانە دەتوانن سەرهاتەکانیان یان وێنەی هەراسانکەرەکانیان تێدا بگۆڕنەوە – چالاکوانانی لە ٥٠ شار لە ١٧ وڵات لە سەرتاسەری جیهان هەیە.
بێرۆنی بەینۆن – هاوبەڕێوەبەری هۆڵاباکی لەندەن – گۆتی ”هەراسانکردنی نێو شەقام پەتایەکە لە لەندەن.. جا چ تانەوتەشەری سووک و چرووکی نەخواستە بی یان دەستدرێژیی توندوتیژیی سێکسیی”. ”وەلی بە بێ گومان لافاوەک لە خەڵک هەیە دەبێژن ئەوە ناشێ و پەسند ناکرێ. ژنان وا هەست دەکەن گەڕاندنەوەی دەسەڵات لەو بارودۆخەی هەراسانکردن دوورە لێیان”.
رێکخراوەکان بانگەوازی هەڵمەتەکی هۆشیارکردنەوەی گشتیی لە نێو تۆڕی گواستنەوە دەکەن. وەک ئەو هێمایانەی کە گەشتکەران لە خواردنی بۆگەنیی یان پێ خستنەسەر کورسییەکان سارد دەکەنەوە. دۆستن لە (هاوپەیمانی کۆتاییهینانی توندوتیژیی دژ بە ژنان) گۆتی: ”ئەمە راهێنان لۆ دەستەی کارمەندانی گواستنەوە دەخوازین تا یارمەتییان بدا لەتەک ئەو رووداوانە بەرخورد بکەن و ئەگەر پێویستیشی کرد پۆلیس راشکاوانە دەست بخاتە ناوی”. ”بەڵکە ئەمە لۆ بەرفراوانترین کۆمەڵیشی دەخوازین تا دانی پێدا بنێن کە ئەوە پەسند ناکرێ و لە دژی بئاخڤن کاتەک کە دەبینن روودەدا.”.
____________________________________________________________
سەرچاوە: www.guardian.co.uk/lifeandstyle/2012/may/25/four-10-women-sexually-harassed
تێبینیی یەک: ئەو بابەتە کە لە ماڵپەڕی گاردیان بڵاوکرایتەوە ٦٣٠ کورتە دوانی لەسەر نووسرایە.
تێبینیی دوو: نیازی من لە وەرگێڕانی ئەو بابەتە ئەوەیە کوردزمانان پتر بەوە ئاشنا بن کە ژنانی بەریتانیاش – گوایە یەکەکە لە وڵاتە هەرە پێشڤەڕۆیەکانی جیهان! – هێشتا زۆریان مایە لە چەوساندنەوەیان لە لایەن پیاوان و پیاوسالاریی رزگار ببن، وەک لە دووتوێی بابەتەکە دەیبینین ژنان لێرەش لە بەریتانیا وەک هەموو جێیەکی جیهان کە لە بندەستی سیستەمی پاشداما و دڕندە و رەگەزسپەرستی سەرمایەداریی دەناڵێنی لەژێر هەمان ستەمی نێونەتەوەیی ژنان دەچەوسێندرێنە و بە چەندین شێواز رووبەڕووی توندوتیژیی رەگەزیی دەبنەوە و بە ئاسانیی ماف و ئازادییەکانیان وەک مرۆڤ پێشێل دەکرێن، وەلی سەرەڕای ئەوەش هێشتا بارودۆخی ژنانی ئێرە بە بەراورد بە بارودۆخی ژنانی کورد و ناوچەکانی لای خۆمان فرە فرە باشترە، چونکە دەسەڵاتداران لە لای خۆمان فرە کۆنەپەرستترن و بە بەکارهینانی گفتار و رەفتارە رەشەکانی دینەکان و دابونەریتە داڕزایەکان دڕندەترین سیستەمی ژیانیان بەسەر کۆمەڵگە بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی داسەپاندییە.. بە جۆرەک کە ژنان بێجگە لەوەی رۆژانە دەدرێنە بەر شەق و چەقوو و گوللە بە هیچ جۆر و شێوەیەکیش بە مرۆڤ تەماشا ناکرێن و لە سادەترین و سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان بێبەریی دەکرێن.
١٥\٩\٢٠١٢ – لەندەن