وێنەگری کورد توورج ئەسڵانی بە فیلمی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” کاندیدکراوە.
وێنەگری لاوی کورد توورج ئەسڵانی دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” (APSA) لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا کاندیدکراوە و بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ “چارین پێنگپانیچ” وێنەگری فیلمی سینەمایی “بۆناھان” نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە رێوڕەسمی ئۆسکاری ئەمساڵ و سێ وێنەگری دیکەی کیشوەری ئاسیا رکابەریدەکات.
ناوی کاندیداکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ASIA PACIFIC، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری ئافرەت راگەیاندراوە و لەم ناوەندەدا ناوی توورج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە نێوان کاندیداکانی باشترین وێنەگری ئەم خەڵاتە بەرچاودەکەوێت.
توورج ئەسڵانی بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” دەبێت لەگەڵ چوار وێنەگری ناودار و بەئەزموونی ئاسیایی رکابەری بکات، لەوانە: “چارین پێنگپانیچ” وێنەگری فیلمی سینەماییBunohan لە وڵاتی مالیزیا، “چین تینگ ـ چانگ” وێنەگری فیلمی سینەمایی Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، “حەجیک پۆلای” و “لای یوفای” وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ و “یووری رایسکی” وێنەگری فیلمی سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی و دەستنیشانکردنی سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک”، لە رۆژانی داھاتوودا لە شاری بریسبین لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە دوایین بەشداری جیھانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی ٤٩مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “شیکاگۆ” لە وڵاتی ئەمەریکا، لە بەشی تایبەتی ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەمای نوێ” لە وڵاتی کەنەدا و بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی لە میانەی پەنجا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تسالۆنیکی” یوونان نمایشکرا.