عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی- سوید :بۆ بەرگری لەخۆکردنت پێویستە کە تۆ زانیاریەکی باشت هەبێ لەسەر خۆت، کە تۆ چۆن کار ئەکەیت. ئێمە تەنها یەك بەشی زۆر کەم لە شەڕەنگێزی لە ناوماندا هەیە کە کە جیاوازبێ لە کەسێکیتر، ئەگینا هەموو باشەکانیترمان لەگەڵ کەسەکانیتردا بەتەواوی لەیەك ئەچێ، بۆ نمونە: دڵخۆشی، ترس، توڕەیی، کاردانەوە، خو بەزلزانی، ئیرەیی، سوڕی خوێن، کۆ ئەندامی دەمار، جوڵە و تاد. کەوابوو کە خۆتت ناسی- هەموو خەڵکی تر ئەناسی.
لەکاتێکدا ئاژەڵەکان لەگەڵ یەکتردا لە جەنگدان ئێمە زۆرجار ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە هێز هیچ پەیوەندیەکی بەگەورەو بچوکیەوە نیە. لەوانەیە ئاژەڵێکی بچوك زۆرخێراتر و ئاسانتر لە ئاژەڵێکیتر بدات کە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەترە. لەم بارەدا ئەوەشمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە ئاژەڵە بچوکەکان زوتر ئەتوانن کە خۆیان دەربازبکەن.
ئەی باشە مەبەست لەوە چیە کە ئێمە ئەڵێین ئەتوانین بیر بکەینەوە؟ ئێمە هەر کە هەستمان بە هەڕەشەیەکی فیزیکی کرد دەست بەجێ بیر ئەکەینەوە کە ئەو بەشە شەڕەنگێزیەی کە لە مێشکماندا هەیە بەکاری بهێنین، ئەویش تەوژمێکە بۆ دەست و قاچمان بۆ ئەوەی کە لێدانیکمان بەرکەوت خێرا بەرگری بکەین. بەڵێ ڕاتیەك هەیە کە ئەویش ئەو کاردانەوەیە بێ ئاگایانەیە کە ڕوو ئەدات، ئەگەرچی کەسەکە زیانی زۆر یان کەممان پیبگەیەنێت.
کەس نیە کە بەبێ هۆکار توڕە ببێت، وە لەلای کەسە ساغەکان هۆکارەکانی پشت توڕەبوون ئاسانتر ئەدۆزریتەوە. بۆ نمونە کەسەکە ( خەڵەتێنراوە، سوکایەتی پێکراوە، لێیدراوە، دزی لیکراوە ، تاد). لەم بارانەدا ئاسانتر هۆکارەکەی ئەزانرێت. ئەوەی کە ئێمە لێی تێئەگەین کەمجار لێی ئەترسین. لەبەر ئەوەی هەوڵ ئەدەین کە کاردانەوەی خراپمان نەبێت، هەر بۆیە زۆرجار خۆی چارەسەر ئەبێت. وە ئەگەر بەخێرای هۆکارەکەیمان نەدۆزیەوە ئەوکاتە بەهیچ جۆرێ نابێ وا خۆمان پیشان بدەین کە ئێمە گاردمان بەستووە و ئامادەین بۆ بەرگری لەخۆکردن. کاتێک کەوا خۆتت پیشاندا ئەوکاتە تۆ پەلاماردانێك لەلای بەرامبەرەکات دروست ئەکەیت.
مرۆڤ بیرکردنەوەی هەیەو ئەو بیرکردنەوەیەشە کە لە ئاژەڵەکانیترمان جیا ئەکاتەوە، هەر بۆەیە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە ئێمەش بونەوەرێکین وەك ئاژەڵەکانیتر. بەداخەوە کە ئێمە هەر کە لەدایك ئەبین بەزانیاری ئامادەکراوەوە کار ئەکەین کە پێمان ئەڵێ کە چۆن بتوانین ئەو میشکەی کە ١،٣ کیلۆ گرام قورسە و کامڵە و هەڵی ئەگرین بەکاری بهێنین. کە هەتا ئیستاش بەپێی لیکۆڵینەوەکان هیچ مرۆڤێك نەیتوانیوە تەنانەت لە ١٠% ی بەکاربهێنیت. ئەو مێشکەیە کە بوارمان ئەدات کە تەواو کامڵ و هۆرمۆنیمان هەبێت و بوونەوەرێکی دڵخۆشبین. بەلام ئایا ئێمە ئەوەین؟ نەخێر، بەداخەوە. ئێمە زۆرجار ئەو زانیاریانە بەهەڵە بەکار ئەهێنین و تەنها مرۆڤیشە کە خۆشی وەردەگرێ کاتێك کە هاوتوخمی خۆی ئازاری پێئەگات و ئەیکوژێ. مێشك ماوەمان ئەداتێ کە خەوببینین و فەنتاسیامان هەبێ. ئێمە ئەتوانین وێنەی داهاتووی خۆمان بخولقێنین و شتەکان لە میشکدا وێنە بکێشین، ئەتوانین خۆمان ڕازی بکەین کە ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە و نەخشەمان کردووە ئەوەیە ڕاستی. هەربۆیە پێویستە کە مێشکمان لە بوارە جیا جیاکاندا بە ئاگایانە بخەینە کار بۆ ئەوەی لە هەر بارێکدا ئێمە ژیرانە بەرەو ڕووی ببینەوە.
کێ لەجەنگ و ئاژەوەدا براوە بووە؟ ئەی چی بکرایە بۆ ئەوەی ئەو توندوتیژیە ڕووینەدایە؟
زۆرجار وشەی بەرگری لەخۆکردن زۆر سودی لیوەردەگیرێت و بەهەڵە کاری پێ یەکرێت. بەرگری کردن ئەوە نیە کە تۆ خۆت ئامادەبکەیت بۆ لیدانەوەی کەسەکە، تەنانەت بەخراپتر. لەبەر ئەوەی تۆ لە بارەدا باشترین سەرجاوەی خۆت و زانیاریەکی بەسودت لەدەست ئەچێ کە ئەڵێ: ئێمە ئاوێنەی یەکترین. كەوابوو تۆ چۆن ئەتوانی ئاوێنەیەك بیت بۆ بەرامبەرەکەت کە ئەو هەست بکات تۆ شەڕەنگێزنیت و هەمیشە ئاشتی و پاکی و دڵسۆزی لە دەموچاوتا دیاربێت. ئەوەمان لەبیر نەچێ کە شەڕ بەشەڕ کۆتای نایەت.
بۆ ئەوەی توندوتیژی کەم بکرێتەوە پێویستە خەڵکی هۆشیاربکرێنەوە و زانیاری زیاتریان هەبی سەبارەت بە جارەسەرکردنی کیشەو بەریەککەوتن. بەپێی دواترین هەواڵ لە وڵاتی سوید ئەوانەی کە زۆرتر دووچاری توندوتیژی ئەبنەوە کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانن.
کاتیك کە ئێمە ئکەوینە ناو باریکەوە کە لەویدا ئەگەری توندوتیژی هەبێ، ئەگەر باش بیر بکەینەوە هەست ئەکەین کە ئێمە چەند ئەگەرێکمان لەبەردەمدایە کە هەڵیبژیرین. من خۆم لە کۆرسەکانمدا کە بۆ کارمەندانی تەندروستیم کردوەتەوە ئەم ئەگەرانە باس ئەکەم کە خوێنەر ئەتوانی باش سودیان لیوەربگرێ. تۆ ئەتوانی ئەم ئەگەرەکانە هەڵبژێریت: بەرەنگاربوونەوە، چاوەڕێکردن، خەڵەتاندن، قسەکردن، دوورکەوتنەوە لەو شوێنەدا.
بەپێی لیکۆڵینەوەکانی بواری بەرگری لەخۆکردن و ئەزموونی مرۆڤەکان لە کۆنەوە هەتا ئێستا ئەوە ڕوونبوەتەوە کە لیدانەوەو بەرەنگاریکردن زۆرجار کیشەی زۆری تری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. وە ئەگەر بێتو ئەگەرەکانیترت هەڵبژارد ئەوا لە زۆر باردا سودێکی زۆری ئەبێت و بەشێوەیەك لە شێوەکان چارەسەر ئەبێت.
ئەوەی کە من زۆر مەبەستمە و جەختی لەسەر ئەکەمەوە لەم نوسینەمدا ئەوەیە کە پێویستە ئێمە لەباتی بەکارهێنانی ماسولکەو بازومان هێزی دەروونی بەکاربهێنین، کە من بە گەورەترین سامانی مرۆڤی دادەنێم لە زۆربەی بارەکاندا. فێربوونی هەندێ تەکنیکی یابانی کە بەکارهێنانیان زۆر ئاسانە، کەتەنها چەند جاریك ڕاهێنان کردنی ئەوێت بە شێوەیەکی پڕاکتیکی تۆ بەهیزتر ئەکات لە زانیاری . لەکاتێکدا کە تۆ ئەزانیت وا خەریکە دەکەویتە ناو توندوتیژیەکەوە بەم شێوەیە بکە:
١. هەمیشە ماسولکەکانی دەمووچاو، دەست و شانت، قاچت خاو رابگرە.
٢.دەستەکانت دامەخە و لە پشتەوە مەیانشارەوە، بەڵکو بەلای هەردوو ڕانتا با بەشلی بێنە خوارەوە.
٣. نزیکەی ١-٢ مەتر لە کەسەکەوە دووربە.
٤. ووشەی زبر بەکار مەهێنە، ڕەخنە مەگرەو بێدەنگ بە.
٥. بەنەرمی سەیری چاوی بکەو ترس پیشان مەدە و مەشی ترسێنە.
٦. ئاگادربە کە دەرگای چوونە دەرەوە لەکوێوەیە و بەخەیاڵ پلانت هەبێ کە ئەگەر بارەکە خراپتربوو بڕۆیتە دەرەوە.
٧. بزانە کەسەکە هیچ جۆرێ مادەی هۆشبەر یان ئەلکهولی خواردووە، یان نەخۆشیەکی دەروونی هەیە. ئەگەر ئا، ئەوا دەبێت زۆر ئاگادارتر بیت کە نابێت بەهیچ جۆرێ لەو کەسانە بدرێتەوە، لەبەر ئەوەی یاسا بەرامبەرت تونگتر ئەبێت.
٨. ئەگەر لێت هاتە پیش ئەوا تۆ ئەتوانی بزانی هیچ شتێك هەیە کە بەرگری خۆتی پێبکەیت بۆ نمونە هەڵگرتنی کورسیەك ، پشتیەك، پێڵاوێك یان هەر کاڵایەکیتر کە دووربێت لە توندوتیژی، بۆئەوەی خۆتی پێ بپارێزی هەتا ئەڕۆیتە دەرەوە یان لەو ناوەدا نامێنی. کەس لەهەڵهاتندا نە زیان ئەگەیەنێت و نە زیانی پێئەگات.
٩. ئەگەر کەسەکە دەستی گرتیت، هەوڵبدە هەمیشە دەستەکانت شڵ ڕابگریت، ئەگەرچی ئەو توندیش دەستی گرتبووی. لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتیدا هەیە کە زیاتر بۆی خۆش و سەرنجراکێشتر ئەبێت کە بزانێت بەرامبەرەکەی هەمان کاردانەوی هەیە، بۆ ئەوەی شەڕەکە دروست ببێ. بەلام کەزانی کەسەکە هیچ کاردانەوەیەکی نیە زۆرجار خۆی بەری ئەدات و تاقەتی لەو جۆرە بارە نابێ. ئەم تەکنیکە بۆ دەمەقاڵێش بەکار دێت. کە وەڵامی نەدەیتەوە خۆی دادەمرکێتەوە.
١٠. ئەم خالەیان زیاتر پێویستە بە پراکتیکی بکرێت، کە ئەویش تەرکیز لەسەر شێەی گرتنە. کاتێك کەیەکیك دەستی یان ملی بەتوندی گرتیت و تۆ هەموو ئەگەرەکانیترت تاقی کردبوویەوە بەڵام ئەو هەر بەرینەدا، ئەوکاتە تۆ ئەبێت بزانی پەنجە گەورەی دەستەکانی چۆن گرتووە، ئەوکاتە بۆ هەرجوڵەیەکت بۆ خۆ دەربازبوون ئەبێت بە ئاڕاستەی پەنچە گەورەکەیدا بێت، پەنجە گەورە زوو خۆی شل ئەکاتەوە، بۆیە باشتر دەرباز ئەبیت لە ژیر دەستیدا.
١١. هەرگیز بەرەوڕووی لێدانێك مەڕۆ.
ئەمانەو زۆر خاڵیتر کە زۆر ئاسانتر لەژێر دەستی کەسێکدا ڕزگارت ئەکات و تۆ هەست ئەکەیت کە ترس لەلات کەمتر ئەبێت بۆ ئەوەی نەکەویتە ناو ئەو جۆرە بارانەوە. تۆ بەم شێوەیە سەرچاوەیەکیتری شارەوەی گرنگی ناو خۆت ئەدۆزیتەوەو بەکاری ئەهێنیت، وە لەم ڕێگایەوە تۆ زیاتر هەست بە بەرپرسی ژیانی خۆت و کەسانیتر ئەکەیت و خۆت بە کەسیکی ئاشتی خواز و پاك و دڵسۆزی مرۆڤایەتی ئەزانیت.
زۆریك لەم تەکنیکانە لە وەرزشی ئایکیدۆ وە وەرگیراوە کە زۆر زانستی و مرۆیانەو دەروونیانەیە و منیش مامۆستام لەم بوارەدا و پرۆژەی بەردەوامم هەیە بۆ کارمەندی نەخۆشخانەکانی کۆمپانیای (ئەتێندۆ کاری) لە ستۆکهۆڵم. تۆش بێبەش مەبە لەم زانیاریانە.
سەرکەوتوبن