یاسین برایم : قامچی سەرێکی لە دەست جەلادو ستەمکاران دایە و سەرەکەی تریش ، ئاگری ئۆف و ئازار لە جەستەی کەسێکی بیگوناە و تۆمەتبار یان تاوانبارھەڵدەستێنێت .بیستنی وشەی قامچی ترس داماندەگرێت و سەری جەلاد و مرۆڤێکی چاو سوورمان دێتە بەر چاو ، کە بە دەستی ڕاستی قامچی دەخێوێنێتە جەستەی مرۆڤێک . مێژووی مرۆڤایەتی بەم وشەو ئامێرە ئاشنایەو ھەزاران مرۆڤی لە ژێر ئازارەکانی ئەم ئامێرە گیانیان سپاردووە. لە وڵاتەکەی ئێمەش ، کورد بەشی شێری بەرکەوتووەو ھەموو ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ھۆگری قامچی بوون بۆ ترساندن و ئازاردان و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان و حەقبێژان و شۆرشگێران و کورد پەروەران و کادر و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان .لە سەردەمی بەعسدا ، ھەمیشە قامچی بە دەستەکان لە زیادبووندابوون، جەستەی مرۆڤی ئەم وڵاتەیان پێ شین و مۆر دەکرد . تەنانەت جەستەی ھەرزەکارو کچ و ژن و بە ساڵاچووانیش ، کە ھیچ تاوانیشیان نەبووە لە ئازارەکانی قامچی بێبەش نەبووینە . ئەوا لە پرۆسەی ئەنفال ، چیرۆکی ئەوانەی لە ژێر قامچی دەبورانەو گیانی پەپولەیان دەسپارد ، ھیندە زۆرە ، مرۆڤایەتی لە ئاستی ئەم گەلە چەوساوەیە شەرمەزار دەبێت . خودی ناوھێنانی قامچی تەزوو بە لەشمان دادێت و لێمان دەبێتە کابووسێکی گەورە ، بەرھەمی قامچی بۆ مرۆڤ ( ترسان ، شەرم ، توندو تیژی ، گریان ، ھاوار ، خۆبەدەستەوەدان ، بوورانەوە ، مردن ، کەمئەندامبوون ، نەخۆشکەوتوون ، سوکایەتی پێکردن ، توڕەیی ، رق و تۆلە ، لەکەدارکردنی بەھای مرۆڤایەتی ، رووخاندنی رۆحی کەسایەتی …ھتد. لێ دروست دەبێت .ھەر یەک لەم چەمکانە بە جیا لە لایەن سایکۆلۆژیشەوە کاریگەری خرابی لە سەر ژیانی کەسایەتی مرۆڤ دەبێت ،لە ئایندەدا ، ڕەنگدانەوەی لە ھەلسوکەوت و کارو کردەوەکانی دەردەکەوێت . ئاشنابوونی ئێمە بە قامچی، ھەم لە رووی دەسەڵاتەوە ھەم لە لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزان و سیستەمی پەروەردە بوونی ھەیە و ئێستاش لە گەڵ بێت بە شێوازێکی تر خۆی نمایش دەکاتەوە . ئەوەی لەم نوسینە قسەی لە سەر دەکەین ئەو قامچییەی لە دەستی جەلادو پیاو کوژو دەسەڵاتدارانی و پۆلیسەکان نییە ، بەڵکو ئەو قامچییە لە دەستی کەسە پیرۆزەکانە ئەویش مامۆستایە و تیدا بەم ھۆیەوە نەوێکی نوێ پەروەردە دەکات . لێرەدا سەفەرێکی دەکەین بە نێو کون و قوژبن و تونێلەکانی قامچیەکەی کارواندا ١. کە سیستەمی شارێکی کۆن و ناسراوی وەک رواندز بۆمان دەگێڕیتەوە ، کە چۆن منداڵ فێری پەروەردەو فێرکردن کراووە ، شیکرنەوە و ئاوڕدانەوە لە لاینە ھونەری و زمان و ڕەگەزەکانی و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ئاسان نییە لەم نووسینە جێگای بێتەوە ، مەبەستی ئێمەش ھەر خوێندنەوەیەکە بۆ سیستەمی پەروەردە کە رۆماننووس دەخاتە روو . لە ھەڵبژاردنی ناوی قامچی بۆ ڕۆمانەکە ئەوەمان پێدەڵێت وشە و رستە و پەرەگرافەکانی ناو ئەو ڕۆمانە پڕە لە توندوتیژی و ھاوارو ئۆف و ئازار و گریان . خودی ناونیشانە کلیلی ڕۆمانەکەمان دەخاتە دەست کە باش لە چی دەکات و ھاو شێوەی (دار حەیزەران)ەکەی فەرھاد پیرباڵ . پەروەردەکردنی مرۆڤ بە بە زەبری توندو تیژی و دار ، وەک شێرزاد حەسەن وتەنی ( قوتابخانەکانی ئێمە لە بەندیخانە دەچن) ئێمەش لە دەمی پاڵەوانی نێو ڕۆمانەکە چیرۆک و بەسەرھاتە تڕاژیدیایەکانی ناو ڕۆمانەکەی قامچی لە نێو قوتابخانە بۆ نەوی نوێ دەگێرینەوە ..
ڕۆمانی قامچی چیرۆکی گێڕانەوەی منداڵێکی بچووکە بە ناوی( سەرمەد )، تا دەبێتە مامۆستا . لەم ڕۆمانە ، یەک بە دوای یەکی رووداوەکان وەک زنجیرەیەک بۆمان باسدەکات . ئەو وەک ھەموو منداڵەکانی ھاوتەمەنی خۆی خەون بەوە دەبینێت بچێتە قوتابخانەو لە ترسی لێدانی دایک و باوک و براگەورەی رزگاری بێت ، بەڵام ئەم خەونە جوانەی بە پێچەوانەوە دەکەوێتەوە ، ئەو لە یەکەم ڕۆژی کە پێی دەخاتە نێو قوتابخانە و بینی سیمای توڕەو ترشی و دارەکانی مامۆستایان و تووشی ترس و لەرزدەبێت . ئەو لە لایەن دایکیەوە زۆری لە بنا گوێ خوێندرابوو لە قوتابخانە لە بەرامبەر مامۆستا ئاقڵ بێت و ھیچ قسەیەک نەکات وەکو بت بێت . کەچی لە جیاتی شیرینی پێدان و پیشوازیکردن لەم منداڵە خوێن شیرینە ، کەچی لێدان پاداشتی ئەم منداڵە دەداتەوە .” لەوە تێنەدەگەیشتم بۆچی لە سەر ھەر ئاوڕدانەوەیەک ، یان جوڵەیەک یان دالغە و بزەیەک ، زللەیەک بە پشتە سەرم دەکەوت ….ل ٥”. بینینی دارمازوو وحەیزەران و شولکەدارو مەستەڕە بە دەستی مامۆستایان ئەمانەی لێدەبنە مارو ئەژدیھا، ئەوەندە ترس لە نێو دەروونی ئەم منداڵە بچووکە چەکەرە دەکات . وای لێ دێت ھەرچی بکات (راست یان ھەڵە) لە لێدانی و کوتانی مامۆستایەکان دەرباز نابێت .لە سەر دالغە لێدان مامۆستا بە دار لێی دەدات . ترس لە مامۆستا وادەکات لە کاتی تەنگاو بونیش نەوێرێت باسی چوونی بۆ ئاوەدەست بکات. ئەمەش وا لەو منداڵە بەستەزمانە دەکات لە وانەیەک بقەومێنێت ” ھەستم کرد شتێکی گەرم لە نێو رانمدا پەرش و بڵاودەبۆوە …ل٧” . ئەمجارەیان ھاتنە قوتابخانە سەختتر دەبێت و شەرم داگرتن لە نێو قوتابیان و ھەست بە کەم کردن ، ئارامی لێ دەبرێت ، لە ماڵیش دایکی بەم بەزمە لە جیاتی دڵدانەوەی منداڵەکەی ، پاداشتی خرابی دەداتەوەو ئازاری جەستەی دەدات”دوای ئەوەی لە ماڵەوەش دووسێ زللەم بە دەستی دایکم خوارد وپشتە دەستی چەپیشم داغ کرا …ل٨” ئازارو ژانی دەست داغکردن و ترس لە زانینی باوکی لەم بەسەرھاتە نەیدەزانی چۆن کاتەکانی تێدەپەرێت، ئەوە بوو ڕۆحی دەرنەدەچوو ، شەویش بەدەم ئازارەوە خەوی لێدەکەوێت .ترسان وای لێدەکات ئەمجارە میز بەخۆداکردنیش بێتە سەر . کاتی بەیانی دایکی دەستی کوڕەکەی دەگرێت بۆ قوتابخانەی دەیبات لە بەردەمی دەرگای قوتابخانە مامۆستای دەست بە دار وحەیزەران دەبینێ ، ترسەکانی زیاتر دەبێت .. وانەیەکی تر لە ترس فێر دەبێت و جاریکی تر کەسایەتی ئەم منداڵە لە لایەن مامۆستایەک زامدار دەبێت ” ئەمە ھەر برمیز نییە ، گرینۆکیشە ..ل٩” لێرەشدا ، دایک وەک پاڵەوانێک و وەک شانازیکردنێک بە خۆی، لە بەردەم مامۆستا ئەو توندو تیژیەی بەرامبەر منداڵە شیرینەکەی خۆی کردووە بۆ مامۆستا دەگێرێتەوە وەک مژدانە پێی دەدات . وەک بڵی گەورەتریت تاوانباری سزا داوە “جاریکی تر میز بە خویدا ناکا ، تەمبێم کردووە …. لێم داوە بۆ ھەموتانم تەمبێکردووە !…ل٩”. ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردن لە بەرامبەر بە قوتابیان دەبێتە خووێکی ڕۆژانە ، بگڕە جنێو و قسەی ناشیرین و سووک نەک ھەر بە قوتابیان دەدرێت ، بە ڵکو دایک و باوکیشیان دەگرێتەوە ، کە لە دەمی ھەندێک لە مامۆستایەکان دێنە دەر.لە بەردەم بێدەنگبوونی منداڵەکان ، مامۆستاش دەبێتە جەلاد و توقێنەرو جنێودەر.” ھەستە دەی بڕۆ ماڵەوە … با گوش بەخۆتدا نەکەی ل١١” ، “دانیشە فزەت لێوە نەیێ! ل ٢٥” ، “بڕۆ ملت بشکێنەو دانیشە ل٢٥” لە بەردەمی بێدەنگکردنی قوتابیەکی کچ، مامۆستا بەم شێوە وەڵامی دەداتەوە ” زمانت بگڕە بێحەیا “.
توندو تیژ مامۆستایان دەبێت دیاردە بە ڕەحمترینیان ڕۆژانە چەند قوتابیەک دارکاری دەکات و زللەو شەق و پێلاقە دەوەشێنێتە جەستەیان . لێدان بۆ قوتابیانیش وەکو یاریکردنی لێدێت و دەبێتە شتێکی ئاسایی واتە ( خوێندن + لێدان ) وەک ھاوکێشەیەکی پەروەردەی و ماتماتیکی لە مێشکیان چەسپ دەبێت. زۆر جاریش لە سەر ھەڵەی قوتابییەک لە پۆل (تەڕو ھیشک بەیەکەوە دەسووتێن !) و ئاگر لە دەستی قوتابیان ھەڵدەستێت . سەرمەد لە بەرامبەر دڵڕەقی مامۆستایان ، ھەست بە کەمی و پاڕانەوەی سووک دەکات.ھەست دەکات کەس گوێ لە قسەو ڕاستیەکان ناگرێت . ئیدی ئەمەی لێ بووە بەرنامە ، ( قوتابخانە) مانای لێدان و تێھەڵدان و دارکاری کردن لە لایەن مامۆستاو بەڕێوەبەری قوتابخانە. زۆر جاریش بەردەستی قوتابخانەش ناڕاستەوخۆ دێتە ناو ئەو ھاوکێشەیەو بەشداری دەکات لە ھێنانی دار و گێڕانەوەی ئەو رووداو وکێش و ھەلانەی لە لایەن قوتابیان ئەنجامیان دەدا .سەرمەد لە بەرامبەر شەڕێک لە دەرەوەی قوتابخانە ئەنجامداروەو بێتاوانیش بووە ، کەچی لە سەر ئەم کێشەیە لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە سزادەدرێت . کاتێ ئەمە بۆ بەڕێوەبەرەکە دەگێرینەوە چاوی دەچێتە تۆقی سەر . بە بەردەستەکەی دەڵێت ” وەرە سەرمەد بیخەرە ئەم ئاودەستخانەیە! …”. لە ئاوەدەستخانە دەکرێت . ئاودەستخانە زیندانی قوتابیان بووە ، ئەمەش پیسترین و گەورەترین سزا بووە بۆ ئەوانەی سەرپێچیان کردووە .بێجگە لەم ڕۆمانە کە باس لە سیستەمی پەروەردەو توندوتیژی لە قوتابخانەنەکانی رواندز دەکات ، ڕۆمانی (تەمی سەرخەرەند)ی (شێرزاد حەسەن )ە ، کە ھەمان سیستەمان بۆ دەگێرێتەوە کە پڕە لە لێدان و ئازاردانی قوتابی بەدارحەیزەران و جنێوو و قسەی سووک ، لەو ڕۆمانە ئەوھا باس لە تورەیی مامۆستا عوسمان دەکات کە لە ژوورەکەی سەت تفی دەکاتە دەم و چاوی قوتابی و ناشھێلێت تفەکانی لە رووخساری بسرێتەوە “بێ ئەدەب … تفی من بە پیس دەزانی … بە شەرەفم لە مەکتەب دەرت دەکەم … بە ئیمانم لە ئاودەستخانە حەپست دەکەم … کەر کوڕی کەر …بەم بەیانیە زووە کەس ھاتوە بۆ مەکتەب ؟ بە شەرەفم ھەر دە نمرەی ئەدەبەکەت لێ دەستێنمەوە … ھەی بێ شەرەف …. ل٨٨_٨٩”٢. کاری توندو تیژی و لێدان و ئازادانی جەستە دەبێتە پیشەیەکی ڕۆژانە وەک کوردەواری وتەنی پێستیان دەخارێت و وەک ئاو خواردنەوەیان لێ ھاتووە . سەرمەد ئەمە وەک لێ ڕاھاتن و خۆھەڵدانەوە، باسیدەکات ” وەک چۆن لە ماڵەوە دەبوایە ژەمی لێدان ھەبێ ، ئاوھاش لە قوتابخانە ، ئەگەر رۆژێک ، شەقێک ، دارێک ، شاپێکم پێ نەکەوتبا ، جوێنێکم پێ نەدرابوایە ، ئیسراحەتم نەدەکرد ….ل١٨ “.
لە نێو ئەو کارو کردەوەو توندوتیژیەی قوتابخانە کە ھەموو ساڵەکانی بەم شێوەیە بەڕۆکی دەگرێت وەک کارەکتەرێکی عاشق و فریشتەیەکی نەرم و نیان لە بەرامبەر یەکێک لە کچەکانی ھاوپۆلی کە ناوی (رەیحانە) یە ،دروستدەبێت و دەکەوێتە عەشقێکی شێتانە و خەمھێنەر . سەرتاپای ژیانی گەمارۆ دەدات ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەونەکانی گەورە و پیرۆزدەبێت و ھەمیشە خەیاڵی لای ئەوە ، وەک دوو عاشق ئاوێزانی یەکتر دەبن و لەم پێناوش سەرمەد قوربانیەکی زۆری داوە و ئازارێکی زۆر دەبینی . بە تایبەتی لە رووی چینایەتیەوە کە لە لایەن کوڕە ئاغایەک کۆسپ و تەگەرە دەخەتە بەردەم ژیانی ، ھەم لە قوتابخانەو ھەرم لە دەرەوەی قوتابخانە . ئەم ململانێیەش لە گەڵ ھەڵکێشانی تەمەنی ئاڵۆزترو پڕ کێشەتر دەبێت ، سەرمەد ھەموو ئەو ترس و لەرزو رق و تینە لە منداڵی لە بەرامبەری ئەنجامدارە ، لە (خێزان + قوتابخانە + کۆمەڵگا ) کاریگەری لە سەر کەسایەتی ئەودا بەجێ دێلێت لە زۆر لایەن بە دوای رق و تینەو تۆلەکردنەوە دەگەرێت . بە تایبەتی ئەو کاتەی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا . دەگەڕێتەوە ئەو قوتابخانەیەی ، کە یەکەم جار ئەو چویتە بەر خوێندن ، ئەو قوتابخانەیە لای ئەو شوێنی فەلاقە ولێدان و زەللەو گوێڕکێشان و جنێو و قسەی ناشیرین بووە . ئەو سەرتا دەیویست دارحەیزەران بە دەست نەگرێت و جیا بێت لە مامۆستایەکانی تر ، بەمەش خۆی بە دوور دەگرێت لەو مامۆستایانەی دار بە کار دێنن بە تایبەتی بەڕێوەبەر . لە بەر ئەو ڕەفتارەی سەرمەد، لە لایەن مامۆستا ھاوڕێیەکانیەوە توشی لۆمەو توانج دەبێتەوە ، بەڵام ڕەفتاری نابەجێی ھەندێک مامۆستا و بزێوی و ھاری ھەندێک لە قوتابیان وای لێدەکات ببێتە کۆپی مامۆستایەکانی خۆی و ببێتە مامۆستایەک لە بەرگی جەلاد . ئەویش قەناعەتی بەو دێت کۆتک دەزانێ قۆناغ لە کوێیە ! چارەسەری زۆر لە کێشەکانە .بۆیە رۆژێ بە ناو قوتابیان دەکەوێت و پۆلەکە پڕ دەکات لە رق و تۆلەو ھاوار “رادەی تووڕە بوونەکەم ھێندە زۆر بوو لە حەژمەتان بە نێو ھەموویان کەوتم . ل٢٠١ ” .ئەمە نەک ھەر بەدار ، بگڕە لە سەر ئەوەی قوتابییەک لە بەرامبەری قسەیەک دەکات و قوتابیانی تر پیدەکەنن و چۆن ھەڵدەچێت. ” خۆم گەیاندە قوتابیەکە و تا ھیزم تیا بوو مستێکم لە نێو دەمی داو خستمە سەر زەوی. ل٢٠٢ “ئەمەش بەس نابێت بۆئەوە تۆلە لە قوتابیان بکاتەوە ، بەڵکو زۆرجاریش لە ماڵەوە رەیحانەی ھاوسەری دەکوتا و خۆشی نەدەزانی بۆچی ئەم رەفتارانە ئەنجام دەدات . ئەو لە سەر ھەمان کولتووری توندو تیژی و تۆلە ، کەسایەتی خۆی دروست دەکات بە زەبری قامچی بوونی خۆی دەسەپاند ، ڕۆژ بە ڕۆژیش رق و تینەکەی لە نێو دڵ و دەروونی بە ھیز تر دەبوو و ژیانی دەبێت بە مرۆڤێک پڕ لە توندو تیژی و تۆلە.. ئەوەی لە نێو ئەم ڕۆمانەو لەزەت بەخشە بە دەر لە عەشقی رەیحانە بوونی کۆمەڵێک کەسی خۆشەویست و ژیاندۆستی شارەکەیە کە لە نێو خەڵک بە شێت و کەم ئەقل ناوزەند دەکرێن. لەم ڕۆمانە ، ئەوان ئەم توندو تیژیە نانوێنن و دەست ناوەشێنن و ھەر یەکی چیرۆک و بەسەرھاتی خۆش و بەرھەم دەھێنن ، بە ناوھێنانی (عەبدوڵڵا شێت ) (عەلیەجڕ) و (خەلیفە حوسێن ) و (قاسمە قوڵ) و (فەقێ شێت ) دونیایەک لە جوانی ئەو مرۆڤە کۆچکردووانە لە مێشکی خوێنەر زیندوودەکاتەوە و شێتەکانی رواندز لە بەرگی فریشتە زیندوو دەبنەوەو داوای خۆشی و بەختەوەری و ئارامی ژیان بۆ خەڵکی شارەکە دەکەن . ئەوان دوور لە توندو تیژی قامچی و خەندە دەخەنە سەر لێو خەڵک .لە ئەنجامدا پەیامی قامچی ئەومان پیدەڵێت پەروەردە بە شێوەیەکی توندو تیژی وبە زەبڕی قامچی ، لە ئایندە کەسێکی تۆلە ستێن و قامچی بە دەستمان بۆ دروستدەکان . بۆئەوەی مرۆڤەکان بە ئاسوودەیی ژیان بگوزەرێنن ، پێویستە قامچیەکان فڕێ بدرێن و ببینە فریشتە ئاسا لە نێو ماڵ و خێزان و قوتابخانەو کۆمەڵگا . بۆ ئەمەش دەبێت دوور بین لە قامچی و نەفرەتی لێ بکەین!!
سەرچاوە :
١_ کاروان عەبدوڵڵا ، رۆمانی( قامچی) ،دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی ، ھەولێر ، چاپی یەکەم ،٢٠٠١ .
٢_ شێرزاد حەسەن ، رۆمانی( تەمی سەرخەرەند ) ، دەزگای ئاراس ، ھەولێر ، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٣ ،ل ٨٨_٨٩ .
*لە ھەفتەنامەی ( رێگای کوردستان ) ، ژمارە (١٠٠١) ، ١٩_٩_٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە .