بورھان شێخ ڕەئوف
سیاسەتی تورکیا لە ھەموو ئاستەکانی ناوخۆ و دەرەوە بە ئیقلیمی و نێوەدەوڵەتیشەوە بە قۆناغێکی جێ ی سەرنج و تێڕاماندا گوزەر دەکات لە کاتی ئێستادا ئەگەرچی لە ناوخۆدا لە دوای شکستھێنانی پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان و بەرپابوونی شەڕێکی سەخت و خوێناوی لە نێوان گەریلاکانی pkkو سوپای تورکیا و لابردنی پارێز بەندی لە سەر پەرلەمانتارانی کورد و ئۆپۆزەسیۆن لەو وڵاتەدا و لە دەرەوەش لە سیاسەتی زیرۆ پرۆبلم ( سفر کێشەو موشکیلە ) لە گەڵ دراوسێکانیدا ئێستا فوول پرۆبلم ( پڕ کێشەو موشکیلەیە) .
لەئاوا بارودۆخێکدا بۆ ئەردۆغان لە ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیدایە لە گەڵ ھەردوو وڵاتی ڕوسیاو ئیسرائیل ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا وەڵامیان بدەمەوە :-
١. لە دوای ئەوەی کێشەو ململانێکانی تورکیا لە گەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە گەیشتە بنبەست و بەریەککەوتن و ئاکامەکانی کاریگەری گورچکبڕیان لەسەر تورکیا دانا بە تایبەتی دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی ڕوسیا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥ و پەلاماردانی کەشتی ئستولی حریەی تورکی کە دەیانوویست گەمارۆی سەر غەزە بشکێنن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی ٢٠١٠ و ھەروەھا ناکۆکیەکان لە گەڵ ئەمریکادا لە سەر بارودۆخی سوریاو دامەزراندنی ناوچەی ئارام و کۆمەک و ھاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل سەربە ھێزە کوردیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان کەڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان ھەیە لە شەڕی تیرۆرو داعشدا کە ئەمەش زۆر جێگەی نیگەرانی تورکیایە .لەلایەکی ترەوە ناکۆکی لەگەڵ ئێران لەسەر بارودۆخی سوریا کە تەواو پێچەوانەی یەکترن .ئالەم کاتەدا کەناکۆکیەکان لە نێوان ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکە ی و سەرۆکی حزبەکەی ئاکپارتی ئەحمەد داودئۆغلوکە خاوەنی تیۆری زیرۆ پرۆبلم بوو گەیشتە ئاستێک کە ئیتر نەتوانن بە یەکەوە کاربکەن و داود ئۆغلو دەستی لەکارکێشایەوە و بنئەلی یەڵدرم بە سەرۆکی حزب و دواتر سەرۆک وەزیران ھەڵبژێرا ئەویش لە یەکەم لێدوانیدا ڕایگەیاند کە تورکیا لەمەودوا ھەوڵدەدات بە کەمکرنەوەو ی دوژمنایەتی وزیادکردنی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە , کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەم پەیڕەوەی سیاسەتێکی نوێ دەکات پێچەوانەی داود ئۆغلو.
٢. فاکتەرێکی تری گرنگ کە زیاتر پاڵی نا بە ئەردۆگانەوە نامەی لێبووردن بۆ سەرۆکی ڕوسیا فلادیمیر پۆتین بنووسێت سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی ڕوسیا کە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھەموو شێوەیەک ئەوەیان ڕەت دەکردەوە نزیکبوونەوەی کوردو ڕوسیابوو و سەردانی ھەندێک لە بەرپرسانی کورد لە باکوورو ڕۆژئاوا بۆ مۆسکۆ و کردنەوەی نووسینگەی پەیوەندیەکان و ھەروەھا خستنە خوارەوەی ھەلی کۆبتەرێکی جەنگی تورکیالەلایەن گەریلاکانیpkk بە ڕۆکیتێکی ڕوسی لە مایسی ٢٠١٦ کە ھەموو ئەمانە تورکیای نیگەران کردووە چ دەرکەوتنی ڕۆڵی کاریگەری کورد لە ڕۆژئاواو ھەماھەنگی و پێشڕەوەیەکانیان لە شەڕی تیرۆری داعشدا .
٣.تورکیا ھەوڵدەدات ھەماھەنگی ولێک تێگەیشتن لە گەڵ ھەردوو وڵاتی ڕوسیاو ئیسرائیل بکات دەربارەی کێشەی سوریا لەکاتێکدا ڕوسیا ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەدا بەشدارەوە ھێزی سەربازی لەوێ ھەیە و ئیسرائیلیش بە وردی چاودێری قەیرانی سوریا دەکات لە نزیکەوە بەتایبەتی چالاکیەکانی حزبوڵای لوبنان لە سوریا و ھێزو لایەنەئۆپۆزەسیۆنە چەکدارەکان و ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیش .ھەروەھا ئەنقەرە لەو بڕوایەدایە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی وەربگریتەوە لە قەیرانی سوریا کە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی ناکۆکیەکان لە گەڵ واشنتۆن لە دەستی دابوو بەتایبەت لەسەر ناوچەی ئارام و ڕۆڵی کورد لە شەڕی داعشدا .ھەروەھا بەرزبوونەوەی ڕادەی ھەماھەنگی سیاسی و سەربازی لە گەڵ ڕوسیاو ئیسرائیل یارمەتی تورکیا دەدات لەو ھەڕەشەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەتایبەتی ئەو ھێرشانەی ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ .
٤.لایەنێکی تری فرە گرنگ و پڕ بایەخ فاکتەری ئابووریە کە ئەنقەرە ناچار دەکات پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە لە گەڵ مۆسکۆ و تەلئەبیب چونکە گرژی و ناکۆکیەکانی پێشوو زیانی گەورەیان لە ئابووری تورکیا دا بە ھۆی داکشانی ڕادەی گەشتیاری ڕووسەکان بۆ تورکیا و گەمارۆی ئابووری ڕوسیا لەسەر موادی خۆراکی تورکیا جگە لەوەی ئابووری تورکیا تووشی قەیرانگەلێکی زۆرتربووە و کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەمدواییەش کاریگەری نیگەتیفیان بە جێھێشتووە.
لەلایەکی ترەوە ئەنقەرە لە ھەوڵی ئەوەدایە سەرچاوەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ غازی سرووشتی ھەرچەندە پەیوەندییەکانی لە گەڵ مۆسکۆ بەرەو ئاسایی کردنەوە دەچێت بەڵام نایشارێتەوە لە ھەوڵی ئەوەدایە بۆندو گرێبەستی تازەی غازی سرووشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات لە ئایندەدا لە کاتێکدا مۆسکۆ ھەمیشە دەیەوێت لە ڕێگەی گرێبەستەکانەوە فشارو ھەژمونی خۆی بسەپێنێت لەگەڵ ئەوانەی کە بەرژەوندییەکانیان یەکناگرێتەوە , بۆیە ئەنقەرە لە ھەوڵی ئەوەدایە پەراوێزێک بۆ مانۆڕو گۆڕینی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ھێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکانی بەرپرس بە کێشەکانی ناوچەکە بدۆزێتەوە .
لە کۆتاییدا ماوەتەوە ئەوەی بڵێم ئەگەر ئەردۆگان پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە ئاسایی دەکاتەوە بەڵام ئەوەی بیری لێنەکردبووەوە ئەوەبوو داعش و ھەموو گروپە تیرۆریستیەکانە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگاکانی تورکیایان بۆ خرابووە سەرپشت کە چەندین شانەی نووستوویان درووست کردوەو لەیەکەم کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو ئاسایی کردنەوە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵیان ئەنجامداو پێدەچێت لە ئایندەدا دەرگایدۆزەخ بە ڕووی تورکیادا بکەنەوە و ئەزموونی وڵاتانیش لە گەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیانەدا وامان پێ دەڵێن .