لە ناوچەککانی تەوێڵە و بیارە و ناوچەکانی تری هەورامان گەشتێکی زانستی هەریەک لە توانا حەمە و سارا عەبدولەتیف بۆ ئەنجامدانی خوێندنێکی زانستی لەسەر گۆرانی و موزیکی هەورامان بە تایبەت (بەزمی چەپڵە و سیاچەمانە و دەریی) دەستی پێکرد. ئامانجی ئەم گەشتە زانستییە کۆکردنەوە و شیکردنەوە و
دیراسەکردنی گۆرانی هەورامی و پاراستنیانە.
جێی باسە زانستی ئینتۆموزیکۆلۆژی یەکێکە لەو زانستە موزیکیانەی لە دونیادا گرنگی زۆری پێدەدرێت و جێگای دەستخۆشییە کە ئێستا ئەم زانستە لە بەشی موزیکی کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی وەک لقێکی تایبەت دەخوێندرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە چراتیڤی توانا حەمە دەربارەی ئەم گەشتەی لەگەڵ سارە عەبدولەتیف ووتی :
‘ ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و زانستی بەم کارە هەڵساوین و لەم ڕوانگەشەوە درک بەوە دەکەین کە پێویستە لە ڕووی فەرهەنگی بە خۆمان کۆکەینەوە و هەوڵ بدەین کلتووی موزیکیمان لەناو نەچێت و بتوانین دەستپێکی کارەکانمان لە هەورامانەوە دەستپێکەین ئەویش لەڕوانگەی ئەوەوەیە کە موزیکی هەورامان موزیکێکی هەرە ڕەسەنە”.
دەربارەی پاڵپشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان توانا ووتی :” ئێمە ئەرکی ماددی و مەعنەوەی ئەم پرۆسەیەمان گرتۆتە ئەستۆی خۆمانەوە چونکە لە کوردستان کەس بە تەنگ ئەم باسەوە نایەت تەنها لە ڕووی دیراسی و پاڵپشتی زانستی نەبێت کە چەند دکتۆرێک هاوکاری و ڕێبەریمان ئەکەن لەوانە دکتۆر نەهرۆ زاگرۆس کە پسپۆرە لەم بوارەدا لەگەڵ چەند مامۆستایەکی تری زانکۆکەمان لەڕووی چۆنییەتی بەکارهێنانی میتۆدی زانستییەوە هاوکاریمان دەکەن، جگە لەمانە چەندین خەڵکی ناوچەکەش پشتیوانی لە پڕۆژەکە دەکەن و هاوکارمانن”.
دەربارەی یەکەم ویستگەی کارەکانی سارا عەبدولەتیف ووتی :” زۆر دڵخۆش بووم بە هاوکاری و ڕێنیشاندەرانی خەڵکی تەوێڵە و بیارە، بەڕاستی خاوەن دڵێکی گەورەو جوانن هەروەک سروشتی ناوچەکەیان. بە هیواین ئەمساڵ بتوانینن زۆرترین کاری باش لەم ناوچەیە ئەنجام بدەین و ئامانجەکانمان بپێکین. هیواش دەخوازم حکومەت بە هانای ئەم جۆرە پڕۆژانە بێت و هاوکارییان دەکرین تا بتوانین لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانمان تیمی گەورەتر دروست بکەین”.
فۆتۆ :توانا حەمە، سارا عەبدولەتیف لەگەڵ د. محەمەدەمین هەورامی نوسەر و لێکۆڵەرەوەی ناوچەی هەورامان
فۆتۆگرافی :هونەر لەتیف