هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی سلێمانى بەنیازى رێکخستنى فێستیڤاڵێکى شانۆیی ژنانە، کە لەو فێستیڤاڵەدا تواناو ئەزموونى ژنان و کچانى شانۆکار دەخرێتەڕوو. بەپێی راپۆرتى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی سلێمانى، داوا لە سەرجەم تیپ و گروپە شانۆییەکانى ناوەوەو دەرەوەى کوردستان دەکەن کە بەشداربن لە فێستیڤاڵی “گوڵە مێخەک بۆ مۆنۆدراما”.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە کە بەمەبەستى بەرزراگرتنى تواناکانى ژنانى شانۆکار و گرنگیدان بە پێگەى ژن لە بوارى شانۆ لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەڕێوەبەرایەتى شانۆ بەنیازى فێستیڤاڵێکە بۆ مۆنۆدراما لە شارى سلێمانى کە تایبەتە بە ژنانى شانۆکار لە 8/3/2011 تا 12/3/2011، داواش لە تەواوى شانۆکاران دەکەن لەو فێستیڤاڵە بەشداربن.
لەو راپۆرتەى راگەیاندنى فێستیڤاڵەکەدا مەرجەکانى بەشداربوون و چۆنیەتى کارکردن خراوەتەڕوو، کە بریتین لە:
1- دەقی چاپکراوى شانۆییەکە، ئەگەر کار بەدەق نەکرا ئەوا کورتەى شانۆییەکە.
2- C.Vى ئەکتەر و دەرهێنەر لەگەڵ بودجەى بەرهەمەکە.
3- ماوەى نمایشەکە لە 45 خولەک تێپەڕ نەکات.
4- گوتارى نمایشەکە هەڵگری گوتارى ژیاندۆستانەو مرۆڤ دۆستانەبێ.
5- لەدواى نمایشەکان دانیشتنى رەخنەیی بۆ بەرهەمەکان سازدەکرێت.
6- ئەو بەرهەمانەى لە دەرەوەى وڵات بەشدار دەبن نابێ ستافەکەیان لە دوو کەس زیاتربێ.
7- لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵات بە باشترین “بەرهەم، دەرهێنەر، ئەکتەر، سینۆگراف” دەبەخشرێت.
8- پێویستە دەرهێنەر و ئەکتەر ژنانى شانۆکار بن.
9- بۆ بەشداربوون لە 5/8/2010 تا 10/12/2010 زانیارى بەرهەمەکان وەردەگرین.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن پەیوەندى بە ژمارە مۆبایلی 07701575482ى هونەرمەند گەزیزە عومەر و 07707650090ى هونەرمەند بورهان قەرەداغى بکەن، یاخود لەرێگاى ئەو ئیمێڵانەوە gaziza kurd@yahoo.com
یان b_karadaxy@yahoo.com