هونەرمەند لەیلا فەریقى لەدوا دیمانەیەکی خۆیدا لەگەڵ (سڤیل) تەمەنى ئێستاى خۆى بە “پوختەیى” وەسف دەکات، نەک پیربوون، پەیدابوونى چەند کچێکى دیکەى گۆرانیبێژ بە رەواج نەمانى نەمانى خۆى نازانێت و دەڵێت “هەر گوڵێک بۆنى خۆى هەیە”. هونەرمەند لەیلا فەریقى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لەسەر چەندین ستایل گۆرانى گوتووە و لەبەرئەوەشە هیواخوازە کەسانى پسپۆر و شارەزا لەموزیک هەڵسەنگان بۆ کارەکانى ئەو بکەن.
هونەرمەند لەیلا فەریقى، لەوڵاتى سوید نیشتەجێیە و بەنیازى کارکردنە بۆ بەرهەمهێنانى ئەلبوومێک، بەڵام تائێستا ناوەڕۆکى ئەلبوومەکەى باس نەکردووە، ئەو بەوە ناسراوە کارەکانى هێندە بەنهێنى ئەنجام دەدات، کە تەنانەت زۆرجار لەسەردانەکانیشى بۆ کوردستان نەیویستووە لەشاشەوە دەربکەوێت، بەڵام فەریقى لەو دیمانەى لەگەڵ (سڤیل) ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت “ئەوە ماناى ئەوە نییە من نەمویستبێ دەربکەوم، بەڵکو لەوانەیە سەرم بەکارى خۆمەوە قاڵ بووبێت، چونکە کە دەگەڕێمەوە کوردستان لەوانەیە هەر فریاى ئەوە بکەم، بتوانم ئەو کارەى لەبەردەستمدایە جێبەجێى بکەم و بگەڕێمەوە”، لەیلا فەریقى لەبارەى ئەو رەخنانەى لەدوا ئەلبوومى گیردراون، کە پێیان وابوو “ستایلى گۆرانییەکانى دوا ئەلبوومى (گوێم لێگرن) عەرەبى بوون” بەڵام فەریقى دەڵێت “من خۆم گۆرانییەکانم لەسەر چەندین ستایل دەبینم، بۆ ئەو ئەلبوومەى کۆتایشم هیوادارم هەڵسەنگاندنێکى پسپۆرانە لەو بوارەدا بکرێت”.
لەناو خەڵک و تەنانەت هونەرمەندەکانیش تەواو لەوە دڵنیا نین لەیلا فەریقى شووى کردووە یان نا، لەوبارەیەوە هونەرمەند لەیلا فەریقى ئاشکراى کرد، تائێستا شووى نەکردووە، لەوەشیان گوتی “تا ئەوکاتەى دڵم دەخوازێ شوو ناکەم، لەوانەیەشە تائێستا دڵم نەیویستبێت شوو بکەم”. هەروەها فەریقى تەمەنى خۆى بەقۆناخى پیربوونى نازانێت و دەڵێ لەو تەمەنەمدا زیاتر هەست بەپوختەیى خۆم دەکەم، نەک پیربوون، ناوبراو پێى وانییە بەهۆى دەرکەوتنى چەند کچێکى جوان لەو بوارى گۆرانى گوتندا رەواجى ئەو نەمابێت، بەڵکو لەیلا فەریقى دەڵێت “هەر گوڵێک بۆنى خۆى هەیە”.
هونەرمەند لەیلا فەریقى هەروا بەئاسانى نەچووەتە کۆڵى ئەکتەرە فۆتۆمۆدێلێکەوە، کە رۆژانە لەکلیپى گۆرانى (کەلێو دەنێم بەلێوەتەوە) دەیبینین، ئەو ویستوویەتى ئەو کلیپە رەنگدانەوەى هەبێت لەسەر ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەى، کە بەرامبەر بەژن و ئافرەتى هونەرمەندى کورد دەکرێن و گوتى “ئەو کوڕەى کە لەکلیپى (کەلێو دەنێم بەلێوتەوە) لەکۆڵم دەگرێ، ئەکتەرێکى فۆتۆمۆدێلە، مەبەستى من زۆر لەوە قوڵترە وەک یەکەمین ئافرەتى هونەرمەندى کورد کوڕێک لەکۆڵم بگرێ، دیارە دەستپێشخەرى و یەکەم بوون لەهەر کارێکدا باشە، بەڵام من بۆ یەکەم بوون ئەو کارەم نەکردووە، بەڵکو هەستم بەو کێشە کۆمەڵایەتییانە کردووە، کە بەرامبەر بەژن بەگشتى و ئافرەتى هونەرمەند دەکرێن، ئەوەش وایکردووە لەزۆربەى کارەکانم بەشێوازى جۆراوجۆر رەنگدانەوەیان هەبێت”.