وشیار ئەحمەد ئەسوەد : کە (دانیال)ی گۆرانیبێژ گۆرانییەکی (تاهیر تۆفیق) دەڵێتەوە و ئاماژە بەناوەکەشی ناکات، ئەمە تەنیا بێڕێزییەک نییە بەرامبەر بەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد نواندبێتی، بەر لە بێڕێزییەکە شێواندنی گۆرانیی کوردییە.. من بەلامەوە سەیرە کە لە ئاماژەدان بەناوی گۆرانییەکی ناسراوی هونەرمەندێک لە پێشەنگەکان، تەنانەت ئەگەر گۆرانییەکە فۆلکلۆریش بێت، بەڵام بەناوی پێشەنگەکەوە لکابێت، تەنیا وەک فۆلکلۆرێک ناوی بهێنرێت و لە کەسایەتییە پێشەنگەکەی بترازێنن..
مامۆستا (کەریم شارەزا)یش لە ڕاپۆرتەکەی “هونەری هەولێر”دا کە باس لە گۆرانیی “کراس زەردێ” دەکات، بەفۆلکلۆر ناوی دەبات، ڕەنگە بەهەڵەشدا نەچووبێت، بەڵام ئەو گۆرانییە بووەتە پارچەیەک لە جەستەی (تاهیر تۆفیق)، واتە هەتا ئەگەر بەفۆلکلۆریش بخوێنرێت و بنووسرێتەوە، جێی خۆیەتی بەیەک لە گۆرانییەکی (تاهیر تۆفیق) ناوزەدی بکەین، مامۆستا (شارەزا) باسی ئەوە دەکات کە بەر لە (تاهیر تۆفیق)یش کەسانی دیکە ئەو گۆرانییەیان گوتووەتەوە، بەڵام من دەڵێم هەتا ئەگەر ئەو بۆچوونە دروستیش بێت، پێموانییە هیچ یەکێکمان لەو گۆرانییەدا جگە لە (تاهیر تۆفیق) بەدەنگی کەسی تر ئاشنا بووبین، لێرەشدا دەگەینە هەمان ئەنجام کە “کراس زەردێ” یەک لە گۆرانییە ناودارەکانی (تاهیر تۆفیق)ە، بۆیە ئەگەر لە دووبارەکردنەوەکەی (دانیال)دا کە وەک ئاوازی (تاهیر تۆفیق)یش نەهاتووە، چ ڕێگرییەک نەبووە لەوەی بە “یەک لە گۆرانییەکانی تاهیر تۆفیق” ئاماژەی پێ بدرایە.
ئێمە لە “تیپی موزیکی شەفەقی کوردستان” لە کەرکووک، کاتێک لە 2006دا گۆرانیی “باڵا گەردان”ی هونەرمەندی پێشەنگ (حوسێن عەلی گورجی)مان بەشێوەیەکی نوێ تۆمار کردەوە، لە تایتڵدا بە “لە گۆرانییەکانی حوسێن عەلی” خستوومانەتە بەر ئاماژەوە، کەواتە ئیدی پێویستیمان بەوە نابێت ئاماژە بەناوی ئاوازدانەرەکەی بکەین، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئاوازەکەی هی هەرکەسێکی دیکەیش بێت، بەڵام گۆرانییەکە بەناوی (حوسێن عەلی گورجی)یەوە جێگیر کراوە.
نموونەیەکی ترم گۆرانیی “ئای لە لەرزانەکەی” کە لە سەرەتای هەشتاکاندا بەدەنگی کوڕێکی گەنج بەناوی (حەمە جەزا)وە لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار کرا، لە تایتڵدا ئاوازەکەی بەفۆلکلۆر هاتبوو، کەچی پاش ماوەیەک لە دیمانەیەکی مامۆستا (وریا ئەحمەد)دا باسی ئەوەی کرد کە ئەو ئاوازە هی خۆیەتی، کەواتە ئاوازەکە هی مامۆستا (وریا) بووە و ئەو گەنجە بەناوی فۆلکلۆرەوە تۆماری کردووە.
ئێمەمانان لەوە بووینەتەوە ئەوەندە باسی دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی بکەین، بێگومان کورد فۆلکلۆرێکی دەوڵەمەندی بەتایبەتی لە بواری میلۆدیدا هەیە، بەڵام لە بەدبەختی ئێمە زۆربەی گۆرانیبێژەکانمان بەکۆن و نوێوە، ئاستێکی ڕۆشنبیریی وایان نەبووە بەشێوە دروستەکەی دەست بەفۆلکلۆرەکەوە بگرن و بیپارێزن، بەپێچەوانەوە زۆرن ئەوانەی ڕۆڵی چەواشەکارانەیان لەم بوارەدا بینیوە، بۆیە دەبینین زۆر جار گۆرانیبێژەکان میلۆدییەکی فۆلکلۆری بەدەستکارییەکی کەمەوە بەناوی میلۆدیی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی دەزگەیەکیش نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و یاسایەکیش بۆ بەرگرتنیان نییە، بۆیە تا ئێستا بۆیان مەیسەر بووە، بەدبەختیی پتریش لەوەدایە هەر بەڕاست ئاوازەکە بەهۆی ئەو تایتڵە ناموبارەکەیانەوە لە فۆلکلۆرەکەی خۆی ترازاوە و بەئاوازی گۆرانیبێژەکە یاخۆ ئاوازدانەرەکە دەخوێنرێتەوە.. لە ڕاستیدا وێڕای ئەوەی گۆرانییەکەیش هەر کوردییە، بەڵام ئەمیش دیسان دەچێتەوە خانەی شێواندنی فۆلکلۆری کوردی، کەواتە بەتاڵانبردنی فۆلکلۆری کوردییە، بۆ ئەمەیش مەبەستم نییە ئاماژە بەناوەکان بدەم، ئەگەر نا، ئەوە دەیان نموونەی زیندوومان لە بەردەستدان، زۆربەشیان ئەو گۆرانیبێژانەن کە لە ئاستێکی شیاوی جەماوەریدا ناسراون، بەڕای من ئەمەیشیان هەر بەدبەختییەکی دیکەیە.
ئێمە بۆ ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەتیش بەر لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی 1991، قسەیەکی ئەوتۆمان نییە بیکەین، چونکە ئەوکات دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بوو و بوارێکمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەبوو، بەڵام دوای دامەزران و دەستبەکاربوونی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، بیانوویەک بۆ ئەو فەوزایە نەماوەتەوە، پێشتر ئەگەر حکوومەتەکەمان ساوا بووبێت و کێشەکانیش زۆرتر بوون و دەرفەت بۆ ئەم تەرزە کارانە نەبووە، بەڵام ئێستا حکوومەتی کوردی قۆناغی گاگۆڵکێ و کەوتنە سەر پێشی تەواو کردووە، بۆیە بیانوو بەدەستەوە نییە کە ئەم دیوە هەستەوەرەی هونەری کوردی بەپەراوێزخراوی بمێنێتەوە.
ئەوەی لەم ڕووەوە بەرپرسیاریەتیی گەورەی بەردەکەوێت وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمە، پاشان ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان، من قسەم لەسەر ڕێکخراوی هونەرمەندان نییە، چونکە لە مێژە بەڕێکخراوێکی فشۆڵ و شلۆقم ناساندووە، واتە هی ئەوە نییە چاوەڕوانی کار و کردەوەی لەمجۆرەی لێبکرێت، ئەوان بەلای لەوە هەستەوەرترەوە نەچوون، چجای پاراستنی فۆلکلۆر کە ڕەنگە هەر لەناو خۆیشیاندا هەبێت پڕیشکی ئەم کێشەیەی بەرکەوێت، بەڵام ئەوەی نیگەرانمان دەکات، ئەوەیە بۆچی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک لایەنێکی فەرمی و خاوەن دەسەڵات و پارە و یاسا بەم کارە هەڵناسێت؟.
جەخت دەکەمەوە، ڕاستە ڕەنگە (دانیاڵ)ی گۆرانیبێژ بەهۆی کەمئەزموونیی خۆیەوە کارێکی ناشیاوی لەگەڵ گۆرانییەکەی (تاهیر تۆفیق)دا کردبێت، “هونەری هەولێر”یش کارێکی باشی کرد ئەم دیوە هەستەوەرەی ورووژاند، بەڵام من پێشنیاز بۆ ئەم هەفتەنامەیەمان “هونەری هەولێر” دەکەم، باشترە ئەگەر ڕاپۆرتێک لەمبارەیەوە ئامادە بکەن و بیکەنە خەمی خۆیان، واتە بەدواداچوونی بۆ بکەن، با ئاگامان لە بۆچوونی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوی هونەرمەندان و چەند کەسایەتییەکیش لە هونەرمەندە خاوەن ئەزموونەکان بێت.
دیسان جەخت دەکەمەوە، ئەوە تەنیا میللەتانی دیکە نین میلۆدییە کوردییەکانیان بەتاڵان بردووە و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان دەکەنەوە، ئەوەندەی کێشەکە دەکەوێتە بەر ئەوان، لەوەیش پتر دەکەوێتە بەر خۆمان.. ئاخر پێم بڵێن کەسێک ماڵی خۆی پێ نەیەتە پاراستن، چۆن گازندە لە ماڵە دراوسێ دەکات؟!