مەسعودی مەلا ھەمزە: دەرھێنەری کورد مانۆ خەلیل، لەرێگەی فیلمێکەوە، چیرۆکی کوردێکی بەخێوکەری ھەنگ لە چیاکانی کوردستانەوە تا چیاکانی ئەلب دەگێڕێتەوە.
مانۆ خەلیل لە لێدوانێکیدا گوتی “لە ئێستادا سەرقاڵی کاری وێنەگرتنی فیلمێکی نوێی خۆمم بەناوی (تامی ھەنگوین)، تێیدا چیرۆکێکی تراژیدی و خەمناکی بەخێوکەرێکی ھەنگ دەخاتە روو، لە ھەمان کاتیشدا خۆشەویستی مرۆڤ بۆ ژیان و پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ سروشت، بە شێوەیەکی شاعیرانە دەخاتە بەرچاو”.
مانۆ خەلیل گوتیشی “چیرۆکی فیلمەکە ھەرچەند بە پلە یەک ھەوڵی چارەسەری کێشەی مرۆڤێکی کورد دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگدانەوەی ژیانی ھەموو مرۆڤێکە کە بۆتە قوربانی شەڕو بەھۆیەوە ھەموو شتێک و کەسوکار و دۆستان و نیشتیمانی لەدەستداوە و دەربەدەری دینا بووە، کەچی مرۆڤبوون و خۆشەویستیی بۆ ژیان لەدەست نەداوە”.
ئەوەشی خستە روو “چیرۆکی فیلمەکەم لە چەند وێستگەیەکی دراماییدا، باس لە بەخێوکەرێکی ھەنگ لە کوردستانی تورکیا دەکات، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو گەورەترین بەرھەمھێنەری ھەنگ بووە لە جیھان، ساڵانە ٢٠ تا ٣٠ تۆن ھەنگی بەرھەم دەھێنا، بەڵام بەھۆی شەڕەوە شانەی ھەنگ و زەوی و ماڵ و ھاوسەر و بەشێک لە منداڵەکانی لە دەست دەدات، دواجار لە چیاکانی ئەلب لە سویسرا درێژە بە کارەکەی دەدات”.
“تامی ھەنگوین Der Imker” لە پاییزی ٢٠١١ کاری وێنەگرتنی دەستی پێکردووە، لە ھاوینی ٢٠١٢ کۆتایی دێت، تەلەفزیونی سویسری بە زمانەکانی ئەڵمانی، فەرەنسی و ئیتالی، تەلەفزیونی ئارتی فەرەنسی- ئەڵمانی و دەزگای سینەمای سویسری و خودی دەرھێنەر، کاری بەرھەمھێنانی بۆ دەکەن.
ماوەی فیلمەکە ٩٠ خولەکە، کۆمپانیای Frenetic Films ئەرکی بڵاوکردنەوەی لەئەستۆ گرتووە، لە زستانی ٢٠١٢ بڵاودەکرێتەوە، بە شێوازی HD وێنە دەگیرێت و بە فیلمی ٣٥ میلیمی و سینەمای دیجیتالی بڵاودەکرێتەوە.
مانۆ خەلیل دەرھێنەری کوردستانی سوریا، ماوەی ٢٥ ساڵە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات و ئێستا لە سویسرا نیشتەجێیە.