عەدنان کەریم : “لە ھەر ئەلبومێکی گۆرانیمدا بە جۆرێک و شێوازێک گۆڕانییەکانم تۆمار کردووەو گۆڕانکارییم کردووە!”.
ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بە توانا (عەدنان کەریم) ئێوارەی رۆژی شەممە ١٣/ ١٠/ ٢٠١٢ لە پرێسکۆنفراسێکی رۆژنامەوانی دا، لە ھۆڵی یەکێتی نووسەرانی کورد لە ھەولێر، باسی لە ناوەرۆکی دوایین ئەلبومی خۆی کرد، ھەروەھا لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا تیشکی خستە چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی خۆی.
لەدەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ھونەرمەند (عەدنان کەریم) سوپاسی ئامادەبوونی دەزگا راگەیاندنەکان و ژمارەیەک لە رۆشنیبیران و ھونەردۆستان کرد، کە ئامادەبوون لەو ئێوارە کۆبوونەوەیەدا گوتی : “خۆشحاڵم لەو ئێوارە کۆڕەدا لەشاری ھەولێری ئازیز لەگەڵ ئێوە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی باسی ئەلبومی (بادەی گوڵڕەنگ) بکەم بۆ ئێوە، دیارە ئەو کارەی من خەونێکی لەمێژنەم بووە، ئێستاکە گەیشتۆتە بەردەستی ئێوەو گوێبیستی دەبن، من ھیوادارم ئەو کارەی من ھەوڵێک بێت بۆ ئەوەی ئاوڕێک لەو کەللتورە دەوڵمەندەی خۆمان بدەینەوە، کە خاوەنی گەنجینەیەکی گەورەین ئەگەر بێت بەچاکی کاری بۆ بکەین”.
ھەروەھا گوتیشی : “ئەو ئەلبومە چەند بەشێکی دیکەش لەخۆی دەگرێت و لە داھاتوودا کار بۆ بەشی دووەم و سێھەمیشی دەکەین، چونکە دونیای مەقامات دونیایەکی فروان و جوانە، منیش ئامانج ئەوەیە بەپلانێکی باش کاری بۆ بکەم”.
لەبارەی بەرھەم ھێنانی ئەلبومێک، کە تەنیا مەقامی لەخۆی گرتووە، (عەدنان کەریم) گوتی : “کار کردن لەسەر ئەو مەقامانە بۆ خۆی لەزەتێکی تایبەتی ھەیە، کاتێک گوێی لێدەگرم، پێش گوێگرەکانم لەزەتێکی رۆحیم پێدەبەخشێت، جگە لەوەش من کاریگەری ھونەرمەندی گەورەی دونیای مەقامات مامۆستا (عەلی مەردان) لەسەر بووە، ئەو وەک کانیاوێک و گەنجینەیەکی بەنرخ وایە پێویستە ھەموو ھونەرمەندێک و تاکێکی کورد شانازی بەو ھونەرمەندە گەورەیەوە بکات، چونکە ئەوەی (عەلی مەردان)ـی ھونەرمەند کاری لەسەر کردووەو بۆ ئێمەی جێھێشتووە، ھونەرێکە پڕاو پڕە لە ئەفراندن و ھەموو جۆر و شێوازە جوانەکانی مەقامی کوردیی پەی پێ بردووەو کاری لەسەر کردووە، بۆیە منیش وەک ھەولێک کە من ئەو کارەم بە ھەوڵدانێک ھەژمار دەکەم و ھیوادارم توانیبێتم کارێکم کردبێت خزمەت بە دونیای مەقاماتی کوردی بکات”.
لەوەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەی “ھەولێر”ـدا لەبارەی ئاگادار بوون لەکەللتور و رەسنەیاتی و ھەروەھا ئەو پێشکەوتنانەی کە باسدەکرێت لە بوارە جۆراو جۆرەکانی موزیک و شێوازەکانی گۆرانی گوتن ھاتۆتە نێو گۆڕپانی گۆرانی کوردی تا چەند زیان بەو رەسانەیەتە دەگەینتێت ؟ لەوەڵامدا ھونەرمەند (عەدنان کەریم) گوتی : “پێشکەوتن و مۆدێرن شتێکە لە ھەموو زەمەنێک پێویستە ئەگەر ھاتوو بەجوانی مامەڵەی لەتەکدا بکرێت، من ناڵێم ئەو شێوازانەی ئێستاکە ھەن با نەبێ و ھەموومان یەک جۆرە و یەک ستایل گۆرانی بڵێن، بەڵام کاتێک دەست دەبەین بۆ ھەر شێوازێکی گۆرانی گوتن، ناکرێ ڕەسنایەتی و ئەو فەرھەنگە دەوڵەمەندەی ھەمانە پشتی تێ بکەین، چونکە سەرمایەو ناسنامەی ئێمە بۆ پێشکەشکردنی ھونەرێکی زیندوو تەنیا ئەو کەللتورە جوانەی کە ھەمانە دەتوانین سوودی لێوەبگرین، ئێمەی کوردخاوەنی ھونەرێکین ئەگەر بێت و بەچاکی کار بۆ بکەین، دەبین بەخاوەنی چەندیین گۆرانی نایاب و مۆدێرن”.
ھەر لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەی دا لەبارەی بەردەوام بوونی لەسەر ئەو ستایل و شێوازەی گۆرانی گوتنی (عەدنان کەریم) گوتی : “من لە ھەر ئەلبومێکی گۆرانیمدا بە جۆرێک و شێوازێک گۆرانییەکانم تۆمار کردووە، سیدی دوای سیدی گۆڕانکارییم کردووە، ھەوڵمداوە لەسەر یەک شێواز گۆرانی نەڵێم، بەڵام ھەوڵی من بەردەوام ئەوەبووە کارێک بکەم ڕەسنایەتی خۆی وون نەکات، واتە کارێک بێت لە رووی ئاواز و ھەڵلژاردنی ھۆنراوەکانیشەوە بابەتی چاک و نەمر بێت لای گوێگر”.
ھونەرمەند (عەدنان کەریم) ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بۆ بەرھەمە ھێنان و تۆمار کردنی ئەلبومێکی گۆرانی خۆی کرد، کە لە ئێستادا کاری بۆ دەکات و لەمبارەیەوەش رایگەیاند : “جگە لەو ئەلبومەی کە لە ئێستادا بڵاوکراوەتەوە، لە ئێستادا خەرکی تۆمار کردنی ئەلبومێکی گۆرانییم، ئەو ئەلبومە تا ئێستاکە (٧) گۆرانی کاری تۆمارکردنی تەواو بووە، تەنیا (٢) گۆرانی ماوە کاری تۆمار کردنی تەواو بێت، ئەو ئەلبومە ھاورێ لەلایەن چەند موزیکژەنێکی کورد کاری بۆ کراوە، دوای تەواو بوونی سەرجەم کارەکان بڵاو دەبێتەوە”.
لەوەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەوانان دا لەبارەی ئەوەی بۆچی تا ئێستاکە حەیران ناڵێت ؟ لە وەڵامدا ھونەرمەند (عەدنان کەریم) گوتی : “حەیران ھونەرێکی جوان شیرینە، من تەنیا حەز ئەکەم گوێگری بم، چونکە دەرقەتی حەیران نایەم، ئەگەر بیشلێم تەنیا بۆ خۆمی دەڵێم و بۆ کەسی دیکەی ناڵێم، ھەر ھونەرێکی جوان ئەگەر شارازایەکی چاکت لەسەری نەبوو باشتر وایە دەستی بۆ نەبەیت”.
لەبەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا گوتی : “من تا ئێرەم ھێناوە نەوەستاوم، ھەمیشە وا ھەست دەکەم ھیلاکم، بەڵام ئەوەی ئامانجمە، ھیوادارم بەدڵی میللەتەکەم بێت و خزمەتی کەللتور و ھونەری نەتەوەکەم کردبێت”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (عەدنان کەریم) بە واژووی خۆی ئەلبومەکەی پێش کەشی ئامادەبووان کردو، بە پەرۆشەوە ئامادەبووانیش وێنەی یادگاریی و ئەلبومی (بادەی گوڵڕەنگ) لەگەڵ خۆیان دەبردەوە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
تا ئێرەم ھێناوە بەردەوامم بەڵام بەردەوام وا ھەستدەکەم ھیلاکم!”.