سەدیق سەعید رواندزی: رەنگە ھیچ خەونێک بۆ مرۆڤ, بەقەد خەونی شادبوونەوە بە نیشتمان پیرۆزو گەورەو پڕ لە تاسە نەبێت.ئەوانەی بەھەر ھۆیەکو لە بەر ھەر ھەڵًومەرجێک بێت, نیشتمانی راستە قینەی خۆیان جێدێڵنو رووەو غەریبی سەر ھەڵدەگرن,ھەمیشە خەونێکیان ھەیە ئەویش شادبوونەوەیە بە نیشتمان.تاسەی
گەرانەوە بۆ زێدی رەسەنوسەرلەنوێ باوەش کردنەوە بەو شوێنەی نیشتمانی راستە قینەی مرۆڤەکانە, ئەو خەونەیە کە بەبەردەوامی لە ھزرو دڵو دەروونی مرۆڤی پەراگەندە, ئامادەیی ھەیە.ئەوانەی نیشتمان جێدێڵنوبە ناچاری مەنفا دەکەنە دوا مەنزلگای خۆیان, لە دووری نیشتماندا وردە وردە غەریبی, گەڵاکانی تەمەنیان ھەڵدەوەرێنێت.ئەوان لە باوەشی ھەزارەھا دیمەنی جوانو باڵاخانەی ناوازەو جەنگەڵستانی سەوزدا, سوکنایی دڵیان نایەتو ھەمیشە چاوەروانن رۆژێک بێتو بگەرێنەوە نیشتمانیان. تائەو ساتەی دەشمرن ھەر ئەو خەونە دەبینن. وەلێ کاتێ ناتوانن ئەو خەونە بگۆرن بە واقیع, ئیدی رووبەرووی نائومیدیوخەفەتی قول دەبنەوەو ژیانیان بە یادەوەریە بە جێماوەکانی نێو نیشتمان دە سپێرن.لەو روانگەیەشەوە گەر سەرنج بدەین دەبینین, ھەمیشە ئەو شیعرانەی لە مەنفادا دەنووسرێن, ھەڵگری گوتارێکن کە ئەویش نوستالۆژیای گەرانەوەیە بۆ نیشتمان.بۆیە کاتێ کەسی تاراوگە کراو لە مەنفادا ناتوانێ بە نیشتمانی راستە قینەی خۆی بگاتەوە, ئیدی ھەوڵدەدات نیشتمان لە رێی وێنەی شیعریەوە بگوازێتەوە نێو خەیاڵو ئەندێشەی خۆی.واتە لە نێوان شوێنی واقیعی کە مەنفای کەسی تاراوگەکراوە, لە گەڵ شوێنی خەیاڵی کە نیشتمانی راستە قینەی مرۆڤەکەیە, ئەو تەنھا بە جەستە لە شوێنی یەکەم دەژیت. دەنا بە روحو ھەست لە شوێنی راستە قینەی خۆیدایە,کە زێدی رە سەنیەتی.بۆیە قورسترین پرسیارکە دەشێ کەسی تاراوگە کراو لە ئاستیدا ھەموو کات بێ وەڵام بێت,ئەو پرسیارەیە کە ئەو کێیە لە دووتوێی ئەو شوێنە نامۆیەدا,کە تاراوگەیە؟کاتێکیش نەیتوانی لەگەڵ ئەو شوێنە ھەڵبکات,کە مەنفایە ئیدی پە نا دە باتە بەر گەرانەوەی نیشتمان لە رێی خەیاڵوئەندێشەی شیعریەوە.بەدەربرینێکی تر, شاعیر کاتێ بە جەستە ناگاتەوە نیشتمان,ئەوا بە خەیاڵ ئەو گەرانەوەیە ئەنجام دەداتو نیشتمانی راستە قینەی خۆی بە ھەموو دیمەنەکانیەوە لە شیعردا بەرجەستە دەکاتو سەرلەنوێ نیشتمان لە نێو دێرەکاندا وێنا دەکاتەوە.ھەڵبەتە ئەو خەونەی کە مرۆڤی تاراوگەکراو, لە خەیاڵیدایە کە ئەویش گەرانەوەیە بۆ نیشتمانی خۆی, خەونێکە وەک سێبەر بەدوایەوەیە. ئەو لە ھەرشوێنێکو لە ھەر جێگەیەک بژیت, دواجار خۆی پێ غەریبێکی بێ لانەیە,بۆیە ھەمیشە بە خەیاڵی ئەوە دەژیت, کەرۆژێک دابێتو بگەرێتەوە نیشتمان. تائەو ساتانەی شاددەبیتەوە بە نیشتمانی راستە قینەی خۆی, ئەوتاسەیەی ھەرھەیە. لەو روانگەیەشەوە گەر سەرنج لە بە شێکی زۆری ئەزموونی شیعری کوردی, لە مەنفادا بدەین, دەبینین خەونی گەرانەوە بۆ نیشتمان, روو بەرێکی گەورەی لە شیعرەکاندا گرتوە. ئەم تایبەتمەندیە تارادەیەکی زۆر بە کۆی ئەزموونی شیعری کوردییەوە دەبینرێت. چونکە ھەڵومەرجی سیاسیو کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد بە شێوەیەک بوە, کە ھەمیشە شاعیرانی ئێمە رووبەروی ئاوارەیی بونەتەوە, ئیدی شیعریش رەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجە کۆمەڵایە تیە بوە.
شیعری(ھەردێمەوەی) شاعیری ناوداری عەرەب(نزار قەبانی)وھەروەھا شیعری( ئەگەر ئەمجارە بێمەوەی) شاعیری ناوداری گەلەکەمان(عبدللە پەشێو) ئەو دوو شیعرەن, کە لە ناوەرۆکدا ھەڵگری ئەو خەونەن کە باسمان کرد. کە ئەویش خەونی شادبوونەوەیە بە نیشتمان.بێگومان لە نێوان ھەردوو شاعیردا, وێکچوونو ھاوشێوەبوونێکی نزیک ھەیە لە ژیانیاندا.چونکە ھەردوو شاعیر ناچاربوونە نیشتمانی خۆیان جێبێڵنولە مەنفادا بگیرسێنەوە.بۆیە کاتێ بەراوردی ھەردوو دەقەکەش دەکەین, دەبینین گوتاری سەرەکی لە شیعرەکاندا, گوتاری گەرانەوەیە بۆ نیشتمانودنیابینی شاعیرەکان, دنیابینیەکی پڕ لە تاسەی شادبوونەوەیە بە نیشتمان.لەو دوو شیعرەدا, پەیوەندی نێوان مرۆڤو نیشتمانەکەی بەرجەستە دەبێت, کە لە ساتێک لە ساتەکانی دابرانیدا, یادی دەکاتەوە.لەو دووشیعرەدا,خەونی گەورەی مرۆڤ دەبینین, لە غەریبیدا کاتێ ھەموو خەیاڵی بەلای ئەوەوەیە, کە جارێکی تر بە نیشتمانەکەی شادببێتەوە.بۆیە شیعر دەکەنە ئاوێنەی گوزارشتکردن لەو دووریەوخەمەقولەی خۆیان. ئەگەرچی رەنگە جیاوازی لە ناوەرۆکی شیعرەکان ھەبێت,لەرووی بونیادی دەربرینوگوزارشتکردنەوە.وەلێ دواجار گوتاروناوەرۆکی سەرەکی ھەردوو دەقە شیعریەکە, گەرانەوەیە بۆ نیشتمان.واتە ھەردوو شیعرەکە لە زەمەنی غەریبیو دوورکەوتنەوە لە نیشتمان نووسراون. ئیدی بە تاسەوەن جارێکی تر بگەرێنەوە نیشتمانوزێدی رەسەنی خۆیان. بۆیە ھەردوو شاعیرھەمیشە لە چاوەروانی ئەوە دەژین, کە جارێکی تر بگەرێنەوە نیشتمانەکانیان.لێرەوەش گوتاری سەرەکی ھەردوو شیعرەکە,گوتاری گەرانەوەیە, بۆ ئەوێ کە نیشتمانە, وەلێ بە جیاوازی گوزارشتکردنەوە.لە شیعری (ھەردێمەوەی) قەبانی شاعیردا,دیالۆگی گەرانەوە ئاراستەی یار دەکرێت,کە لەوێ واتە نیشتمان جێی ھێشتوە.بەڵام لە شیعری (ئەگەر ئەمجارە بێمەوە)ی پە شێودا,دیالۆگی گەرانەوە ئاراستەی کۆی نیشتمانە بە ھەموو شوێنو دیمەنەکانیەوە.بەو مانایەی شاعیر لەرێی ئەو شیعرەوە وەسفی ھەموو شوێنەکانی نیشتمان دەکات.ھەروەھا لە شیعری(ھەردێمەوە)ی قەبانی شاعیردا, یەقینێک ھەیە بۆ گەرانەوە,وەلێ لە شیعری پە شێودا, ئەم یە قینە نییە. بە ڵکو جۆرێک لە دوو دڵیو گومان ھەیە بۆ گەرانەوەی. بە تایبەتیش کە شاعیر لە شیعرەکەیدا دەڵێ:ئەگەر ئەمجارە بێمەوە. ئەمەش دەلالەت لەوە دەکات کە شاعیر ھێشتا دڵنیا نییە لە شادبوونەوەی خۆی بە نیشتمان.دیارە ئەمەش پەیوەستە بە ھەڵومەرجی سیاسی ئەو کات, کە بچوکترین ئومێدیش بۆ گەرانەوەی شاعیر نەبوە.بۆیە دوو دڵ بوە لە گەرانەوەی خۆی.وەلێ دواجار لە ناوەرۆکی ھەردوو دەقەکەدا, ئەو خەونە گەورەیەی قەبانیوپەشێو دەبینین,بۆ شادبوونەوەیان بە نیشتمانیان.قەبانی خۆشەویستەکەی جێھێشتوەو پە شێویش نیشتمانەکەی, بۆیە ھەردووکیان تاسەی گەرانەوەیانە بۆ نیشتمان.ھەروەک قەبانی لە شیعری(ھەردێمەوە)دەڵێ:_
خۆشەویستم
لەم غوربەتە تەمەن بێ یادگاری
بەرەو پیری رامدەکێشێت…
مەترسە لێم…ھەرچەند دووربم..
دووریم تەنیا چەند رۆژێکەو..ھەردێمەوە…
لەگەڵ شنەی شەماڵ بێت…
لەگەڵ ھاژەی رووباربێ…یان باڵی پیرۆزی پەرە سێلکە….
پەشێوی شاعیریش دەڵێ:_
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە…
سەرنج دەدەم زەرنەقوتە..چۆن باڵ دەگرێ…
پەرە سێلکە کۆچەرەکان…لە سەر تەلی کارەبا
چۆن ریزدەبن…
ئەگەر سەرنج لەناوەرۆکی ھەردوو شیعرەکە بدەین دەبینین, ھەردوو شاعیربە تاسەوە خەونی گەرانەوە بۆ نیشتمان دەبیننوتاڵاوی ئەو دووریە دەچێژن.قەبانی خەمی ئەوەیەتی پیر ببێتوجارێکی ترنەتوانێ یارەکەی کە لە نیشتماندا جێھێشتوە, ببینێتەوە.چونکە پیری سەرەتایەکە بۆ نزیک بوونەوەلە قۆناغێکی دیکەی تەمەن کە ئەویش مردنە.بۆیە خەمی شاعیر لێرەدا ئەوە نییە کە پیر دەبێت,کە خەسڵەتێکی حەتمی ژیانی مرۆڤەکانە. بە ڵکو ترسی ئەو لەو پیربوونەدا لە غەریبی ئەوەیە,کە جارێکی تر خۆشەویستەکەی نابینێتەوە.بە ھۆی دابرانو دوورکەوتنەوەی لە نیشتماندا.بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شاعیر بە ئومێدەوە دەژیتویارەکەی دڵنیا دەکاتەوە, کە چەنێ ئەو دووریە بخایە نێت سەرەنجام کۆتایی دێتو ئەو ھەر دەگەرێتەوە.ئەمەش پێچەوانەی تێروانینی پەشێوە, کە ئەگەرێکی خستۆتە گەرانەوەی.واتەھێشتا دڵنیانییە لەوەی کەئاخۆ ئەو جارێکی تر دەگەرێتەوە نیشتمانەکەی یاخودنا.کاتێ قەبانی شاعیریش ھەست دەکات کە ناتوانێت بەجەستە بگەرێتەوە نیشتمان,ئیدی دەیەوێت کرداری گەرانەوە بە خەیاڵاوی بکات.ھەروەک خۆشی ئاماژەی پێدەکات کەلەگەڵ شنەی شەماڵوباڵی پەرەسێلکەوھاژەی رووبار دەگەرێتەوە. لێرەوەش ئەوەی دەگەرێتەوە خەیالوروحی شاعیرە,دەنا بە جەستە شاعیر ھێشتا دوورە لە نیشتمان.وەلێ کاتێ مرۆڤ لە خاکونیشتمانی خۆی دادەبرێت,ئیدی ھەمیشە لەخەیاڵوئەندێشەی گەرانەوە دایە,بۆ ئەو شوێنەی.وەک چۆن پەشێوی شاعیریش, ئەگەر ئەمجارە بگەرێتەوە سەرنج لەھەموو دیمەنەکانی نیشتمان دەدات, تەنانەت بە زەرنەقوتەو پەرسێلکەکانی سەر تەلی کارەباشەوە. ئەم ھێماکردنەی پە شێوی شاعیر, دەلالەتە بۆ ئەوەی کە کاتێ مرۆڤ لە خاکو نیشتمانی خۆی دایە, ئیدی ئەو پەیوەست بوونوخۆشەویستیەی نییە, بە دیمەنو شوێنەکانەوە. وەلێ کاتێ ھەمان مرۆڤ ئاوارەو پەراگەندەی وڵاتانی تر دەبێتولە نیشتمانوخاکی خۆی دوور دەکەوێتەوە, ئەو سا درک بەوەدەکات کە دوورکەوتنەوە لە نیشتمان چ برینێکی قوڵە, برینێک تەنیا بە شادبوونەوە بە نیشتمان سارێژ دەبێت. بۆیە پە شێو غەمگینانە تارادەی پە شیمان بوونەوەش,ئەگەر ئەمجارە بگەرێتەوە نیشتمان,سەرنج لە دارتێلەکانی سەرشەقاموزەرنەقوتەو پەرەسێلکەش دەدات,کەدەشێ ئەوکاتانەی لە نیشتمان بوە, ھەرگوێشی پێ نەدابن!نەک ھەر ئەمە بگرە گیایەکی تفتیش تێر تێر دەخواتوپێوبەڵەکی لە شەونمی سارد ھەڵدەسوی. ھەموو ئەو دەربرینانە گوزارشتن, بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤو خاکەکەی ئەو کاتانەی لە نیشتمان دوورە.ئەگەرنا دەکرێ بپرسین پەشێو ئەو کاتانەی لە نیشتمان بوە, بۆچی سەرنجی لە زەرنەقوتەو دارتێلەکانی سەر شەقام نەداوە؟خۆئەو کاتیش ئەو دیمەنانەی بینیون. وەلێ ئێستا چونکە لە نیشتمان دوورە, ئیدی خەیاڵوبیرەوەری گەراوەتەوە, سەر بچوکترین دیاردەی نیشتمانەکەی. ھەربۆیەشە بە تاسەوە, خۆزگەی ئەوە دەخوازێت کە جارێکی تر بگەرێتەوە, بۆ ئەوەی لەنزیکەوە لەھەموو دیمەنەکانی وڵاتەکەی رابمێنێت. ئەمەش وەک ھێمایەک بۆ دووریودابران لە نیشتمانوتاسەی گەرانەوە بۆی.لێرەوەش ئەگەر سەرنج لەو شیعرەی پە شێوە بدەین دەبینین, شاعیر بە ئەندازەیەک غەریبی نیشتمانەکەی دەکات, تەنانەت دارتێلەکانی سەر شەقامیشی دێنەوە یاد.واتە ئەوەندە بە قوڵی تاسەی بینینەوەی نیشتمانەکەی دەکات.پێچەوانەی قەبانی شاعیر کە تەنھا خەیاڵی لای یارەکەیە,کە ئاخۆ جارێکی تر دەیبینێتەوە یاخودنا.واتە جیاوازی نێوان ھەردوو شاعیر لە گەراونەوەیان بۆ نیشتمانەکانیان لەوەدایە, قەبانی بەتەنیا لە سۆنگەی یارەوەیە, تاسەی گەرانەوە بۆ نیشتمان دەکات وەلێ پەشێولە سۆنگەی ھەرھەموونیشتمانەوە,دەگەرێتەوە.واتە دووری پەشێو لێرە,دووری مرۆڤێکە لە خاکەکەی کە ھەموو خۆزگەی جارێکی تر شادبوونەوەیە بە نیشتمانەکەی.بۆیە پێچەوانەی قەبانی , پە شێو خەیاڵوبیری لای یەک بەیەکی دیمەنەکانی نیشتمانە,ھەروەک خۆشی دەڵێـت:-
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە…
سەرنج دەدەم گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ…
ھەناروسێوچۆن پێ دەکەن..
زەرنەقوتە چۆن باڵ دەگرێ…
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە..
لەگۆی مەمکی ھەرکانیاوێک قومێ ئاو دەخۆمەوە…
گشتیان دەکەم بەدایکی خۆم…
پەشێوی شاعیر ئەوەندە غەریبی نیشتمانەکەی کردوە,ئەگەرجارێکی تر ژیان دەرفەتی پێ بدات بگەرێتەوە نیشتمانەکەی, ئەوا بە تاسەوە سەرنج لەھەموو دیمەنەکانی نیشتمان دەدات.دووریودابرانی شاعیر لە نیشتمانەکەی, کاریگەریەکی روحیودەروونی وای لە سەر ژیانی شاعیر لە مەنفادا جێھێشتوە,ئەگەر جارێکی تر بگەرێتەوە,تاسەی ئەو دووریەی خۆی بە ھەموو دیاردەکانی نیشتمانەوە دەشکێنێت.بەڵام قەبانی بە تەنیا مەبەست لەگەرانەوەکەی بۆ نیشتمان, بینینەوەی یارەکەیەتی.جگە لەمە خەیاڵی بەلای شتەکانی دیکەی نیشتمان ناچێت.وەلێ پە شێولە شیعری( ئەگەر ئەمجارە بێمەوە) بە پێچەوانەی قەبانی شاعیرەوە,نیشتمان بە ھەموو جوانیویادەوەریەکانیەوە,لە رێی ناوەرۆکی شیعرەکەوە, دێنێتەوە نێو بوونوژیانی خۆی.بۆیەشە لە شیعرەکەیدا,ئاماژەی بە ھەموولایەنەکانی نیشتمان داوە.لێرەوەش ئەگەر غەریبی قەبانی وەک شاعیرێک بۆ نیشتمانەکەی,لە سۆنگەی یارەوە بێت, ئەوا بۆ پەشێو لە سۆنگەی خاکونیشتمانە. بە تایبەتیش مەنفا ھەمیشە ئەوشوێنەیە,کە تیایدا نوستالۆژیای گەرانەوە بۆ نیشتمانی راستە قینە لای مرۆڤەکان قوڵتر دەکاتەوە. واتە بیرکردنەوە لە نیشتمان لە مەنفادا, جیایە وەک ئەوەی لە خودی نیشتماندا ئەو بیرکردنەوەیە بکەین.بەتایبەتیش کە لە مەنفادا ھەمیشە مرۆڤ, ھەست بە جۆرێ لە بێ ناسنامەییو غەریبیوبێکەسی دەکات.پە شێو,چونکە دووریو دابرانی لە کوردستاندا, کاریگەریەکی گەورەیان لە سەر ھەستونەستوتێروانینی جێھێشتوە, ئیدی لە شیعری ئەگەر ئەمجارە بێمەوە, بە تاسەیەکی زۆرەوە, چاوەروانە بگەرێتەوە نیشتمانی.بۆیە کە دەگەرێتەوەش سەرنج لە ھەموو جوانو ناشرینیەکانی نیشتمان دەدات.واتە تاسەی دووری خۆی بە ھەموو شتەکان دەشکێنێت.خۆشبەختانە دوای ساڵانێکی زۆر لە غەریبیو دابران لە نیشتمان,پە شێوی شاعیر جارێکی تر بە نیشتمانی راستە قینەی خۆی شادبۆوە,کە لە شیعری ئەگەر ئەمجارە بێمەوە, وەسفی کردوە.وەلێ نازانین ئایا لە روانگەی پە شێو لە ئێستادا, نیشتمان ھەمان ئەو نیشتمانەیە, کەئەو لە شیعری ئەگەر ئەمجارە بێمەوە وێنای کردوە؟ یاخودنیشتمانێکی دیکەیە, کەئەو خۆزگەی نەدەخواست بەم شێوەیە بێت؟ھەرچیەک بێت,دواجار ئەو شیعرەی پە شێو شاکارێکی ئەدەبی گەورەیە, گەورە وەک شاعیر سەربەرز وەک شاعیر….
* لە ھەفتەنامەی ( رێگای کوردستان ) ، ژمارە (٩٩٠) رۆژی چوارشەممە ، ٢٧_٦_٢٠١٢ ، ل ١٠ . بڵاوکراوەتەوە .
سەدیق سەعید رواندزی
sadiqrwandze@yahoo.com