سەدیق سەعید ڕواندزی
یەکێک لەو سیما سیاسییانەی لە سەردەمی دیکتاتۆردا لە عێراقدا بوونی ھەبوو، ئەو پەیکەرانەی خودی سەدام بوون کە ھەموو شارو لە شارەکانیشدا، زۆربەی شەقامەکانی تەنیبوو. بە ڕادەیەک مرۆڤ بۆھەر لایەک ڕووانیبای ئەوا پەیکەرێکی دیکتاتۆری دەکەوتە بەرچاو.بوونی ئەو ژمارە زۆرانە لەپەیکەرەکان، گەرچی بەقەبارەو شێوە و شوێنی نماییشکردنیان جیاوازبوون لە یەکتری، وەلێ ھەموویان یەک ئاماژەیان دەگەیاند کە ئەویش دیکتاتۆر ئەگەر خۆشی لە ھەموو شوێنەکان نەبێت، ئەوا تارماییەکەی وەک ھێمایەک بۆ ترس و تۆقین، بوونی ھەیە.لە ھەموو ڕووبەرە جیاوازەکانی ژیان دەبینرێت و بینینی ئەویش واتە ترس و سڵەمینەوە و کوشتن و خوێن.واتە ئەگەر پەیکەر وەک ھونەرێک ھێمایەک بێت بۆ ژیاریبوون و ھونەرێکی بەرز، ئەوا پەیکەرەکانی دیکتاتۆر سیمبولی ترس و بە سیخوڕیکردنی کۆمەڵگە و چاودێریکردنی تاکەکان بوو. لەڕاستیدا، لە ژیانی ھەموو دیکتاتۆرەکانی دنیا خاڵێکی ھاوبەش ھەیە، ئەویش نەرجسیەت و شەیدابوونە بە خود. ئەوان دەیانەوێت لەڕێی بیناکردنی ئەو پەیکەرانەوە، خۆشەویستییەکی ساختە ببەخشنەوە بەوەی کەگەلەکانیان ئەوەندەیان خۆش دەوێن، پەیکەریان لەھەموو شوێنێک بۆ دروست کردوون. کاتێکیش کۆتایی بە ستەم و دەسەڵاتەکانیان دێت، ئەوا پەیکەرەکانیان بەرلە ھەموو شوێنێک زووتر دەکەونە بەر ڕووخاندن و ئەتککردن. وەک ئەوەی لە مەیدانی فیردەوس بەرامبەر پەیکەری زەبەلاحی سەددام کرا، کاتێ بینیمان لە گۆڕەپانی فیردەوەس منداڵان یارییان بەکەللە سەرەکۆنکریتییەکەی دەکرد.ئەو پەیکەرە زەبەلاحەی سەردەمانێک ھێمای تارمایی دیکتاتۆرو ترس و تۆقین بوو بۆ ھەمووان.چیڕۆکی(پەیکەرەکان)ھەڵگری ئەو گوتارەیە کەباسمان کرد. ئەویش ئامادەیی دیکتاتۆرە لە ژیانی عێراقییەکان لەھەموو شوێن و جێگەیەکدا.چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی سێبەری پەیکەرەکانییەوە بێت. ئەم چیڕۆکە باس لە تەنینی ھەموو شوێنێک بە پەیکەرەکان دەکات. تا ئەو ئەندازەیەی دواجار پەیکەرەکان دەبنە مرۆڤی ڕاستەقینە و ھاوشێوەی ھەموو مرۆڤێک،قسە دەکەن و دەڕۆن. پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە، کە کەسی یەکەمی تاکە ڕقێکی زۆری لە پەیکەرەکانە. بۆیە ھەر کاتێک بەلایاندا ڕەت دەبێت و سەیرییان دەکات، تفێک دەکاتە پەیکەرەکان. ڕۆژێکییان کاتێ ھەمان ڕەفتار بەرامبەر بە پەیکەرەکە دووبارە دەکاتەوە و بە خێرایی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، واھەست دەکات پەیکەرەکە لە سەکۆکەی دێتە خوارەوە و لەماتریالێکی بێ گیان وجوڵە، دەبێتە مرۆڤ و دوای دەکەوێت. پاڵەوانی چیڕۆکەکە کاتێ دەگاتەوە ماڵەوە، دەیەوێت پشووێک بدات، لە وکاتەدا لەدەرگا دەدرێت. ئیدی ئەو واخەیاڵ دەکات ئەوە پەیکەرەکەیە دوای کەوتووە، بۆیە داوا لە ژنەکەی دەکات دەرگاکە نەکاتەوە، بەڵام ژنەکەی گوێ بەو داوایەی ئەو نادات و دەرگاکە دەکاتەوە،دواتریش پەیکەرەکە دێتە ژورەوەو بە بەرچاوی ئەو،دەستی ژنەکەی دەگرێت و لەگەڵی جووت دەبێت. دوای ئەمەش منداڵێکی لە شێوەی پەیکەرێکی بچووک لە ژنەکەی دەبێت.ناچار ماڵ جێدێڵێت و خۆشی دەبێتە پەیکەر. ئەمجارەیان پاڵەوانی چیڕۆکەکە، دەیەوێت وەک حەزرەتی ئیبراھیم ھەرچی پەیکەر ھەیە بەدەستەکانی وردوخاشییان بکات. چونکە خۆی وتەنی ھەر لە منداڵییەوە ڕقی لە پەیکەرەکانە. بۆیەڕۆژێک تەورێک ھەڵدەگرێت و بە گژپەیکەری ئەلسعدون دادێتەوە،بۆ ئەوەی وردوخاشی بکات، بەڵام پەیکەرەکە لێی دێتە قسەو پێی دەڵێت:_( ھەی گەمژە ونبە لەبەرچاوم ئەگینا سەرت پان دەکەمەوە).پاڵەوانی چیڕۆکەکەش بەترس وپەشۆکاوییەوە واز لە پەیکەری ئەلسعدون دێنێت و ئەمجارەیان بە شەقامی ڕەشیددا شۆڕدەبێتەوە و دەیەوێت پەیکەری ڕەسافی بڕووخێنێت،کاتێ لەو پەیکەرەش نزیک دەبێتەوە،ئەویش پێی دەڵێت:_(ھەی کوڕی سۆزانی)دیسانەوە بەترس و دڵە ڕاوکێەوە واز لەپەیکەری ڕەسافییش دەھێنێت، کاتێک لە شەودا بەرەو ماڵ دەبێتەوە پەیکەرەکەی شا فەیسەڵی یەکەم دەبینێت،ھەوڵدەدات بەتەورەکەی دەستی ئەویش بڕووخێنێت،بەڵام دیسانەوە شا فەیسەڵیش پێی دەڵێت:_(ھەی نۆکەری ئینگلیز).ناتوانێت ئەویشیان بڕووخێنێت، بەم جۆرە سەرجەم ھەوڵەکانی پاڵەوانی چیڕۆکەکە لەوردوخاشکردن و ڕووخاندنی پەیکەرەکان کەزۆر ڕقی لێیانە، شکست دەھێنێت.ناتوانێت وەک حەزرەتی ئیبراھیم بوێری ئەوەی ھەبێت،پەیکەرەکان تێکبشکێنێت.بەڵام چونکە ئەو زۆر ڕقی لە پەیکەرەکانە،بۆیە ئەمجارەیان پیلانێکی تر بۆ لەنێوبردنیان دائەنێت،ئەویش مینڕێژکردن و تەقاندنەوەیانە بە دینامێت. بۆیە ھەموو پەیکەرەکان بەیەکەوە دەبەستێت و کاتێکیان بۆ دیاری دەکات. لەکات و ساتی دیاریکراودا، پاڵەوانی چیڕۆکەکە بەڕیمۆت کۆنترۆل پەیکەرەکان دەتەقێنێتەوە، بەلام شتێکی سەیر دەبینێت کاتێ ھەست دەکات کە تەقینەوەکە لەنێوماڵی خۆی بووە.واتە پەیکەرەکان لەھەموو جێگە و شوێنێکدا بوونیان ھەیە. دوای تەقاندنەوەی پەیکەرەکانیش، ھەست بەخۆشحاڵی دەکات کە سەرکەوتوو بووە لەکارەکەی. بەڵام دەبینێت، کوڕەکەی دیسان پەیکەرێکی بچووکی لەماڵەوە شاردۆتەوە.باوکی چەند ھەوڵی لە گەڵ دەدات کە پەیکەرەکان ھێمای نەھامەتین و دەبێ لەنێوببرێن، بەڵام منداڵەکەی پێی دەڵێت: کەئەم پەیکەرەیان بچووکە و ھیچ مەترسییەکی نییە.لەم چیڕۆکەدا، دەکرێ چەندین مەغزای شاراوە لە پەیکەرەکان بینین. بەتایبەتیش کە ئەم چیڕۆکە لە سەردەمی بەعس نووسراوە.بوونی پەیکەرەکان، لەڕاستیدا ھێمایە بۆ بوونی دەسەڵاتێکی سیاسی تۆقێنەربەسەرژیانی کۆمەلگاوە. دەسەڵاتێک کە پایەکانی خۆی لە سەر کوشتن وخوێن و سڕینەوەی ھەموو ئازادیخوازێک کە بشێ مەترسی بن بۆ سەری ڕاگرتووە. دەسەڵاتێک کەتیایدا لە ڕێگەی تۆڕێکی سیخوڕی گەورەوە، بەشێکی زۆری تاکەکان دەکاتە سخور بەسەریەکترییەوە. بۆئەوەی کەس نەتوانێت وشەیەک یاخود ھەڵوێستێک لە ئاست ستەمی ئەو دەسەڵاتە دەرببڕێت. کاتێ پەیکەرەکان دێنە نێوماڵەکانمان،ھێمایەکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە سەردەمی بەعسدا لەو پەڕی بڕوانەبوون بە یەکتری و بێ متمانەیی لە نێوانیان دەژیان. چونکە ھەموومان دەزانین کەم نەبوون ئەوانەی دواجار ناپاکییان لە ھاوڕێ و کەسە ھەرەنزیکەکانی خۆشیان دەکرد.ئەمەلەلایەک، لەلایەکی دیکەوە چیڕۆکنووس لەچیڕۆکەکەیدا مەبەستییەتی ئەو پەیامە بگەیەنێت کە عێراق وڵاتی پەیکەرەکان بووە،بەومانایەی خودی کۆمەڵگە لە بێدەنگییەکی کوشندەدا دەژیا. دیکتاتۆر چی مەبەستی با ئەوە دەکرا. لەسەردەمی بەعسدا، لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی سیاسییانەی دەسەڵاتی بەعسدا، ھەموویان ھاوشێوەی پەیکەرێک بوون.دەرەنجامیش ئەوە دیکتاتۆر نییە بێ دەنگی دروست دەکات، بەڵکو بێ دەنگییە دیکتاتۆر دروست دەکات.بە پەیکەرەیبوونی مرۆڤەکان, واتە داماڵینیانە لەو ھەستە مرۆیی و ڕوحی و ھزرییەی، کەجیای دەکاتەوە لەبوونەوەرەکانی تر.کاتێ لە چیڕۆکەکەدا، ھەموو شوێنەکان و جێگاکان دەبنە موڵکی پەیکەرەکان،دەلالەتە لە وەی کەعێراق و عێراقییەکان، بچووک و بەرجەستەکراون لە کەسیەتی دیکتاتۆردا.چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت کە لەو وڵاتانەی سیستەم تاکەکەسی و دیکتاتۆرییە، کۆمەڵگە جگە لەمێگەلێک کە سەرکردە چۆنی بووێت بەو شێوەیە ئاراستەی دەکات، ھیچی تر نییە.چیڕۆکی پەیکەرەکان ھێمایەکە بۆ نیشاندان و بەرجەستە کردنی ژیانی تاکەکان لە سەردەمی بەعس و سەددامدا لە وێناکردنێکی جوانی ئەدەبییانە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەئایا ،چیڕۆکی پەیکەرەکان دواجار کۆتایی دێت؟چیڕۆکنووس لە چیڕۆکەکەیدا، دوای تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی پێشووتردەڵێت:_(پەیکەرەکان ھەڵسانەوە،ڕۆژی ھەڵسانەوەی پەیکەرەکانە،پەیکەرەکان پەیکەری ئێمەن لە خەو ڕاکشان ھەڵسانەوە).بەم جۆرە چیڕۆکنووس دەیەوێت ئەوپەیامە بگەیەنێت کە ھەرگیزاو ھەرگیز،بتەکان لەوڵاتەکەیدا کۆتاییان نایەت.دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە ئەمە دووەم چیڕۆکی وەرگێڕدراوی ئەم چیڕۆکنووسە عێراقییەیە دەیخوێنمەوە. بەڕاستی وەک خوێنەرێک ھەم چێژم لە خوێنەوەیان بینیوە ھەمیش سەرنجیان ڕاکێشاوم. ھیوادارم کۆی چیڕۆکەکانی وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی…
*چیڕۆکی پەیکەرەکان/نووسینی سەلاح زەنگەنە/وەرگێڕانی تاھیر عوسمان/ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە ٣٠٥٠لە٢٩-٣-٢٠١٩……
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی(ھەواڵ)ی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣-٤-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە………..