(کوردستان) ناونیشانی کلیپێکی کچە گۆرانیبێژ تارا یوسفییە. هۆنراوەی گۆرانییەکە هی هونەرمەند خۆیەتی و لە ئاواز و دابەشکردنی زاهید مەنسوری هاوسەریەتی.
ئەم کلیپە بە پشتگیری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاری دەستەیەک لە کوڕان و کچانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر تۆمار کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە سایتی چراتیڤی، تارا یوسفی (مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر) دەربارەی ئەم کارە هونەرییەی ڕایگەیاندو ووتی:
“کلیپی کوردستان کارێکی ئەکادیمییە بۆ ئورکستراو کۆڕال دابەشکراوە، بە شێوەی چوار هێڵ کە دوو هێڵیان کچانن سوپرانو و ئالتۆ، دوو هێڵی کوڕان تەنور و باس. هەریەک لەم چوار هێڵەش میلۆدی جیاواز و سەربەخۆی هەیە کە چەند کەس بە دەنگی خۆیان وەکو ئامێری مۆسیقا دەیڵێن لە هەمان کاتدا هەموو هەمان هۆنراوە دەڵێنەوە”.
لەم کارە هونەرییەی تارا یوسفی کە جگە لە خۆی و زاهد مەنسوری هاوسەری کە هەردووکیان مامۆستان لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر نزیکەی ١٠٠ سەد لە قوتابیان و مامۆستایان لەم کلیپەدا وەک ژەنیار و کۆرس بەشدارن.
لە کۆتاییدا تارا سوپاسی بێپایانی ئاراستەی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری کوردستانی کورد بۆ هاوکاریکردنیان بە وێنە جوانەکانی کوردستان. ئەم کلیپە لە ڕێگای کۆمپانیای ئار ئێم ئێم تۆمار کراوە.