مەسعودی مەلا ھەمزە : خاتوو “تارا جاف” ھونەرمەندی ناوداری کورد کە ژەنیاری چەنگ و دانیشتووی شاری لەندەنە، وۆرکشۆپێکی فێرکاریی ئامێری چەنگ بە ناونیشانی “پێگەی چەنگ لە موزیکی کوردی و ئێرانیدا” لە ماڵی موزیکی ئێران بەڕێوەدەبات.
وۆرکشۆپی فێرکاریی یا ماستەر کلاسی “تارا جاف” ژەنیاری بەئەزموونی ئامێری چەنگ، بە ناونیشانی “پێگەی چەنگ لە موزیکی کوردی و ئێرانیدا” ھاوڕێ لەگەڵ پەردەلادان لە چەنگەکانی “عەبدوڵڵا عەباسی” رۆژی چوارشەممە ٢٧ی جولای کاتژمێر ٤ی عەسر لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ماڵی موزیکی ئێران بەڕێوەچوو.
لەم وۆرکشۆپەدا “تارا جاف” سەبارەت بە تەکنیکەکانی ژەنینی ئامێری چەنگ، شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژەنینی ئەم ئامێرە و چەنگ لە مێژووی شیعر و موزیکی کوردی و ئێرانیدا ئاخاوت. ئامادەبوون و کەڵک وەرگرتن لەم وۆرکشۆپە بۆ ئەندامانی ماڵی موزیکی ئێران ئازادە. ھۆگران بۆ ناونووسین و وەرگرتنی زانیاریی پێوست سەبارەت بەم وۆرکشۆپە، دەتوانن لەگەڵ ماڵی موزیک لە شەقامی فاتمی پەیوەندی بگرن.
خاتوو “تارا جاف” کە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیھان، لەوانە: ئەڵمانیا، فەرەنسا، تورکیا، ئینگلتەرا، دانیمارک، ھۆڵەندا و ھەرێمی کوردستان کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی پێشکەش کردووە، ئێستاکە سەردانی تارانی کردووە و ئەم رۆژانە بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ ژەنیاری لاوی کورد و ئامێرژەنی بەتوانای نەی “فەردین لاھورپور” و خاتوو “سومەیە عەباسی” ژەنیاری زەرب، سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەلبوومێکی نوێ ئامێرەکانی چەنگ و نەی و زەربن کە تیایدا چەندین پارچە موزیکی کوردی پێشکەش بە ھۆگرانی موزیک دەکەن.