مەسعودى مەلا هەمزە :خانمە موزیکژەنی کورد تارا جاف، لەدەستپێکی کۆنسێرتێکی هەردوو گۆرانیبێژی فارس درایوش و فەرامەرزی ئەسڵانی، بەچەنگەکەیەوە موزیک لەشاری بۆنی ئەڵمانی دەژنێت.
تارا جاف لەلێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی “لەتشرینی یەکەم/ ئۆکۆتبەر 2011، لەشاری بۆنی ئەڵمانی کۆنسێرتی هەردوو گۆرانیبێژی فارس داریوش و فەرامەرزی ئەسڵانی بەڕێوەدەچێت، من بەر لەدەستپێکردنی کۆنسێرتەکە، بەئامێری چەنگ چەند پارچە موزیکێک بۆ ئامادەبووان دەژەنم”.
گوتیشی “هەر لەم مانگە، بەمەبەستی سازکردنی زنجیرەکۆنسێرتێک سەردانی تورکیا دەکەم، بڕیاروایە دوو کۆنسێرت لەشاری ئەستانبۆڵ پێشکەش بکەم، کۆنسێرتەکانی دیکەش لەچەند شارێکی کوردی بەڕێوەدەچێت، لەوانە ئامەد و ماردین و چەند شارێکی دیکە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەم زنجیرە کۆنسێرتەدا گۆرانی و موزیک بەدەنگی خۆم و بەئامێری چەنگ پێشکەش دەکەم، رەنگە لەهەندێک لەکۆنسێرتەکاندا هونەرمەندی دیکە، بەئامێری دەڤ و ریتم هاوکارم بن”.
ئەوەشی خستەروو “کۆنسێرتەکان لەکۆتایی ئەم مانگە دەست پێدەکەن و تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر بەردەوامی هەبێت”.