هونەرمەندی شێوەکار محەمەد ئیسماعیل نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا، ماوەیەکە سەرقاڵی تابلۆیەکی هاونیشتیمانی شاری هەولێر (نازم)ـە.
ئەم تابلۆیە جیا لە تابلۆکانی تری هونەرمەند لە موزایەدە لە ڕێگای هەژماری هونەرمەندەوە نمایشدەکرێت و فرۆشی تابلۆکە ڕاستەوخۆ ڕادەستی کاک (نازم) دەکرێت، وەک پاڵپشتییەک و سووککردنی باری گوزەرانی ئەم هاوڵاتییە لەلایەن محەمەد ئیسماعیل ی شێوەکار.
بیرۆکەی تابلۆکەی هونەرمەند لە وێنەیەکەوە وەرگیراوە تیایدا (نازم) لەسەر عەرەبانەکەی بە نیگەرانییەوە سەیری کامێرا دەکات لە کاتی بێکاری و قەدەغەکردنی هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەرێم بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەم وێنەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبۆوەو بووە جێگەی باسی هەمووان.
هونەرمەند بۆ یارمەتیدانی (نازم) و سووککردنی باری دارایی ناوبراو، لە ڕێگای هەژماری فەسیبووکەکەیەوە تابلۆیەکی دەخاتە مەزادەوە.
شێوەکار محەمەد ئیسماعیل لە فەیسبووکەکەی خۆیدا سەبارەت بەم کارەی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت:
“ھاوڕێیان چاوەڕێ بن بەم زوانە ئەم تابلۆیە تەواو دەکەم، وە لە لاپەڕەکەی خۆم چەند ڕۆژێکە بۆ موزایەدە نمایشم کردوە، نرخی لە 1000 $ دۆلارەوە دەست پێ دەکات. کام خێرخواز پارەی زیاتری پێ بدات ئەوە خۆی دەبێتە خاوەنی ئەم تابلۆیەم و پێشکەشی دەکەم، بەمەرجێک بەبەڵگەوە ببینم پارەکە ھەر ھەمووی پێشکەشی کاک نازم دەکات، من بەھیچ شێوەیەک حەقی ماندوو بوونی خۆم وەرناگرم، تابلۆیەکە لە ھۆڵەنداوە لەسەرئەرکی خەرجی خۆم بە سەلامەتی بۆ خێرخوازەکە پۆست دەکەمە ئەدرێسی خۆی.
بەڕێزان گەر دەتانەوێ ببنە خاوەنی ئەم تابلۆیەم ھەست بەو بەرپرسیارەتی مرۆییە بکەن، ئێوەش بەشداربن لەم کەمپێنەدا، تکایا لە لاپەڕەکانی خۆتان شەیری بکەن”.
بۆ بەشداری و سەردانی ئەکاونتی هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل لە فەیسبووک: