شەوقی سەباح :ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە، جیاوازە لەگەڵ چەند ساڵی رابردوومان، رەنگە جیاواز بێت لەگەڵ دوێنیش، دەبێت ئێمەی مرۆڤەکان بزانین چۆن ھاوڕێ دەبین لەگەڵ بەرامبەرمان، چۆن لەگەڵ خۆمان سەرەتا راستگۆدەبین و بڕوا بە کەسی دووەم دەھێنین، کە دوو کەس راز و نھێنیەکانی یەکتر لەگەڵ یەکتر باس دەکەن.
ئێمە ھەمووکات کە باس لە ھاوڕێ دەکەین دێینە سەر وەفا و سۆز و راستگۆی و خیانەتی و دەیان شتی دیکە، کەسانێک ھەن خۆیان زۆر خراپن و پێیان وایە کەسانی دیکەش ھاو شێوەی ئەوانن و ھیچ شتێکی پیرۆز لە ھاوڕێیەتی نەماوەو نییە، بەڵام لە بنەڕەتدا رەنگە کەسەکان ھەڵەبن و ھاوڕێی باش و دڵسۆز گەلێک زۆرە ئەگەر مرۆڤەکان بتوانن ھاوڕێیەتی کەسێکی شیاو بکەن و کەسی باش بدۆزنەوە.
ئەز بە بۆچوونی خۆم ھیچ کات لەگەڵ ئەم رایە دانیم، کە دەڵێت ھاوڕێیەتی ئێستا بۆ شت گەلێکی جیاواز و جۆراو جۆرە، ئاخر دەگوترا ھاوڕێیەتی ئەم سەردەمە بۆ پارە، یانی بۆ ئۆتۆبێل و شتی ترە، بەڵام ئەمە ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە، کەسی زۆر ھەیە و ئەی ناسم ھاوڕێی گیانی بەگیانین و تەنانەت نە لایەنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتریان کۆدەکاتەوە نە لایەنی ماددی، بەڵکو لە دڵەوە ھاوڕێن و وابەستەی یەکتر بوونەو رێزو خۆشەویستی بۆیەکتر ئەنوێن و ھەر ئەوەشە کۆیان دەکاتەوە.
لەم جیھانە پان و بەرینەدا کەسانێک ھەن خراپن و کاتێک لەگەڵ کەسێکی تر تێکھەڵ دەبن، دونیات لەبەر چاو ناشیرین دەکەن و ھەر خۆشیان حەق بەم وشەیە دەدەن و دەڵێن ئێستا ھاوڕێیەتی باش نەماوە، من دەپرسم ئەگەر ھاوڕێیەکەت خراپە بۆ لێی دوورناکەویتەوە یاخود بۆ ئامۆژگاری ناکەیت، نەخێر من لێرە پێت دەڵیم تۆ خۆت باش بەو کار لەسەر ھاوڕێکەشت و دراوسێکەت و ھاوڕێی ھاوڕێکەشت بکە بۆ ئەوەی رێگەی باش و خراپی بۆ روونبکەیتەوەو باشەکەی لا خۆشەویستر و چەسپاوتر بکەیت.
ھەر لەسەر وشەی ھاوڕێیەتی دەمێنمەوەو لەباسەکە دەرناچم، دێمەسەر ھاوڕێیەتی کچ و کوڕ کە ئێستا گفوگۆیەکی زۆر ھەڵدەگرێت و سەر بەھەرلایەکدا بکەیت باس و خواسی ئەم جۆرە ھاوڕێیەتییە، بەڕای من وەکو گەنجێک بەدەگمەن نەبێت ھاوڕێیەتی نێوانی کچان و کوڕانی سەڵت تاسەر نامێنێتەوە، کەنیشکە رەنگە بۆ ھاوسەرگیری بێت و یانیش رەنگە وانەبێت، بەڵام ئەم ھاوڕێیەتیە تاسەر نابێت و دەمێک کۆتایی پێدێت. لەھەمانکاتدا گەلێک جار وا ھەڵکەوتووە لە نێوان ھاوڕێکاندا پرۆسەی زەواج دروست ببێت، ئەوەشیان کارێکی پیرۆزەو ئەگەری ئەوەی ھەیە باشتر یەکتریان بۆ دەرکەوتبێت و باشتریش شارەزایی یەکتر ببن، بەڵام ئەم جۆرە ھاوڕێیەتیە دەگمەنە.
ئێستا لە نێوان ھەندێک لە کچان و کوڕان، ئەم جۆرە ھاوڕێیەتیە نییە، چونکە کچان خۆیان لەم شێوازە ھاوڕێیەتیە بەدوور ئەگرن، کە بەڕای من خۆ بەکەم سەیر کردنی کچانە بەرامبەر بە کوڕان، راستە دەگوترێت ئێستا ھاوڕێیەتی نەماوە لە نێوان کچان و کوڕان، بەڵام دەبێت ئێمە ھاوڕێیەتی و ھاوڕێیەتی کات بەسەربردن لەیەکتر جیابکەینەوە، کەسی ھەیە ھاوڕێیەتی تەنیا بۆ بەسەربردنی کات و بەتاڵکردنەوەی غەریزە سێکسیەکان و شتی دیکە دەکات، کە ئەمەش ھەرچی بێت لەم کۆمەڵگەیەی ئێمە پێی ناگوترێت ھاوڕێ، چونکە لێرە بەم شێوەیە زیان گەیاندنە بە ئەوەی تر.
لەسەر ئێمەی مرۆڤ پێویستە لە نێو ئەم ھەموو حەشیمەتە کەسانێک بۆدزینەوە کە شیاوی ئەوەبن ھاوڕێیانبین، بۆ ئەوەی ژیانمان لا جوانتر بکەن و ھەمیشە پشت و پەنامان بن و بتوانن بەشێک لە خەمەکانمان ھەڵگرن، نەک خەمێکی دیکەمان بۆ زیاد بکەن، ئەمەیان ھەم بۆ کچ و ھەمیش بۆ کوڕ دەگونجێت. بەڵێ کەسانی باش زۆرن، مرۆڤ کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە ناتوانێت بە تەنیا بژیت، کەسی واھەیە شایەنی ئەوەیە رۆحی خۆشت پێشکەشی بکەیت، جا چ لەوەی ھاوڕێت بێت.