مەسعودی مەلا ھەمزە :لە رۆژانی ١٨/٩ تا ٢٤/٩/٢٠١١ بە چاودێری دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر/ ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆ یەکەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ سازدەکا.
دەستپێک و مەراسیمی کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی رۆژی یەکشەممە ١٨/٩/٢٠١١ لە ھۆڵی پێشەوای شاری ھەولێر سازدەکرێ و دواتر لە ٧ رۆژی پڕ لە چالاکیدا کۆمەڵێک چالاکی شانۆیی و کۆڕ و سیمینار سازدەکرێ.
ھیوا سوعاد بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر و سەرۆکی فێستیڤاڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند”بە بەشداری ١٤ گروپی پرۆفیشناڵی شانۆ کە نۆ گروپیان گروپی شانۆی نێودەوڵەتی سوید و ھۆڵەندا و یابان و ئەلمانیا و ئیتالیا و یۆنان و فەرەنسا و ئێران و تورکیان و بە میوانداری چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و بەئەزموونی شانۆی جیھانی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ لە شاری ھەولێر بەرێوەدەچێت.
بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر و سەرۆکی فێستیڤاڵەکە وتیشی ئەو فێستیڤاڵە ماوەی ٧ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە١٨/٩ دەستپێدەکاو تا ٢٤/٩ بەردەوام دەبێ و چالاکی و نمایشەکانی فێستیڤاڵیش لە پێنج شوێنی جیاوازی شاری ھەولێر پێشکەشدەکرێن و کۆمەڵێک کتیب و چاپکراوی شانۆییش بەسەر میوانان دابەش دەکرێ.
لە کۆتایی قسەکانیدا ھیوا سوعاد گوتی: رۆژانە جگە لە نمایشکردنی شانۆگەری کۆڕ و سیمیناری شانۆییش سازدەکرێ و کۆمەڵێک کتێبی شانۆیی چاپکراوەو لەمیانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا دابەش دەکرێن، کە کتێبەکان ھی نووسەرانی دیار و بەرچاوی شانۆی کوردین”.