(سامان ناسیح)ـى پێشکەشکار، لەگەڵ تەواوبوونى گرێبەستەکەى لەگەڵ کەناڵ 4 و کۆڕەک، رایگەیاند لەبەر بەشداربوونى لە فیستیڤاڵى تاتلیساس بینگۆ، لەو دوو کەناڵە دوورخرایەوە، نەک دەشنێ موراد.
سامان ناسیح، هەڵگرى بڕوانامەى دبلۆمە لە گەشتوگوزار، ئێستا لە هەولێر بەکالۆریۆس دەخوێنێ لە کارگێڕى و دارایى، دواى تەواوبوونى گرێبەستەکەى لەگەڵ کەناڵ 4 و کۆڕەک، دەڵێت “لەگەڵ کەناڵی رۆتانا پەیوەندیمان کردووە، کە هەفتەیەکى دى ستافى رۆتانا دێنە هەولێر، ئینشاڵڵا گەورەترین میدیاى عێراقى لاى ئێمەوە دروست دەبیـَت، سەرەتا بە رادیۆ و رۆژنامەیەک دەستپێدەکەین، لە ئایندەیەکى نزیک کەناڵەکەش دەکەینەوە، کە من بەڕێوەبەرى گشتى رادیۆکەم”. سامان ناسیح ئاماژەى بەوەشدا، رەنگە ئەو کەناڵە تەنیا بە زمانى کوردى نەبێت، “بەڵام کوردستانى دەبێت و بنکەى سەرەکى لە هەولێرە”.
سامان، کە زۆر حەز بە جلوبەرگ، لەهەر بەرنامەیەک بە جلوبەرگێکى جیاواز لەوانى پێشتووى، بەرنامە پێشەکەش دەکات، وەک خۆى دەڵێت “رەنگە ئێستا ماڵەکەم باى 10 هەزار دۆلار جلى تێدا بێت، بەشێکى مووچەکەم بۆ جلکڕین تەخانکردووە، چونکە ئەو کەسەى لەسەر شاشە دەردەکەوێت، خەڵک سەیرى دەکات، بەبڕواى من یەک لە خاڵەکانى سەرکەوتنى پێشکەشکار، گرنگیدانە بە جلوبەرگ، من لە دەرەوەش زۆر گرنگى بە جلوبەرگ دەدەم و لە هەموو جۆرێک جلم هەیە”، سامان جارێک لە خۆشەویستى شکستى هێناوە و دەڵێ ئێستا دڵدار نیم.