مەسعودى مەلا هەمزە : بە ناوبژیوانی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی وەکو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی “ئافاقی نوێ”، هەڵبژێردراوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات دیاریکران و خەڵاتی گەورە و تەندیسی مرواری رەشی ئەم فیستیڤاڵە بەسەریاندا دابەشکرا.
پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی، بەرپرسانی باڵای ئەم فیستیڤاڵە، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ و هەروەها ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەفیزیۆنی ئیمارات، وڵاتانی عەرەبی و جیهان، لە هۆتێلی “فێرمۆنت باب ئەلبەحر”ی شاری ئەبووزەبی لە ولاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەبەرچاوی کامێراکانی کەنالە جۆراوجۆرەکانی جیهان و وێنەگرانی ئامادەبوو، چوونە سەر مافوورەی سووری فیستیڤاڵ.
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی کە بە ئامادەبوونی محەمەد خەلەف ئەلمەزرووعی بەڕێوەبەری گشتی دیارەی فەرهەنگ و میراتی ئەبووزەبی، عسیا سەیف ئەلمەزرووعی بەرپرسی سەرەکی فیستیڤاڵ، پیتێر ئێسکارلیت بەرپرسی کارگێڕی فیستیڤاڵ، بەهمەن قوبادی سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی “ئافاقی نوێ”، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆروکانی دیکەی فیستیڤاڵ و هەروەها هونەرمەندانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، لە هۆڵی سەرەکی هۆتێلی “فێرمۆنت باب ئەلبەحر”ی شاری ئەبووزەبی بەڕێوەچوو.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی “ئافاقی نوێ”ی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی کە بریتی بوون لە: بەهمەن قوبادی سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان، پاوڵ بابودجیان دەرهێنەری لوبنانی، مەروان حەمید دەرهێنەری میسری، خاتوو ئێمینار جاکیر دەرهێنەری فەلەستینی و خاتوو ئێمی مۆلین ئەکتەری ئەمەریکی، سەرکەوتووانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ باشترین فیلم:
فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەک کە هیچ کاتێک لە یاد ناچێت” لە دەرهێنانی جوولیا مۆرات بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی برازیل، ئەرژەنتین و فەرەنسا.
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان:
فیلمی سینەمایی “خێر بۆ ئەسپی کوێر” لە دەرهێنانی جۆنوێندێر سینگ خەڵاتی 100 هەزار دولاری و تەندیسی مرواری ڕەشی فیستیڤاڵ، لە وڵاتی هیندستان.
ـ باشترین دەرهێنەری سینەمای جیهانی عەرەب:
فیلمی سینەمایی “ئەسمە” لە دەرهێنانی عومەر سەلامە خەڵاتی 50 هەزار دولاری و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ، لە وڵاتی میسر.
ـ باشترین بەرهەمهێنەری سینەمای جیهانی عەرەب:
سۆنی کادووخ بۆ بەرهەمێهنانی فیلمی سینەمایی “ئەم جێگا تەسکە”، خەڵاتی 25 هەزار دولاری و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ، بەرهەمی هاوبەشی ئەمەریکا و لوبنان.
ـ باشترین ئەکتەری پیاو:
خەڵاتی 20 هەزار دولاری و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ پێشکەش کرا بە ماقێد ئەلکێدوانی بۆ رۆڵ بینین لە فیلمی “ئەسمە” لە دەرهێنانی عومەر سەلامە لە وڵاتی میسر.
ـ باشترین ئەکتەری ئافرەت:
خەڵاتی 20 هەزار دولاری و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ پێشکەش کرا بە مەیموونە موحەمەد بۆ رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی “فرمێسکی خیز و لم” لە دەرهێنانی پێدرۆ پرێز رۆسادۆ لە وڵاتی ئیسپانیا.
هەروەها خەڵاتی ئەم بەشە پێشکەش کرا بە سۆنیا گوودێس بۆ رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەک کە هیچ کاتێک لە یاد ناچێت” لە دەرهێنانی جوولیا مۆرات بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی برازیل، ئەرژەنتین و فەرەنسا.
لە بەشەکانی دیکەی رێوڕەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتی گەورە و تەندیسی مرواری رەشیان بەسەر هونەرمەندانی سەرکەتوودا دابەشکرد.
پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “ئاسۆی نوێ”، بەشی “پێشبڕکێی فیلمە بڵندە دیکۆمێنتییەکان”، بەشی “ویترینی فیستیڤاڵ”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکێمێنتارییەکان”، بەشی “جیهانی ئێمە”، بەشی “پێشبڕکێی ئیمارات”، بەشی “نمایشی تایبەت” و هەروەها “بەشی خوێندکاری” لە هۆڵی “فێرمۆنت باب ئەلبەحر”، هۆڵەکانی ئەبووزەبی تیئاتر و لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “مۆرینا ماڵ” لە شاری ئەبووزەبی پێتەختی وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.