ئێمەی دیلی دەستی قەدەر هەموو ڕۆژێك دەبێت لە چاوەڕوانی ئەو بین بزانین چ هەواڵێكی ناخۆشمان دەداتێ و لەم زەمەنە پڕ مەینەتە بوینەتە شایەتی لەدەستدانی دۆست و خۆشەویستانمان ،جارێ هەواڵی لەدەستدانی باوكی ئازیزم هێزی نەداومەتێ دەست بە ژیانی ئاسایی خۆم بكەمەوە ئەمجارە مەرگی مام و هاوڕێ و دڵسۆزم كاك (عیرفان زەنگەنە)دووبارە جەرگی بڕیمەوە ..
عیرفان زەنگەنەی خەمخۆر و پیاوە بە ئەمەكەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیب و گەنج و لاو و هەژارانی ئەمشارە ڕۆژێك هەستی بە ماندووبون نەكرد لەخزمەتكردنی ئەو چینانە بەتایبەت چینی هونەرمەندان..
خوالێخۆشبوو هەمیشە خۆی بە خەمخۆر و پەناگای ئەو كەسانە دەزانی كە هەوڵیان دەدا لەپێناو خزمەتكردن لەبوارەكەی خۆیدا و هۆتێلی چوارچرای موڵكی تایبەتی خۆی كردبووە ماڵێكی گشتی بۆ گشت هونەرمەندان و ئەدیب و ڕۆژنامەنوسانی ئەوشارە كە زۆرێك لەو ماڵەی ئەو پێگەیشتن بێ جیاوازی گرنگی زۆری بەتەواوی هونەرمەندان دەدا ئەگەر بڵێم بووە هۆی پێگەیاندنی چەندین هونەرمەند ئەوە هەڵە نیم و بە لەدەستدانی ئەو پیاوە گەورەیە ساباتی هونەرمەندان كە هۆتێلی چوارچرا بوو ڕووخا .
هەستی نەتەوایەتی ئەو پیاوە هێندە بەرز بوو لە هەموو بۆنەتەوایەتیەكاندا هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەبوو و بەپێ ی ئیمكانیاتی خۆی لەماڵە ڕۆشنبیریەكەی خۆی كە هۆتێلی چوارچرا بوو یادە نەوایەتیەكانی بەرز ڕادەگرت ..
جگە لەوە هەمیشە بیروبۆچوونی كراوەی هەبوو لە مەسەلەكانی تایبەت بە هونەر هەمیشە ئەو دەستەواژەیەی دەوتەوە (هەقە بەر لە مردن ئێمە ڕێز لە هونەرمەندانمان بگرین نەك كە مردن شینیان بۆ بگێڕین )دروست لەلایەن خۆیەوە عیرفان زەنگەنە ئەو دەستەواژەیەی جێیبەجێكرد كاتێك هۆڵە نوێیەكەی كە بۆ ئاهەنگێڕانی هونەرمەندان لە هۆتێلی چوارچرا بە هۆڵی (هونەرمەند چۆپی )ناونا.
هەمیشە كاك عیرفان پێی دەگووتم كە كارێك یان ئەلبومێك یان پڕۆژەیەك بۆ هونەرمەندێك دەكەم قەت چاوەڕی قازانج یان سودێك ناكەم چونكە بەهۆی نەبوونی یاسای كۆپیكردنی بەرهەمی هونەرمەندانەوە هەمیشە ئەو پیاوە زەرمەند بوو ئەگەرچی خۆی بزنسمانێك بوو بۆ بزنسمانێكیش زەرە لە كارێكدا دووبارە ئەنجامدانەوەی ئەو كارە مەحاڵە بەڵام دڵسۆزی ئەم پیاوە بۆ پێشخستنی ڕەوتی هونەر لە كوردستان و هاوكاریكردنی هونەرمەندان وای لێكردبوو گوێ بە زەرەر نەدات ..
پیاوە ئاوەدانەكەی هۆتێلی چوارچرای هونەرمەندان و ئەدیبان شاعیر و ڕۆژنامەنوسان لە 22/5/2010 بە كۆمەڵێك هیوا و ئاوات و پڕۆژەی گرنگ كە تا ئێستا لە مێشكی مابونەوە و هەوڵی جێبەجێكردنیانی دەدا لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هونەرمەندان بۆ ئەبەد چاوی لێكنایەوە و ماڵئاوایی لە ژیان كرد .
بۆ هەمیشە كاك عیرفانە قسە خۆش و خەمڕەوێنەكەم نابینەمەوە لە چوارچرا ئیدی چۆن سەر بە وێ دا بكەمەوە نەك بۆ من سەدان كەسی تریش وەكو من هەمان هەستیان هەیە چونكە كاك عیرفان ببوە هاوڕێی خەمی زۆرێك لە ئێمە و بە لەدەستدانی ئەو پیاوە گەورەیە ئەو چەترە ڕووخا كە كاك عیرفان كۆڵكەی بوو بۆ كۆكردنەوەی هاوبیرانی ئەم شارە …گۆڕی ڕووناكی پڕ نوربێت و بەهەشت جێگەی بێت .
محەمەد سەعد شكاك
Shkak91@hotmail.com