زانا دڵشاد دزەیی
خانمە مێکاب ئارتسی کورد میدیا قازی، قسەی ئەو کوڕە مێکاب ئارتسە رەتدەکاتەوە، کە گوتبووی من یەکەم مێکاب ئارتسم لە کوردستان، میدیا دەڵێت “ھەر کەسێک بڵێت من یەکەمم بە قسە نییە بە ئیشە”.
میدیا قازی، یەکێکە لە مێکاب ئارتسەکانی کوردستان، کاری بۆ یانزە کلیپ و چەند فیلم و درامایەک کردووە و ئێستا سەرپەرشتی سەنتەری (میلیا) دەکات لە شارۆچکەی عەنکاوە، میدیا لەلێدوانێکیدا بە گۆڤاری (سڤیل)ـی راگەیاندووە “زۆر بەداخەوەم لە کوردستان مێکاب ئارتسی کورد زۆر کەمە، ئەگەر ھەبێ تورک و فارسن، لەبەرئەوەی تائێستا ئەو بوارە وەکو دیراسە ناخوێندرێت، من لەھەوڵی ئەوەدام خولی راھێنان بۆ ئەو کەسانە بکەمەوە کە دەیانەوێ فێری مێکاب ئارتس بن”.
ھەروەھا میدیا ئاماژەی بەوەشدا مێکاب ئارتس ھونەرێکی گەورەیە، کە لە توانایدا ھەیە ھونەرمەند بە جوانی یاخود بە ناشیرینی نیشان بدات.
لەبارەی قسەی ئەو مێکاب ئارتسە کوڕەی کە گوتبووی تەنیا من مێکاب ئارتسی کوردم لە کوردستان میدیا قازی دەڵێ “ھەموو کەس دەتوانێ بڵێ من یەکەمم، بەڵام بە قسە نییە بە ئیشە، لەوانەیە کەسی زۆر لەمن زیرەکتر ھەبێ، دواجار ئەو کارە تەجروبە و سەلیقەیە، من پێم خۆشە کەسانی زۆر لەم بوارە ھەبن و ئەگەر لەمنیش زیرەکتر بن لام ئاساییە”.