دیدار نانهکهلی :مێژووى کوردستان ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە ئەو ووڵاتە لە چەند سەردەمێک و بەچەند قۆناغێک ڕووبەڕووى سیاسەت و شاڵاوى تەعریب و بەعەرب کردنى کوردى کوردستانى ئێراق و سوریا بۆتەوە. کە بەهێزترین و دیارترینیان لە شاڵاوەکانى ئەنفال و ڕاگواستنى بە کۆمەڵ و تاکە تاکەى کوردستانیان لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو لەسەردەستى ڕژێمى بەعس بوو لە هەرێمى کوردستانى ئێراق.
کە ئێمە هەموو کات لە ووڵاتى خۆمان وەکو کوردێک لە ڕکابەرى و ململانێدابووینە لەگەڵ ئەو سیاسەتە دوژمنکاریەى ڕژێمەکانى ناوچەکە.بە جۆرێک گەیشتوینەتە ئەو ڕایەى کەهەموو هەوڵێکمان بخەینە گەڕ بۆ سڕینەوەى ئاسەوارى ئەو کردەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوانەى کە بەچەندین قۆناغ و بە چەندین ساڵ جێ بەجێ کراون.وەلێ حاڵى حازر دەسەڵاتى سیاسى و حوکمڕانى لە کوردستان لەسەر هەمان ڕێچکە و نەهج و بەرنامەى ڕژێمەکانى پێشووتر بە بێ ئاگا لەسەر هەمان شێوە و ئاکار کاردەکەن. ئەوەتا جیا لەوەى زۆرینەى هەرە زۆرى گۆنگرە و کۆنفرانس و دانیشتنەکانى پەرلەمان و پیاوە مل ئەستوورەکانى عەرەب لە جەرگەى کوردستان بەڕێوە دەچێت. لە لایەکى تریشەوە دوو جۆر گەشتیار و موسافرى عەرەب و بیانى لە کوردستان دا هەن. یەکێکیان ، ئەوانەن کە بۆ کارو کاسبى هاتونەتە ئەو 3 شارە بێ کارو کاسبیەى کوردستان.بەڵام حکومەت ڕێگەیانى بۆ خۆشکردووە لە شوێنى دەرچوانى زانکۆ و گەنجانى ووڵاتەکە
(برایانى عەرەب)بە کارەکانى کوردستان هەڵبستن و هاوبەشى خێر و بێرى ئەو ووڵاتە بن. ئەوەتا چەندین دکتۆر و مامۆستاى زانکۆ و کرێکار و بزنسمانى عەرەب شوێنى هاوڵاتیانى شارەکانى کوردستانیانیان داگیرکردووە و لەگەڵ شاڵاوى هاتنى دکتۆر و مامۆسشتاى عەرەب دەتوانین بڵێین بەو هۆکارە دامەزراندنى دەرچوانى کۆلیژ و پەیمانگاکانى پزیشکى هەرێمى کوردستان وەستاوە و ئاستى خوێندنى باڵاش بە تایبەتى ماستەر و دکتۆرا مەنگى تێدا کەوتووە و کەوتۆتە ئاستى مەحاڵ و لوتکەى ئەستەمى ، چونکە ئەو کەلێنانە بە پیاوە شیاوە عەرەبەکان پڕکراوەتەوە و حکومەت دەستى کارى عەرەب و کار و خزمەتەکانى ئەوانى پێ چاکترە لە هەوڵ و حەزە پەنگ خواردووەکانى خۆمان. دووەمیشیان: ئەو موسافرانەن لە تاو نا ئارامى و ئاڵۆزى بارودۆخى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى ئێراق خۆیان خزاندۆتە ناوچەکە و لە گەشت و گوزارى کوردستان دان.بە جۆرێک ئێستا لە ناو شار و سەیرانگا و بازاڕ و کوچە و کەلەبەرەکانى ئەو هەرێمە حەشامەتى جەنجاڵى عەرەبەکانى ئەنفال و هەڵەبجە و ڕاپەڕین وات لێ دەکەن لەناو شارەکەت ،خۆت بە نامۆ و غەریبە بزانیت.هەموو شوێنێکیان لێت داگیرکردووە و ئاسایش و ئارامى ناوچەکەشتیان شێواندووە. بەو بەڵگەیەى لە ماوەى مانگێکدا بە پێى ڕاپۆرتەکانى پۆلیس و ڕاگەیاندن،چەندین حاڵەتى دزى و دەست درێژى و شەڕ و گێرەشێوێنیان ئەنجامداوە.دەچیتە هەر لایەک لەبەر بوونى حەشامەتى ئەو بەناو گەشتیارانە ناتوانیت وەکو هاوڵاتیەکى شارەکەى خۆت سەر هەڵبێنى. لە کاتێک ئەوانە جگە لە زیان وبێزارکردن هیچ سودێکى دیکەیان نیە. ئەوەتا لەسەر هەمان شێوە و ئاکار و کردەوەى سەردەمى ڕژێم، بە چاوى نەزان و بێ دەسەڵات و خۆش باوەڕ و لەسەر بنەماى هاوڵاتى پلە دوو سەیرى کوردستانیان دەکەن لەنێو ماڵى کوردان خۆیان. بەجۆرێک وەکو ئەوەى کوردێک باربێت لەسەریان فەرمانمان پێ دەکەن بە عەرەبى بدوێن و چۆن دەبێت لە ئێراقى عروبەدا بژیت و عەرەبى نەزانیت قسە بکەیت.بڕۆیتە هەرشوێنێک ڕووبەڕویان دەبیتەوە،چونکە ئێستا بوونەتە خاوەنى ئەو هەرێمە بێ خاوەنە. زارت بە کوردى بجولێنیت وەڵامت نادرێتەوە و ناچارت دەکەن وەکو ئەوەى لە بەسڕە ژیان بەسەرببەیت لە مارکێت و باخچە و چێشتخانە و سەیراگا و شوێنە گشتیەکان گوێ لە میوزیک و گۆرانى عەرەبى بگریت و ئەگەر داواکارى و کارێکت مەبەست بێت بە زمانى شیرینى عەرەبى قسەبکەیت.لە ئێوە دەپرسم وەکو کوردێک ئەگەر بەهەرمەبەستێک لەو هەرێمە قاچت خزاندبێتە دەرەوە، زاتى ئەوەت کردووە بە زمانى دایکت زار بجولێنیت؟ ناچار نەکراویت لە شوێنى کار و پیشە و میواندارت بە زمانى ووڵاتە بێگانەکە گفتوگۆ بکەیت بە شێوازێکى زۆر شیرین و دروست؟ ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەوەین جگە لە زمانە بەستەزمانەکەى کوردى چەندە زمانى دیکە بزانین ئەوەندە سەربڵندى و پڕبایەخە بۆمان، بەڵام کەس ناچار نەکرێت لەنێو ماڵ و زێدى خۆى بە زمانى بێگانە ژیانى ڕۆژانەى ڕایى بکات.وەلێ ئەوەى نوشووستى و نادروستى و کۆسپ و تەگەرەى بەردەم پێشکەوتن و سەرکەوتنى کورد و کوردستانە…….( بێگانە پەرستیە ).
دیــدار نانـــــــەکەلى
dedar_nanakaly@yahoo.com