بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی دووەمین فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” بۆ کورتە فیلم لە شاری ھەولێر دەستی پێکرد.
ڕێوڕەسمی دەستپێکی دووەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” بۆ کورتە فیلم لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی، ئەندازیار
نەواز ھادی پارێزگاری ھەولێر، عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەدنان عوسمان بەڕیِوەبەری سینەمای ھەولیِر، عەباس غەزالی بەرھەمھێنەری سینەمای کوردستان، بەھرام وەلەدبەیگی سەرۆکی ئەنستیتۆی کوردستان لە تاران، خاتوو میلیس ڕخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆکانی ئەمەریکا و تورکیا، ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھونەرمەندانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن و ھۆگرانی ھونەری سینەما کاتژمێر ٣٠/٣ دوانیوەڕۆی رۆژی شەمە ١٥ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەر لە ھۆڵی پێشەوای شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا ئەمێد خۆشناو سکرتێری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە درێژەدا بەختیار عەبدوالڕەحمان بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ، سەبارەت بە گرینگی ھونەری سینەما لە نێوان لاواندا و ھەروەھا بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە لە شاری ھەولێر ھاتە ئاخاوتن.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی دەستپێکی دووەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” بۆ کورتە فیلم، سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ماوەی چوار ساڵە کە لە ئێران ھاتوومەتە دەرێی و ئێستاکە لە کوردستانم، بڕیاروایە لە دوو، سێ ساڵی داھاتوو لە شاری ھەولێر بمێنمەوە و بتوانم ھەندێک کاری ھونەری بکەم. بە ھیوام فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی لە شاری ھەولێر دابمەزرێنم و بتوانین کۆمەڵێک سینەماکار و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری سینەما لە دەروەی کوردستان بانگھێشت بکەین و وتووێژی فیلمسازانی کورد و بیانی بخەینەڕێی.
گوتیشی: بەداخەوە چالاکی ھونەری لە ھەولێر بە شێوەی ئەوتۆ نییە و ئێمە دەبێت کە ئەو چالاکیانە لەوە زیاتر بخەینە پێشێی و لەم بوارەدا دەبێت جووڵەیەک بە ھەولێر بدەین و ئەم لاوانە بە جوانی دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن.
قوبادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: سینەمای کوردی وەکوو حکوومەت و وڵاتەکەمان مۆمێکی زۆر چکۆلەیە کە دەبێت بە ھەموو لایەکمان ئاگاداری لێبکەین و دەستی بەسەردابێنین و دژایەتیی یەکتری نەکەین، چونکە ئێمە تازە پێمان گرتووە و پێویستیمان بە یارمەتی یەکتری ھەیە و دەبێت بە یەکتری ھزر، فیکر و ئایدیا بدەین.
راشیگەیاند: ئێستا ھەولێر شاری ئاوەدانکردنەوەیە و لە تەنیشت ئەوەدا ئێمە دەبێت مەسەلە و چالاکی ھونەری بخەینەڕێی و بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ئامانجانەش دەبێت لەگەڵ بەرپرسەکانمان قسە و دانووستان
بکەین تاکوو ھاوکاریمان بکەن.
دەرھێنەری فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” لە کۆتاییدا گوتی: بە ئامادەبوون لەم ڕێوڕەسمە کەوتمە یادی ئەو کاتانەی کە لاو بووم و لە ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی شاری سنە وانەکانی سینەمام دەخوێند و ھەر لە نێوان ئەو لاوە کوردانەی کە ئێستا کاری فیلمسازی دەکەن، دەیان دەرھێنەری باش لەدایک دەبێت. ئێستاکە ئەو مۆمانە لە ناو ئەم ھۆڵەدا دەبینین کە ئاورەکەیان زۆر چکەلەیە کە دەبێت گرینگییان پێبدیەن و سیستەم و ھەروەھا وەزارەتی پەروەردە بە تایبەتی دەبێت لەمەبەدواوە زۆر گرینگی بە سینەما بدات، چونکە سینەما یەکێکە لەو کلیلانەی کە دەتوانێت کورد بە دنیای دەرەوەی بناسێنێت. ئەو رێگایەی کە گەنجەکان پێیدادەڕۆن دەبێت قووڵتر، دەقیقتر و پڕڕەنگتر بکەین تاکوو بە وزەیەکی زیاترەوە پێیدابڕۆن.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” کە بریتین لە: دکتۆر فازڵ جاف، محەمەد جانۆ و ڕەزا عەلیپوور، بڕیاروایە لە رۆژی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا دەنگەکانی خۆیان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە رابگەیەنن، لەوانە: باشترین دەرھێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلم، باشترین وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری کچ، باشترین ئەکتەری کوڕ و باشترین ئەکتەری منداڵ.
دووەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” بە کورتە فیلمی “بێکەس” لە دەرھێنانی کارزان قادر کرایەوە و لە درێژەدا چەندین کورتە فیلمی دیکە نمایشکران، لەوانە: کورتە فیلمی “پاسکیل” لە دەرھێنانی رزگار حوسێن، کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری “بەساڵاچووان” لە دەرھێنانی تۆفان، کورتە فیلمی “ھەمان ئازار” لە دەرھێنانی سدیق حوسێن و کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری “بێ سنوور” لە دەرھێنانی شینوار کەماڵ.
ھەروەھا لە رۆژی دووەمی فیستیڤاڵ واتە رۆژی یەکشەمە ١٦ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری ٢٠١٢ چەندین کورتە فیلم نمایشکران، لەوانە: کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری “ئاوازێن ئاخی” لە دەرھێنانی کامەران بێتاسی، کورتە فیلمی “نەورەس” لە دەرھێنانی کامۆ جەمال، کورتە فیلمی “کە مردم” لە دەرھێنانی کاروان عەبدوڵڵا سۆفی، کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری “چاوەڕوانی” لە دەرھێنانی رزگار مامە، کورتە فیلمی “کڵاو ڕەش” لە دەرھێنانی ئەکبەر نیعمەتی، کورتە فیلمی “شۆک” لە دەرھێنانی ھانا شەکور و کورتە فیلمی “قەفەزی زێڕین” لە دەرھێنانی ھەڤاڵ ساڵح.
ھەروەھا لە رۆژی سێیەمی فیستیڤاڵ واتە رۆژی دووشەمە ١٧ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری ٢٠١٢ چەندین کورتە فیلمی کوردی دیکە نمایشدەکرێن، لەوانە: کورتە فیلمی “پاوەر” لە دەرھێنانی حوسێن حەسەن، کورتە فیلمی “دەست و ئاخ” لە دەرھێنانی فەتحی ئیڤاری، کورتە فیلمی “رۆژی چوارەم” لە دەرھێنانی ھەوراز محەمەد، کورتە فیلمی “نەمردم” لە دەرھێنانی بژار سوھەیبی، کورتە فیلمی “مۆبایل” لە دەرھێنانی نەشوان محەمەد ساڵح، کورتە فیلمی “فرمێسک” لە دەرھێنانی کاروان ئاوات، کورتە فیلمی “چریسک” لە دەرھێنانی ئاریان مەجید، کورتە فیلمی “میسد کۆڵ” لە دەرھێنانی بڕوا کامیل عەتار، کورتە فیلمی “سلوید” لە دەرھێنانی کامەران بێتاسی و دوو کورتە فیلمی “دارەبازە” لە دەرھێنانی بەڵێن زەنگەنە و کورتە فیلمی “ئەودیوی تاوان” لە دەرھێنانی سامی کاکە لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی فیستیڤاڵ.
دووەمین فیستیڤاڵی سینەمای “لاوی زێڕین” بۆ کورتە فیلم لە ھەولێر، بە نمایشی ٢٢ کورتە فیلمی چیرۆکی و
دیکۆمێنتاری، لەوانە: ٢٠ کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و ھەروەھا دوو کورتە فیلمیش لە بەشی دەرەوەی
پێشبڕکێی بە یارمەتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و بە سپۆنسەری کۆڕک تێلیکۆم لە رۆژانی ١٥ تا ١٧ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەر لە ھۆڵی پێشەوای شاری ھەولێر بەڕێوەدەچێت.