هێمن ڕهئوف
(١)
ئێوە کەنزە گرانبەهاکانی بانکی ئازادی بوون
بە ڕۆژی نیوەڕۆ دزران
ئێوە چرای دەستی ڕێبوارە تامەزرۆکان بوون
شەوەزەنگ بوو تێکشکێنران
(٢)
ئەم زەمەنە زووبوو بۆ دەرکەوتنی ئێوە
ئێوە بە هەڵە لە ئێستادا نێردران بۆ سەر زەوی
بۆیە خودا هەڵیکێشانەوە بۆ خۆی
ئەم زەمینە بچوک بوو بۆ ئێوە
ئێوە لەوە مەزنترن هاوسەنگی ئەم ژیانە وەک خۆی بمێنێتەوە
بۆیە چوونەوە بۆ ئاسمان
من دڵنیام هەردێنەوە
بەخۆتان و چەندانی وەک خۆتانەوە
دڵنیام ئەو زەمەنە دێت زەمین پێویستی پێتانە و ئێوە دەبێت هەر بێنەوە
(٣)
دیوارێکتان ڕووخاند و دەرگایەکتان کردەوە
پەردەیەکتان دڕاند و پەنجەرەیەکتان واڵا کرد
دڕکێکتان هەڵکێشا و گوڵێکتان چاند
ئێوە ئازادیتان بۆ خۆتان چڕی
چوونە کراسی سەروەرییەوە
لە باغی جاویداندا بوون بە ڕەمز
ئێستا لە دڵی زەویدان
لەوێ بۆ هەمیشە ئازاد
لە بیری ئێمەدان
لێرە بۆ هەتاهەتایە زیندوو
(٤)
ئیرەییم بەم پۆستە نوێیەتان دێت
چەندە خۆشە ببیت بە شەهید
ئێوە مردنتان شیرین کرد
ترسان لە مردنتان کاڵ کردەوە
ئێستا حەزم بۆ مردن خولیایەکی شێتانەیە
چەند حەزەکەم بمرم وەک ئێوە
تەمەنم هەتا ئێستا بۆ سۆران و لە ئێستاوە بۆ تۆ، سەرۆ گیان
ئێوە چیتان ووت دەیڵێمەوە
فریای چی نەکەوتن دەیکەم
لاپەڕە نیوەکانتان بۆ پڕ دەکەمەوە
وەکو ئێوە دەپەیڤم
تووندتر لە ئێوە دەجەنگم
دەمەوێ وەک ئێوە بمرم
دەمەوێت بگەمە ئەو کۆشکە
کورسیەکانتانم دەوێت
(٥)
لاپەڕە بەجێماوەکانی سۆران
بوون بە هەڵم
چەند هاوینێک لە ئاسماندا خۆیان لە خۆر دەشاردەوە
تا وشەکان یەکیان گرت و لەم وەرزەدا بوون بە باران
ئەم بەهارە سەردەشت باری
ئازایەتی چرۆی دەرکرد
هۆشیاری بوو بە خونچەیەک
هەموو پێکەوە بە گەڵای ئەم هاوخەمییە سەوز بووین
(٦)
پێنوسەکەی زەرەشت گوڵێکی پێگەیشتووبوو
بەم ڕەشەبا وێرانە لەم خاکە دێمەدا وەری
سبەی تۆوی ئەو گوڵە
دەبێتەوە بە هازاران گوڵە سەردەشت
(٧)
دایکێک جەرگی سوتا و سەدان دایک فێری بەخشینی ڕۆڵەکانیان بوون
کچێک دڵی شکا و هەزاران کچ ترسیان شکا لە ووردوخاشبوونی دڵیان
پێی تۆ لە شەقامەکان هەڵکەندرا و ئێمە هەموومان دێینە سەر شەقامەکان
ئەم ئاوە شیرینە چیبوو ڕشتت؟
ئەم پەیامە جوانەت لە کوێ هێنا؟
(٨)
سەرکەشیتان فێری سەرکێشی کردووم
ئیتر سڵ لە دڕندەییان ناکەمەوە
هەنگاو بەسەر پیرۆزیەکانیاندا دەنێم
دەچمە ناو هەموو ئاگرەکانیانەوە
دەست دەبەم بۆ هەموو سامناکییەکانیان
سنورە بەردینەکانیان دەبەزەێنم
بێدەنگی لە خۆما دەشکێنم
ئیتر خەم بۆ پڕوپوچیەکانی ژیان ناخۆم
هیواکانتان لەبەردەکەم
وانەکانتان دەکەمە پەیڕەو
سەروەریتان دەکەمە چرا
جڵەوی ئەسپی بێباکیتان دەگرم
لە ئێستاوە یەکێکم وەک ئێوە
لەمەودوا ڕۆحێکم لە ئێوە
ئیتر سەردەشت و سۆرانم