سازدانی : زانا گەڵاڵی
كاتێك لە میدیاكانەوە مودێل و نمایشكارەكانی دەبینی، بیری لەوە دەكردەوە كە رۆژێك بێت ئەویش بتوانێ ئەو كارە بكات، بەڵام كە لە دەوروبەرەكەشی دەڕوانی و ئەم هەموو كۆت و بەندەی دەبینی، كارەكەیان وەک مەحال دەهێنا بەرچاو. بەیان قورەیشی كەمتر لە ساڵێكە دەستی داوەتە كاری مۆدێل، بەڵام ناوبانگێكی باشی پەیدا كردووە، بۆیە دەلێت ئیدی هاتمە ئەو بروایەی سەرەرای ئاستەنگەکان هەرکەسێک ئەشقو خولیای بۆ کارەکەی هەبێت دەتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت .
ئەم كچە شۆخ و شەنگەی بواری مۆدێلینگ، دوای بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لە ئینستاگرام، زۆر كەس پێشنیازی بۆ دەكەن كە كاری مۆدێل بكات. بەیان دەڵێت: “یەكەم كارم لە ئارایشگایەك دەستپێكرد، لەماوەی مانگێكدا لەگەل ١٥ئارایشگای ناوداری ئێران كارم كرد ، لەوكاتەوە تا ئێستا 45 كارم كردووە، پێنجیان ڤیدیۆ كلیپی گۆرانی بوون، چەند كارێكی دیكەشم لەبەردەستە كە هەندێكیان لەگەڵ هونەرمەندانی بەناوبانگی ئێرانین”.
ئەو كارەی بەیان قورەیشی دەیكات لە كۆمەڵگەیەكی وەكو رۆژهەڵاتی كوردستان، وەكو دژەباو سەیر دەكرێ. قورەیشی دەڵێت :”بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە هێشتا لەمانای مۆدێل نەگەیشتووە، بەچاوێكی سووك سەیری كاری مۆدێل دەكەن”.
قورەیشی باس لە مۆدێلی سەركەوتوو دەكات و دەڵێت: “دەبێت خولیا و عەشقت بۆ كارەكەت هەبێ، بەداخەوە لە ئێران کەسانێک هەن بە عەشقەوە ئەو كارە ناكەن و هەندێكیان دەڵێن لەبەر بێكاری رومان لە مۆدێلینگ كردووە، ئەو كەسانە هەرچەندە خاوەن روخساری جوانیش بن، بەڵام ناتوانن سەركەوتوو بن، چونكە ئامانجێكیان نییە”.
بەیان قورەیشی ئاماژە بە تایبەتمەندییەكانی مۆدێل دەدات و دەڵێت: “دەبێ لەشولارێكی رێكی هەبێ، خاوەن كەسایەتی بێ و لەگەڵ هەموو كەسێك كار نەكات، باڵا و قژێكی درێژی هەبێ. پێستی رەش یان سپی، ئەوانە كێشە نین، گرنگ ئەوەیە كە بە عەشقەوە كار بكەی”.
لە مۆدیلەكانی جیهان، قورەیشی زۆر سەرسامە بە كارەكانی ڤیكتۆریا، بەڵام دەڵێت: “من دەمەوێ خۆم بم و لە كەس نەچم، دەمەوێ بگەمە ئاستێك كەس پێی نەگەیشتبێ”.
بەیان قوڕەیشی تاوەكو ئێستا لە پێنج كلیپی گۆرانیدا بەشداری كردووە، ئەو باسی مەرجەكانی خۆی دەكات بۆ بەشداریكردن لە كلیپی گۆرانی و دەڵێت: “پێویستە هونەرمەندەكە لەئاستێكی بەرزدا بێت، سیناریۆی كلیپەكە لەگەڵ هەستی من بگونجێت، زۆریش بەلامەوە گرنگە بزانم چۆن دەردەكەوم، جلوبەرگم بەلاوە گرنگە، چونكە زۆرجار دەبینی هونەرمەندەكە كوردە و گۆرانییەكەش هەڵپەڕكێی كوردییە، كەچی جلوبەرگی فارسیم بۆ پێشنیاز دەكات كە زۆریش رووتە، ئەمە چ كلیپێكە تا من بەشداری بكەم! ئەگەر سیناریۆی كلیپەكە بەهێز نەبێت و هونەرمەندەكە بەهێز نەبێت بێگومان منیش بەهێز دەرناخات”.
قورەیشی گلەیی لە هونەرمەندانیش هەیە كە هەندێكیان بە چاوێكی دیكە سەیری ئەوان دەكەن. ئەو دەڵێت “چەند جارێك بۆ كلیپ داوام لێكراوە، كە بینیومە هونەرمەندەكە یان دەرهێنەرەكە بە چاوێكی دیكە سەیرم دەكات، كشاومەتەوە، بۆیە لێرە كاری مۆدێل سەختە، كە هەنگاوێك دەچیتە پێش، دەبێ نیو هەنگاو بگەڕێیتەوە دواوە”.
بەیان قورەیشی لە خانەوادەیەكی هونەریدا پەروەردە بووە، هونەرمەند سەید عەلی قەرەیشی باوكی ماوەی 40 ساڵە مەقام دەڵێت، بەهمەن قورەیشی براشی گۆرانیبێژە، ئەو دەڵێت بەنیازم لەگەڵ بەهمەنی برام كارێكی هاوبەش بكەین.
مۆدێلەكان زۆر بە زوویی سەرنجی دەرهێنەران رادەكێشن و داوایان لێدەكرێ لە فیلمەكانیاندا رۆڵ ببینن. بەیان قورەیشی سەبارەت بە بەشداریكردن لە فیلمدا دەڵێت: “رۆڵ بینینم لە فیلمدا زۆر پێخۆشە، هەر لە منداڵییەوە حەزم كردووە ئاسایی نەبم و پێمخۆشبووە دەربكەوم و بناسرێم، ماوەیەكی كەمیش لەو بوارەدا كارم كردووە و توانایەكی باشیشم هەیە، ئەگەر كارێكی بەهێزم بۆ پێشنیاز بكرێ بێگومان ئامادەم رۆڵ ببینم، بەڵام زیاتر پێمخۆشە پەرە بە بواری مۆدێل بدەم”.
بەیان قورەیشی كە تەمەنی 19 ساڵە و لە شاری بۆكان لەدایك بووە و ئێستاش لەوێ دادەنیشێ، جگە لە كاری مۆدێل، گرنگی بە سەماكردنیش دەدا و شارەزاییەكی باشی لە سەمای وەك پاپ، بیلی دانس و فارسی هەیە.
قورەیشی دەڵێت هیچ كەسێك لە ژیانیدا نییە، بەڵام ئەگەر كوڕێكی خۆش بوێ، ئامادەیە دەستپێشخەر بێ و هەستی خۆی بۆ دەرببڕێ. ئەو لە كاری مۆدێلدا زۆر پابەند نییە بە هەڵبژاردنی رەنگ و دەڵێت زۆربەی كات رەنگی رەش دەپۆشێ، چونكە بەلای ئەوەوە رەنگی رەش جوانترینە.
بۆ ئاگادار بوون لەکارەکانی بەیان قوڕەیشی سەردانی پێگەی تایبەتی خۆی بکە لە ئینستەگرام
https://www.instagram.com/bayan_ghoreyshi__/