خۆم نەمویست بەشداریم لە گەردەلوول بکەمەوە
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : خانمە ئەکتەری شۆخ و شەنگ بەیان عوسمان، کە بە”وەنەوشە” ناسراوە، بە(سڤیل) ئاشکرایکرد، ئەو لەبەشی سێیەمی زنجیرە درامای “گەردەلوول” بەشدار نییە، ئەوەش لەسەر داواکاری خۆی بووە، ھەروەھا ئەوەش
دەڵێت “دوای تەواوبوونی بەرنامەکەی لەکەناڵە کۆڕەک، داوام لێکرا دووبارە گرێبەستەکە نوێ بکەمەوە، بەڵام من تەنیا ویستم وەک ئەزموونێک پێشکەشکاری بکەم، بۆیە بەڕێزەوە داواکەم رەت کردەوە”.
لەدیمانەیەکی کورتدا لەگەڵ (سڤیل) خانمە ئەکتەر بەیان عوسمان ئاماژە بە ئەزموونی لایەنی ھونەری و پێشکەشکارییەکەی خۆی دەکات، کە ساڵی بۆ یەکەمجار لەکەناڵی کۆڕەک وەک پێشکەشکار دەرکەوت لەبەرنامەی “کەیفی شەممە”. بەڵام ئەو ئاشکرایکرد تەنیا وەک ھەندێ ھونەرمەندی عەرەبی و کوردی ویستوویەتی وەک ئەزموونێک پێشکەشکاری تاقی بکاتەوە بۆ یەکجار، بۆیە دەڵێت “سەیرم کرد پێش من چەند ئەکتەرێک تەنیا بۆ ئەزموون پێشکەشکاریان کرد، لەناو عەرەب چەندین ھونەرمەند بەنمونە ھەن وەک نوری شەریف، ھەروا وەکو شوان عەتوف، بۆیە کە داوام لێکرا منیش پێم خۆش بوو، تەنیا وەک ئەزموونێک پێشکەشکاری تاقی بکەوە، گرێبەستەکەش بۆ ماوەیەک بوو، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکە دووبارە لەلایەن کەناڵی کۆڕەک داوام لێکرا بەرنامە بەردەوام بێ و گرێبەستەکە نوێ بکەمەوە، بەڵام من بەرێزەوە، نەمتوانی نوێ بکەمەوە، چونکە وەک گوتم تەنیا بۆ ئەزموونێک پێشکەشکاریم کرد”.
بەڵام سەرچاوەک لەکەناڵی کۆڕەک بۆ “سڤیل” ئاشکرایکرد، پڕۆگرامی “کەیفی شەممە” کە ساڵی پار لەلایەن خانمە ئەکتەر بەیان عوسمان پێشکەش دەکرا دووبارە دەبێتەوە و یەکەم ئەڵقەی پڕۆگرامەکەش دەکەوێتە مانگی رەمەزان، کە پڕۆگرامێکی پێشبڕکێی یارییە.
لەبەشێکی قسەکانیدا بەیان عوسمان باسی زنجیرە درامای “گەردەلوول” کرد، کە ئێستا بەشی سێیەمی دراماکە لەقۆناخی کۆتایی وێنەگرتن دایە و رایگەیاند، لەبەشی سێیەم بەشدار نییە و ئەوەش لەسەر داواکاری خۆی بووە، کە نەیویستووە بەشداری بکاتەوە و بەیان عوسمان گوتی “لەوانەیە داوا کرابم، بەڵام خۆم نەمویست بەشداری لە گەردەلوول بکەمەوە”.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەیان عوسمان لەھەردوو ماڵپەری یوتوب و فەیسبووک، کە لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی خۆی دانیشتووە گۆرانییەکی کوردی فۆلکلۆر دەڵێتەوە، بینەرێکی زۆری ئەم گرتەیە ڤیدیۆییە دەستخۆی لێدەکەن و داوای لێ دەکەن دەست بەگۆرانی گوتن بکات، یەکێک لە کۆمێنتەکان کە کچێک بەناوی بەناز تاقانە نووسیوویەتی ئەگەر “بەیان خان ئەگەر لەجێی تۆ بم گۆرانی دەڵێم، بەڵام من دەنگم خۆش نییە و زۆر حەزم لەگۆرانییە”. بەڵام بەیان عوسمان لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) ئەوەی رەتکردەوە گۆرانی بڵێت، وەک خۆی گوتی “ناکرێ مرۆڤ چەند بەھرەی ھەیە ھەموو بەھرەکان تاقی بکاتەوە و بەکاربێنی، من بەھرەی سەرەکی خۆم لەئەکتەری داناوە و تواناکانی خۆم لەم بەشە بەکارھێناوە، زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگی منیان پێخۆشە، بەڵام گۆرانی ناڵێم”.
ھەروەھا دەرھێنەری سینەمایی حەسەن عەلی لەلێدوانێکیدا بە(سڤیل)ـی راگەیاند، خانمە ئەکتەر بەیان عوسمان رۆڵی سەرەکی لەفیلمە نوێیەکەی ئەودا دەبینێ، کە فیلمێکی رۆمانسییە و باس لەچیرۆکێکی خۆشەویستی ئەم سەردەمە دەکات.
حەسەن عەلی گوتی “فیلمەکە بەناوی (شیرن)ـە و فیلمێکی ھاوبەشی کوردی و فەرەنسییە و ناوەڕۆکەکەی باسی خۆشەویستی ئەم سەردەمە و چیرۆکی خۆشەویستی شیرن و فەرھاد دەکات، جیاوازی خۆشەویستی دوو سەردەم نیشان دەدات”. دەرھێنەرەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ھەردوو ئەکتەر شوان عەتوف و بەیان عوسمان رۆڵی سەرەکی فیلمەکە دەبینن، جگە لەوەش ھەر یەک لە “نەرمین کاوانی، دڵشاد کوێستانی، زاھیر عەلی رۆڵی بەرچاویان ھەیە”. کە لەکوردستان و فەرەنسا وێنەی بۆ گیراوە، لەلایەن دوو وێنەگری ھیندی و فەرەنسی، بابۆ و دیڤت، ھەروەھا فکری بەرۆژی مونتاژی دەکات.
حەسەن عەلی ئاماژەی بەوەشدا، مانگی نۆ لەفیستیڤاڵێکی فیلمی کوردی لەشاری دھۆک فیلمەکەی نیشان دەدرێت، ھەروەھا بەشداری لەفیستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەکات، گوتیشی “بەڵام پێمخۆشە لەکوردستان نمایشێکی تایبەت بۆ فیلمەکەم بکەم”.