حەمەسوار عەزیز : سەرەتا حەزدەکەم بەوە دەسپێبکەم کە من نەئێستاو نە پێشتریش ئەندامى یەکێتى هونەرمەندانى کوردستان نەبووم، بەپێچەوانەوە ئەندامى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان بووم و هەرگیز بڕواشم بەوە نەبووەو نییە کە دەبێ رێکخراوەکان ئینتماى حیزبییان هەبێت، بەڵام وادیارە گەشەى مەدەنى و شارستانى کۆمەڵگەى کوردى پرۆسەیەکە تەنها لە رواڵەتدا پێشکەوتنى تیایدا بەدیهاتووە دەنا لە ناوەڕۆکدا زۆرینەى جومگەکانى کۆمەڵگەى کوردەوارى بە یاسا سەرەتاییەکانى حیزبیبوون بەڕیوە دەچن و تا ئێستاش چین و توێژە جیاجیاکانى کۆمەڵگە ناتوانن کەسایەتى سەربەخۆیان هەبێت و رێگە نەدەن حیزب وپیاوانى وەکو بوکەڵە نمایشیان پێبکەن.
ئەوەى زیاتر دەمەوێ قسەى لەسەر بکەم لەم دەرفەتە بەیاننامەى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستانە کە برادەرانى باڵى پارتى لە وەڵامى برادەرانى باڵى یەکێتى دەریانکردووە، لەبڕگەى یەکەمى بەیاننامەکە ئەو برادەرانە پرسیار دەکەن کە “بۆچى ئەو برادەرانە بەناوى یەکێتى هونەرمەندان بەیاننامە دەردەکەن ئەمەبوو پەرۆشى بۆ یەکێتى هونەرمەندان؟”
من لێرەدا نامەوێ بەناوى ئەوان وەڵامبدەمەوە چونکە ئەمە پەیوەندى بەخۆیانەوە هەیە، تەنها وەک چاودێرێک دەڵێم خۆزگە ئێوەش جورئەتى ئەوەتان دەبوو بەڕاشکاوى بەناوى سەندیکاوە بەیاننامە دەربکەن، چونکە لەو رۆژەى ئەو دوو رێکخراوە بەناو یەکیانگرتووە، هیچ رۆژێک رێکخراوێک نەبووە بەناوى رێکخراوى هونەرمەندان و هەمیشە دوو رێکخراو واتە یەکێتى و سەندیکاى هونەرمەندان ئامادەگییان هەبووە، ئیتر پێویست بە موزایەدەى یەکبوونى هونەرمەندان ناکات چونکە هەموومان دەزانین ئاوەکە لە کوێوە دەڕژێتە نێو ئاشەکە.
بایەتێکى تر کە بەیاننامەکە ئاماژەى پێدەکات مەسەلەى ئەو ئەندامانەیە کە وەک برادەرانى یەکێتى هونەرمەندان ئاماژەى پێدەکەن گوایە ئەوانە بەدەر لەیاساى رێکخراو کراون بە ئەندام و دەبێ لێژنەیەک پێداچوونەوە لە پرۆسەى وەرگرتنەکەیان بکات، بەڵام بەیاننامەکەى برادەرانى پارتى پێیوایە ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە کۆنگرە پەکى بکەوێت و نەبەسترێت، لەلایەکى تریش بەرگرى لەو ئەندامانە دەکات گوایە ئەمانە لەسنوورى ناوچە دابڕاوەکانن و برادەرانى یەکێتى دەیانەوێت دووریان بخەنەوە، من پێموایە ئەگەر هەر کەسێک مەرجەکانى ئەندامبوونى تیادا هەبێت برادەرانى یەکێتى هونەرمەندان ناتوانن دووریان بخەنەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەگەر ئەو برادەرانە بەنایاسایی کراون بە ئەندام ئێوە بۆ ئەوەندە سوورن لەسەر ئەوەى کە نابێ پێداچوونەوە بە ناوەکانیان بکرێت، تەنها لەبەرئەوەى خەڵکى ناوچە دابڕاوەکانن، ئەمەیان بەهانەیەکە ناچێتە قوتووى هیچ عەتارێکەوە، ئەگەر ئێوە ئەوەندە لەخەمى ناوچە دابڕاوەکانن لەو پێنچ ساڵەى تەمەنتتان چەند چالاکى هونەرى گەوەرو دیارتتان لە ناوچەکانى شەنگاڵ و دووزو حەویجەو خورماتوو بەدرەو جەسسان پێشکەشکردووە، هاوکارى چەند تیپ و دامەزراوەى هونەرى ئەو ناوچانەتان کردووە؟ یان کێشەکە تەنها بەئەندامکردنى زۆرینەیە بۆ گەمەى هەڵبژاردن و بردنەوەى ئەو هەڵبژاردنەى کە پێتانوایە دەرچوونتان تیاییدا مسۆگەرە لەبەر ئەوەى چاکدەزانن کە ئێوە دەتوانن لەرێگەى ناوچەکانەوە گوشار بخەنە سەر هونەرمەندان و ناچارییان بکەن دەنگ بە بازنەکەى ئێوە بدەن ئەگەرنا ژیانى هونەرى و وەزیفییان دەکەوێتە پەراوێزەوە، هەمووشمان دەزانین ئەم ناوچانە چ دەسەڵاتێکى فراوانیان هەیە لەناو ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکان و فەرمانگەکانى خوارەوە.
لەکۆتایی بەیاننامەکە دەڵێت لێگەڕێن با هونەرمەندان کۆنگرەى ئازادانەى خۆیان ساز بکەن، من نازانم چەمکى ئازادى چ تێگەیشتنێکى لاى ئەو برادەرانە هەیە چونکە هەموومان بینیمان لە رێکخراوەکانى نووسەران و رۆژنامەنووسان و زۆریکى تردا چۆن ئەو کۆنگرەیە ئازادەیان بەست، ئەگەر باسیش لەسەر هەڵبژاردن بێت، ئەوە ئاساییە ئێوە هەموو هەڵبژاردنێک ببەنەوە چونکە ئەو برادەرانەى پشتتان لەو گەمەیە زۆر شارەزان.
لە کۆتاییشدا بەیاننامەکە بەناوى ئەنجومەنى باڵاى رێکخراوى هونەرمەندانەوە بڵاوکراوەتەوە کەچى خۆیان لە دووەم پەرەگراف دەڵێن ئەو ئەنجومەنە دوو ساڵە شەرعییەتى نەماوە، جا نازانم بەیاننامەکەى ئەوان شەرعیەتى لەچى وەرگرتووە؟!!
حهمه سوار عهزیز