بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی ١٧مین خولی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان، گوتی: بە یارمەتی نێچیروان بارزانی لە ھەرێمی کوردستان یەکێک لە گەورەترین پێگەکانی کەلتووری و سینەمایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێت و تەنیا کەسێکە کە یارمەتی سینەمای کوردی دەدات.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناودار و بە ئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی، دوای بەشداری لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆرێنتۆ” و بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییەنی ئیسپانی، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی لە رۆژانی ٦، ٧ و ١٢ی تەشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لەگەڵ ٧ فیلمی سینەمایی دیکە لە بەشی “گاڵا”ی ١٧مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان لە کووریای باشوور نمایشکرا.
پێش نمایشکردنی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان، پێشوازییەکی تایبەت لە قوبادی کرا و مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە بۆ سینەمای کوردی و ھەروەھا بەھمەن قوبادی ڕاخرا و ئەم سینەماکاری کوردە لەبەرچاوی کامێراکانی جیھان، بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێپەڕی.
دوای نمایشکردنی “وەرزی کەرکەدەن”، قوبادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە تایبەت بوو بە سینەمای کوردی وڵامی پرسیاری نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندنی جیھانی دایەوە و لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رەوشی ئێستای سینەمای کوردی گوتی: بە یارمەتی کەسایەیەتی ناوداری کورد نێچیروان بارزانی ھێواش ھێواش لە ھەرێمی کوردستان یەکێک لە گەورەترین پێگەکانی کەلتووری و سینەمایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێت و ئێستاکە سەرقاڵی دەستپێکی کارەکانی دروستکردنی بینای یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردین.
گوتیشی: نێچیروان بارزانی کەسایەتییە کە فەرھەنگ و ھونەری خۆش دەوێت و لەسەر فەرھەنگ و ھونەری کوردی ھەنگاو ھەڵدەگرێت و ئەو تایبەتمەندییە لە وڵاتانی دەورووبەری ھەرێمی کوردستان، لەوانە: عێراق، ئێران، ئەفغانستان و تەنانەت وڵاتانی عەڕەبیش بەم شێوەیە بەرچاوناکەوێت.
سینەماکاری بەئەزموونی کورد سەبارەت بە دوایین کارەکانی خۆی گوتی: ئێستا پێگە و نووسینگەیەکی تایبەتم لە شاری ھەولێری پێتەختی ھەرێمی کوردستان ھەیە و دەمەوێت زۆربەی کارەکانم لەوێ جێبەجێی بکەم. ئێستا ھەولێر ناوەندێکی ھونەرییە بۆ کوردەکان کە خەریکە سینەمای کوردی بەرەوپێشەوە دەبات و تەنیا کەسێک کە خەریکە یارمەتی ئەم سینەمایە دەدات نێچیروان بارزانییە و بەس. ئەم کەسایەتییە، بە تایبەت تاقانە فیلمسازەکانیش دەبێنێت و لە نزیکەوە بەدواداچوونی رەوتی سینەمای کوردی دەکات.
گوتیشی: من زۆر ھیوام ھەیە کە بە زووترین کات چاوتان بە فیلمەکانی زۆر باشتر لە لایەن سینەمای
کوردییەوە بکەوێت و ئەمڕۆکە زیاتر لە ١٠٠٠ دەرھێنەر لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بوونیان ھەیە.
قوبادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارین کە بتوانین فیلمەکانی کۆریا و ژاپۆنیش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی ھەولێر نمایشبکەین و ھەروەھا بەتەماین فیلمەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیاش لەوێ پێشکەش بکەین.
راشیگەیاند: کورد خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەندە و پێویستە بەرەوپێشەوە بچێت و دەبوو لەوە پێشتر فیستیڤاڵمان ھەبایە، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی سەخت و نالەباری ڕابردوودا ھیچ کاتێک ئەو دەرفەتەمان پێنەدرا. لەوبڕوایەدام لە داھاتوودا سینەمایەکی بەھێزمان دەبێت و شاھیدی سینەمایەکی دەوڵەمەند لە کوردەکان دەبن.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا قوبادی بڕیاریدا کە بە زووترین کات کە لە کۆریای باشوور و ژاپۆن فیلم سازبکات و لە کاتێکدا ئەم قسەیەی کرد کە بەرھەمھێنەرێکی ژاپۆنی و کۆریای باشوور بانگھێشتی ئەوی کردووە کە لەم وڵاتانە فیلم سازبکات.
١٧مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان بە نمایشی ٣٠٤ فیلم لە سینەماکارانی ٧٥ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “رەوتی نوێ”، “دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا”، “دیاری فیستیڤاڵ”، بەشی “فلەش فۆروارد”، “سینەمای ئەمڕۆی کۆریا” و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ٤ تا ١٣ی تەشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبری ٢٠١٢ لە شاری پووسان لە کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.biff.kr/ENG/html/program/prog_view.asp?idx=٧١٣٤&c_idx=٣٨&sp_idx=&QueryStep=٢