سینەماکاری کورد “بەھمەن قوبادی” فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” نوێترین بەرھەمی خۆی پێشکەش بە مامۆستای کورد “فەرزاد کەمانگەر” و قوتابی کورد “سانع ژاڵە” کرد.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” دوایین بەرھەمی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەھمەن قوبادی”یە کە ئامادەی نمایشکردنە و چیرۆکی شاعیرێکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە لە رێگای شیعرەکانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت.
ئەم فیلمە گێڕانەوەیەکی شاعیرانەیە کە درێژەپێدەری رێگای فیلمسازی دەرھێنەری فیلمی سینەمایی “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”ە کە دوای فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەکان”، یەکەمین فیلمی سینەمایی خۆی لە دەرەوەی ئێران و بە کەڵک وەگرتن لە ئەستێرەکانی ناوداری سینەمای ئێران، ئەورووپا و تورکیا بە ناوەرۆکێکی شاعیرانە سازکردووە.
لە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن”دا “بێھرووز وسووقی” ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران دوای ٣٥ ساڵ دووری لە دنیای سینەما رۆڵی ئەو شاعیرە کوردە دەبینێت و ھەروەھا ئەکتەری بەتوانای ئیتاڵی “مۆنیکا بێلوچی” کە لە فیلم گەلی وەکوو: “مالێنا” و “نەگۆڕاو”دا رۆڵی بینیوە و ھەروەھا “بێران سات”، ئەکتەری بەناوبانگی تورکی “یەڵماز ئوردووگان”، “بئێلجیم بێلگین” دوو ئەکتەری ناوداری تورکی و “ئاڕش لەباف” گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی لە شەشەمین بەرھەمی سینەمایی بەھمەن قوبادیدا ھونەری خۆیان دەنوێنن.
بەھمەن قوبادی ھاوکات لەگەڵ لە دایکبوونی سانع ژاڵە و بەم قوتابییە کوردەی شانۆی زانکۆی تاران کە لە رووداوەکانی ٢٥ی بەفرانباری ١٣٨٩ تاران رێکەوتی ١٣ی فێبرییەی ٢٠١٠ کوژرا و ھەروەھا بە فەرزاد کەمانگەر مامۆستای کورد کە لە لایەن حکوومەتەوە لە سێدارەدرا، پێشکەش کردووە.
نمایشی گشتیی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە سینەماکانی ئەورووپا و لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیکە دەست پێدەکات.
“وایلدبانچ” wildbunch لە کۆمپانییە بەرچاوەکانی بڵاوکەرەوەی فیلم لە ئاستی ئەورووپا، مافی بلاوکردنەوەی جیھانی ئەم فیلمەی لە ئەستۆیە و کۆمپانیای “بی.کی.ام” BKM ئەم فیلمە لە سینەماکانی تورکیا نمایشدەکات.
قوبادی ئێستاکە لە ئەمەریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی قۆناغە کۆتاییەکانی فیلمێکی دیکەیە بە ناونیشانی “چاو لە سەرێی کە”. ئەم فیلمە یەکێکە لەو ١٠ کۆمەڵە فیلمە بە ناوی “خودا و مەزھەب” کە ١٠ دەرھێنەر بە ١٠ مەزھەبی جیاواز، لەم کۆمەڵەیەدا فیلمسازیان کردووە.
لە کۆمەڵە فیلمی “خودا و مەزھەب”دا چەندین دەرھێنەری ناوداری سینەمای جیھان، لەوانە: ئەمیر کۆستاریکا، میرا نایێر، گیلێرمۆ ئارییەگا و چەندین دەرھێنەری دیکە بەشدارن کە بەشی تایبەت بە دینی ئیسلام لەم ١٠ کۆمەڵە فیلمەدا، لە لایەن بەھمەن قوبادی ئامادەکراوە.